کچێکی ئێزدی منداڵە داعشەکەی جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە هەواڵ

نوچە-روداو

کچە کوردێکی ئێزدی دوای حەوت ساڵ لە رفاندنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، گەڕایەوە نێو کەسوکارەکەی لە هەرێمی کوردستان. ئەو کچە ناوی عاسیمە جاسمە، رووبەڕووی بڕیارێکی زۆر قورس بووەوە، کاتێک دەبوو بڕیار لەسەر جێهێشتنی منداڵە سێ ساڵانەکەی بدات کە باوکی چەکدارێکی داعش بووە.

عاسیمە جاسم کە ئێستا رزگاربووی دەستی داعشە لەبارەی بڕیارەکەی دەڵێت، "بە راشکاوی بڵێم، نەمدەویست واز لە کوڕەکەم بهێنم، بە خۆمم دەگوت دەچمە سەر ئایینەکەیان و نامەوێت جێی بهێڵم، ئیدی بەو جۆرە بوو".

دواجار بڕیاری گەڕانەوەی دا، بەڵام هێشتا دڵی لای کوڕەکەیەتی، دەڵێت، "پاشان، راستی بڵێم، دەمویست بگەڕێمەوە لای خێزانەکەم، گوتم ئەم کوڕەم سودی بۆ من نابێت، مەبەستم ئەوەیە خێزانەکەم گرنگترە، قورس بوو؛ ئەو کوڕی منە، نزا دەکەم خودا بە شتی باشتر قەرەبووی بکاتەوە".

عاسیمە ئێستا تەمەنی ١٩ ساڵانە، ئەوکاتەی لە شنگال رفێندرا تەمەنی تەنیا ١٢ ساڵان بوو. بە گوتەی خۆی، سێ جار بەزۆر دراوە بە سێ چەکداری داعش.

یەکەم هاوژینی ئەو لە یەکەم ساڵی رفاندنیدا بووە، دوایین هاوسەرگیریشی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە کە منداڵەکەی لێبووە، ئەویش چەکدارێکی داعشی سووری بووە.

عاسیمە لە ساڵی٢٠١٩ برایە کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان؛ دەیتوانی منداڵەکەشی بهێنێت، بەڵام خێزانەکەی قبووڵیان نەکرد. بۆیە بە ناچاری کوڕەکەی خۆی بەجێهێشت. 

ئێستاش لەگەڵ خوشکەکەی لە کامپی قادیە لە پارێزگای دهۆک دەژی. منداڵەکەی عاسیمە رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کراوە و براوەتە خانەیەکی بێنەوایان.

جگە لە عاسیمە، باوەڕ وایە سەدان کوردی دیکەی ئێزدی لە کامپی هۆل مابن. حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوەکان دەڵێت، بەپێی ئامارەکانی ئەوان ٤٠٠تاوەکو ٥٠٠ کوردی ئێزدی لە کامپی هۆلدا هەن.

لە ئابی ٢٠١٤ و دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، هەزاران کچ و ژنی کوردی ئێزدی رفێندران و سەدان پیاویش کوژران؛ تاوەکو ئێستا ٣٥٤٥ کوردی ئێزدی رفێندراو رزگراکراون، بەڵام هێشتاش ٢,768 کەسی دیکە بێسەروشوێنن.

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوایین پەیامیدا دەڵێت، "خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ وەك ئەركی خۆمان بە هەموو شێوەیەك بەردەوام دەبین بۆ رزگاركردن و ئاشكرابوونى چاره‌نووسى ئەو (٢,768) ئێزدیەی تاوەکو ئێستاش ونن".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین