سەرەڕای چەندین دۆسیەی ئاڵۆز ئەمەریكا و توركیا لەسەر سووریا رێكدەكەون شیکاری

نوچە نێت

وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها

ئەنتۆنی بلیكین، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، رێككەوتنێكی فراوان لەنێوان ئەمەریكا و توركیا لەسەر رووداوەكان لە سووریا هەیە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا راگەیاند، حكومەتی كاتی لە سووریا دەبێت حكومەتێكی گشتگیر بێت، تائیفی نەبێت، پارێزگاری لە مافی كەمینەكان و مافی ئافرەتان بكات، نابێت بەهیچ جۆرێك هەڕەشە بێت بۆ سەر دراوسێكانی.

سەرەڕای ئەو قسانەی بلینكن لەسەر رێككەوتنی فراوان، بەڵام چاودێرانی سیاسی ئاماژ بە چەندین دۆسیە دەكەن كە بەربەستن لەبەردەم پەلەكردن لە چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و دووبارە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە.

رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە سووریا دەڵێت، چەند بەربەستێك هەیە رووبەڕووی هەوڵەكانی ئەمەریكا ــ توركیا هەماهەنگی دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی مەترسی توركیا لە باڵادەستبوونی كوردە بەسەر ناوچەكانی سووریا و باڵادەستی هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەلە.

فۆرد دەڵێت، ئەو دیدەی توركیا لەگەڵ دیدی ئەمەریكا كە هێزەكانی سووریای دیموكرات بە بەشێكی گرنگ دەزانێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش ناكۆكە، چونكە ئەمەریكا ئێستا هیچ میكانزمێكی بۆ گۆڕینی بەو هێزە كوردیانە نییە.

یەكێكی دیكە لەوانەی دۆخی سووریای ئاڵۆزكردووە، ئەوەیە ئەمەریكا چۆن مامەڵە لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام دەكات كە لە لیستی تیرۆردایە و دەسەڵاتی سووریا لەژێر دەستی ئەو دایە.

باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە سەرەڕای نزیكی دیدی واشنتن و ئەنقەرە، بەڵام بازنەكانی سیاسەت لە ئەمەریكا هەڵوێستیان لەسەر هەیئەی تەحریر یەكلانەكردۆتەوە، بە دووریشی دەزانێت لە لیستی تیرۆر دەربێت.

فۆرد پێیوایە نزیكبوونەوەی دیدگاكان بۆ ئەمەریكا و توركیا گرنگە، چونكە هەردوو وڵات دەیانەوێت سووریا وڵاتێكی سەقامگیر بێت، نەبێتە مینبەرێك بۆ چالاكییە تیرۆرستییەكان و ئەزموونی داعش نوێ نەبێتەوە.

هیشام گۆنای، لێكۆڵەری سیاسی تورك دەڵێت، كرانەوەیەكی ناوخۆیی توركیا بەسەر دۆزی كورد لە میانەی دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەنقەرە بەرانبەر هەسەدە هەیە.

هیشام بەدووری نازانێت ئەنقەرە لەدوای كەوتنی بەشار ئەسەد مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات بكات، چونكە ئەوە سیاسەتی پراگماتییە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا دیاری دەكات، هەروەك ئەگەربزانێت بەرژەوەندی لەوەدایە هەماهەنگی لەگەڵ كورد بكات، ئەوكات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا ئەو هەماهەنگییە دەكات.

گۆنای جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، خواستێكی توركی هەیە بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بكاتەوە، كە لەسەردەمی جۆ بایدن پەیوەندییەكان لە دۆخێكی باش نەبوون، بەڵام پەیوەندییەكانی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر دۆسیەی سووریا دەبێت.

ئەو لێكۆڵەرە سیاسییە توركە دەڵێت، "سەرەڕای مەترسیە هاوبەشەكان، بەڵام بەرژەوەندییە هاوبەشەكان زۆر لە خاڵە ناكۆكەكان زیاترن، كە لەسەردەمی ترەمپ لە كەرتەكانی وزە و بازرگانی و ئاسایش و سەقامگیری ئیسرائیل لە رێگەی رێگری لە هەر جەنگێكی نوێ تیشكی دەخرێتە سەر."

بلینكن ئاماژە بەوە كرد كە لە دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە گفتوگۆیان لەسەر پێویستی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرەنتی كۆتاییهێنان بەو رێكخراوە و نەهێشتنی هەڕەشەكان كردووە، هەروەك بە پێویستی زانیووە كە حكومەتی نوێی سووریا مامەڵە لەگەڵ هەر چەكێكی كیمیاوی بكات بۆ لەناوبردنی بە شێوەیەكی گونجاو و رەتكردنەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ گرووپە توندڕەوەكان.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، بلینكن جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، كە پێویستە هەموو لایەنە كاراكان لە سووریا رێز لە مافەكانی مرۆڤ و یاسایی نێودەوڵەتی بواری مرۆیی بگرن و هەموو رێكارێكی پێویست بۆ پارێزگاری لە هاووڵاتیان و كەمایەتییە نەتەوەییەكان بگرنەبەر.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەبەردەم رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا جەختی لەسەر ئەوە كردەە، پێویستە گرنگتی ئەو هاوپەیمانییە بكرێت كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش درووستكراوە كە تا ئێستا بەردەوامە لە ئەركەكانی.

ئەنتۆنی بلینكن لەبەردەم رۆژنامەنووسان لە ئوردن گوتی، سەبارەت بە پارتی كرێكاران بەرژەوەندییەكانی ئەنقەرە راست و روونە.

سەبارەت بە رۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكراتیش (هەسەدە) بە سەركردایەتی كورد وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، (هەسەدە) هێزی زیندووە، رێگرە لە گەڕانەوەی داعش بۆ سووریا لەدوای نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، لە هەمان كاتیشدا دەمانەوێت گواستنەوە بۆ حكومەتی كاتی بە رێگەیەكی باشتر بێت بۆ سووریا، پێویستە لەسەرمان گرەنتی ئەوە بدەین كە جارێكی دیكە رێگەی دەركەوتنەوەی داعش نەدرێت، هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ جەختكردنەوە لەسەر دووبارەنەبوونەوەی داعش پێویستییە.

سەرچاوە: حوڕە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین