سەفین دزەیی: نێچیرڤان بارزانی توانی بەشێوەیەکی دپلۆماسییانە کێشەکە چارەسەربکات دیمانە

نوچەنێت

سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، باسی کۆمەڵێک یادەوەری خۆی لە بارەی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز و کۆمەڵێک یادیتر بۆ ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە.

 له‌باره‌ی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز، سەفین دزەیی یادکردنەوەی نەورۆز لەساڵی 2000دەگێڕێتەوە ئەوکاتەی ئەو نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە تورکیا و دەڵێت: له‌ ساڵی 1992 تا 2003 به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی پارتی بووم له ‌تورکیا، ئه‌وکات بارودۆخی سیاسی تورکیا جیاواز بوو، له ‌نه‌وه‌ده‌کان به‌تایبه‌ت له‌ شاره‌ کوردییه‌کان وه‌ک سلۆپی، جه‌زیره‌، دیاربه‌کر و... هتد به‌گشتی هه‌وڵ ده‌درا یادی نه‌ورۆز بکرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی ئه‌و کاته‌ی تورکیاوه‌ گرژی له‌سه‌ر یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ دروست ده‌بوو و هه‌ندێک جار کار ده‌گه‌یشته‌ پێکدادان، له‌ ساڵی 2000 که ‌له ‌ئه‌نقه‌ره‌بووم ته‌ماشای بارودۆخه‌که‌مان کرد که‌ ده‌مانبینی هه‌موو باڵیۆزخانەکان و نێرده‌ دیپلۆماسییه‌کانی جیهان له ‌تورکیا یادی ڕۆژی نیشتمانییان ده‌کرده‌وه‌، ئێمه‌ش بانگهێشت ده‌کراین، بیرۆکه‌مان بۆ دروست بوو که‌ وه‌ک وڵاتانی جیهان ئێمه‌ش ڕۆژی نه‌ته‌وه‌ییی خۆمان بکه‌ینه‌وه‌، ئه‌ویش نه‌ورۆز بوو، بۆیه‌ بیرۆکه‌کانمان گه‌ڵاڵه‌ کرد و ده‌ستمان کرد به‌ ئاماده‌کاری بۆ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ یه‌کێک له‌ هۆتێله‌ گه‌وره‌کانی ئه‌نقه‌ره‌، ئه‌وه‌ بوو بانگهێشتی دیپلۆماتکار و سه‌فیر و ڕۆژنامه‌نووس و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانمان کرد، به‌شێکیان بیانی و به‌شێکیان کورد و تورک و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ش بانگهێشتنامه‌مان بۆ ناردن".

سه‌فین دزه‌یی، لە درێژەی بابەتەکەدا باس لەوە دەکات، کە نزیکه‌ی 400 که‌س ئاماده‌بوون له‌و یاده‌دا و چه‌ند وه‌زیرێکی حکوومه‌تی هه‌رێمیش به‌شدار بوون، له‌وانه‌ شه‌فیق قه‌زاز و حسێن سنجاری و نه‌سرین به‌رواری و نازه‌نین وسوو و فه‌لاح مسته‌فا، ئاهه‌نگێکی خنجیله ‌بوو، هه‌موومان به‌ جلی کوردی و مۆسیقای کوردی و ده‌سته‌نێرگزێک که‌ ده‌ربڕی ئه‌و ڕۆژه‌ بوو توانرا یاده‌که‌ بکرێته‌وه‌، ڕۆژی دواتر نه‌ژادپه‌رستانی تورکیا ئه‌مه‌یان قۆسته‌وه‌ و فشارێکی زۆریان خسته‌ سه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا و وه‌زیری ناوخۆ که‌ چۆن ڕێگایان داوه‌ کورد له‌ پایته‌ختی تورکیا به‌و شێوه‌ فه‌رمییه‌ ئه‌و یاده‌ بکرێته‌وه‌ و هه‌موو سه‌فاره‌ته‌کان بانگ بکه‌ن و وایان لێک دایه‌وه‌ ڕه‌فتاری نوێنه‌رایه‌تیی پارتی وه‌ک ده‌وڵه‌تێک بووه‌، هه‌ربۆیه‌ داوایان کرد نوێنه‌رایه‌تیی پارتی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ دابخرێت و نوێنه‌ره‌که‌ش له‌ تورکیا ده‌ربکرێت، ئیتر بۆ ماوه‌ی 4 ڕۆژ ئه‌و یاده‌مان بووه‌ مانشێتی ڕۆژنامه‌کان، گرژییه‌کی زۆر دروست بوو.

سەفین دزەیی، ئاماژە بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی دەکات کە توانیویەتی بەشێوەیەکی دپلۆماسیانە کێشەکە چارسەربکات و دەڵێت: دوای سه‌ردانی به‌رێز کاک نێچیرڤان بارزانی وه‌ک شاندی پارتی به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌چوون له ‌ئه‌نقه‌ره‌ چه‌ند دیدارێکی فه‌رمییان هه‌بوو، له‌وێ به‌ ڕاشکاوانه‌ به‌ کاربه‌ده‌ستانی تورکیایان گوت،  ئه‌گه‌ر نوێنه‌رایه‌تی پارتی دابخرێت، زیان له‌ په‌یوه‌ندیی هەردوولایه‌ن ده‌دات، بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی دیپلۆماسی ئه‌و گرژییه‌ چاره‌سه‌ر کرا و نوێنه‌رایه‌تیی پارتی به‌رده‌وام بوو له ‌کاره‌کانی خۆی. ده‌رئه‌نجام ئه‌و هه‌وڵه‌ش سه‌ری نه‌گرت و ئێمه‌ به‌رده‌وام بووین له‌سه‌ر کاره‌کانی خۆمان، ساڵی دواتر ئیتر به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی له‌ تورکیا یاده‌که‌ کرایه‌وه‌ و ئه‌و ترس و ته‌وقه‌ش شکێنرا و هیوادارین بۆ ئه‌مساڵیش ئه‌م یاده‌ به‌ مه‌به‌ستی برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیان دوورله‌ توندوتیژی بکرێته‌وه‌

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین