سه‌رۆك وه‌زیرانى سوید: به‌ دوورى نازانم داواى ئه‌ندامێتى ناتۆ بكه‌ین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماگدالینا ئه‌ندرسۆن سه‌رۆك وه‌زیرانى سوید به‌ دوورى نازانێ وڵاته‌كه‌ى داواى ئه‌ندامێتى له‌ هاوپه‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى "ناتۆ" بكات. چاودێرانى سیاسیش ده‌ڵێن ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكى نوێیه‌ وا ده‌كات سوید بێلایه‌ن نه‌مێنێته‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوز ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 31ى ئادارى 2022 راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ ناونیشانى “دواى 200 ساڵ سوید ده‌ستبه‌ردارى سیاسه‌تى بێلایه‌نى ده‌بێت”. له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ لێدوانێكى ماگدالینا ئه‌ندرسۆن سه‌رۆك وه‌زیرانى سوید كراوه‌، كه‌ به‌ دوورى نه‌زانیوه‌ وڵاته‌كه‌ى داواى ئه‌ندامێتى له‌ هاوپه‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى بكات.

هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌ندرسۆن باس له‌ بڕیارى كۆتایى ناكات و به‌ڵكو  ده‌ڵێ، "ئه‌م داوایه‌ پێوستى به‌ شیكردنه‌وه‌یه‌كى قووڵ هه‌یه‌". به‌ڵام سكاى نیوز باس له‌وه‌ ده‌كات شاره‌زایان له‌ كاروبارى سوید پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ لێدوانێكه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تى دوو سه‌ده‌ى رابردووى سوید یه‌كناگرێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ پێشتر گوتوویه‌تى، “ئه‌ندامێتى سوید له‌ ناتۆ هه‌ڕه‌شه‌یە بۆ سه‌ر ئاسایشى باكوورى ئه‌وروپا”. 

له‌ راپۆرته‌كه‌ى سكاى نیوز باس له‌وه‌یش كراوه‌، جگه‌له‌ سه‌رۆك وه‌زیران پارتێكى ئۆپۆزسیۆنیش داواى ئه‌ندامێتى له‌ ناتۆ ده‌كات و ته‌نانه‌ت به‌گوێره‌ى راپرسییه‌ك كه‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ كردووه‌، نزیكه‌ى 50% له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان سوید ببێته‌ ئه‌ندامى ناتۆ و له‌ به‌رانبه‌رشدا 25-30% دژى بیرۆكه‌كه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین