پەرلەمانى کوردستان: پێویستە پەرلەمانى عێراق یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌جینۆسایدناساندنی گه‌لی كوردستان ده‌ر بكات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان لە یادى (34)مین ساڵیادى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەدا دەڵێت، "داوا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش ده‌كه‌ین یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌جینۆسایدناساندنی گه‌لی كوردستان ده‌ر بكات."

ئەمڕۆ چوارشەممە (16/ئادار/2022) سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەى کیمیابارانکردنى هەڵەبجە ڕایگەیاند، "جارێكی دیکە ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه ڕیسوا و مه‌حكوم ده‌كه‌ین، داواش له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه مرۆییه جیهانییه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌م تاوانه دژ به مرۆڤایه‌تییه به‌جینۆساید بناسێنن."

دەقى پەیامى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان:

له ساڵیادی كیمیابارانكردنی شاری شیرینی هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی زوڵملێکراوی ئه‌و مه‌رگه‌ساته و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریی كوردستان داده‌نه‌وێنین.

ئه‌مڕۆ 2022/3/16، 34 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر كیمیابارانكردن و كۆمه‌ڵكوژیی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی زامداردا كه هه‌میشه له یادگه و ڕۆژژمێری گه‌له‌كه‌ماندا برینێكه و  ساڕێژ نابێت و له ویژدانی هه‌موو كوردێكدا ئازارێكی قووڵ و بێكۆتایه و تاوانێكه كه به‌ته‌نها به‌رامبه‌ر ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان نه‌كراوه‌، به‌ڵكو تاوانێكه به‌رامبه‌ر ‌به مرۆڤایه‌تی، هاوشێوه‌ی هیرۆشیما و ناكازاكی و هۆلۆكۆست.

بۆیه له‌م یاده خه‌مناكه‌دا جارێكی دیکە ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه ڕیسوا و مه‌حكوم ده‌كه‌ین، داواش له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه مرۆییه جیهانییه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌م تاوانه دژ به مرۆڤایه‌تییه به‌جینۆساید بناسێنن، بۆئه‌وه‌ی له هیچ كونجێكی ئه‌م جیهانه‌دا جارێكی تر تاوانی له‌م شێوه‌یه دووباره نه‌بێته‌وه و گەلی کوردستانیش لە هەر هەڕەشەیەکی لەو جۆرە بپارێزن.

پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی خۆیدا بە یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2015، یاسای ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له هه‌رێمی كوردستان-عێراق و بڕیاری ژمارە 23ی ساڵی 2014ی تایبەت بەناساندنی هەڵەبجە وەک پایتەختی ئاشتی لە هەرێمی کوردستان په‌سه‌ند كرد و لەبەر ڕۆشنایی ئەو یاسا و بڕیارە ئه‌مڕۆ هه‌ڵه‌بجه بووە بەپارێزگا و خاوه‌نی ناسنامه‌ی پایته‌ختی ئاشتییه.

له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵیش پێویسته كار به ماده‌ی 132 له ده‌ستووری عێڕاق و بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كان بكات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وهی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه‌، داوا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش ده‌كه‌ین یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌جینۆسایدناساندنی گه‌لی كوردستان ده‌ر بكات و تێیدا مافی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانییان بچه‌سپێنرێت، له‌پێناو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانیان و ئه‌و زه‌بره ده‌روونییه‌ی كه به‌ریان كه‌وتووه‌.

نه‌مری بۆ شه‌هیدانی مه‌رگه‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كورد و كوردستان.

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان

2022/3/16

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین