رووسیا: چەندین فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیامان تێكشكاندووە شیکاری

نوچەنێت:

لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی رووسیا، ئۆكراینا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە فڕۆكەی بەیرەكداری توركی بەكار هێنا، نوێنەری وەزارەتی بەرگری رووسیاش رادەگەینێت، "تا ئێستا (123) فڕۆكەمان تێكشكاندووە، ژمارەیەكیان فڕۆكەی توركین."

ئەمڕۆ دووشەممە (14/ی ئاداری 2022) ماڵپەڕی (ئاڕتی) بڵاویكردەوە، ئیگۆر كۆناشینكۆف نوێنەری فەرمی وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، "دوێنێ سوپای رووسیا پێنج فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان تێكشكاند، دوو لەو فڕۆكانە بەیرەكدار بوو، لەسەرەتای هێرشەكانەوە تا ئێستا (123) فڕۆكە تێكشێندراوە، كە ژمارەیەكیان فڕۆكەی توركین."

دەربارەی ژمارەی فڕۆكەی بەیرەكداریش رایگەیاند، "ئۆكراینا نزیكەی (50) فڕۆكەی جۆری بەیرەكداری هەبوو، هەروەها چەندین جۆری تری فڕۆكەشی بێفڕۆكەوانی هەیە، بەڵام بە گشتى بەیرەكدار چەكێكی پێشكەوتووە، ئەنجامی شەڕە تازەكان یەكلا دەكاتەوە، لە هێرشەكانی زۆر كاریگەری زۆری لەسەر ئەنجامی ئەو شەڕە هەبووە."

لە لایەكی ترەوە سێرگی دینیسینتسیف، شارەزا لە ناوەندی شیكاری ستراتیژی و تەكنەلۆژی رایگەیاند، "بەگشتی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان زۆر باش كار ناكەن، بەڵام ئەگەر هێزی بەرانبەر سیستەمی بەرگری زۆر باش نەبێت، دەتوانێت كاریگەری دروست بكات."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئاشكرایكرد، "لە قۆناغی كۆتایی شەڕی كەرەباغ سیستەمی بەرگری رووسی چەندین فڕۆكەی بەیرەكداری تێكشكاند، لە شەڕی ئۆكرایناش مادام سیستەمی بەرگری رووسیا كۆنتڕۆڵی ئاسمانی كردووە، توانای بەكارهێنانی فڕۆكەی بەیرەكدار سنووردار دەبێت."

دەربارەی كاریگەری ئەو فڕۆكانەش ئەو شارەزا رووسییە روونیكردەوە، "زیادكردنی ئەو فڕۆكانە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئەو دۆخە نابێت، چونكە كێشە لە چەندێتی ئەو فڕۆكانە دا نییە، بەڵكو كێشە لە چۆنیەتی پارێزگاریكردنە لەو فڕۆكانە، هەروەها فڕۆكەی بەیرەكدار خۆی راستەوخۆ ناتوانێت بەشداری شەڕ بكات، بەڵكو پێویستی بە مووشەكی جۆ جۆیە، لەكاتی فڕینیشی  ناتوانێت رووبەڕووی هێرشی فڕۆكەی سەرووی خۆی ببێتەوە، چونكە ئەو جۆرە فڕۆكە ئاڕاستەی مووشەكەكانی روو لە زەوییە."

سەبارەت بە كۆتایی پێهێنانیان لەسەر خاكی ئۆكراینا سێرگی گوتی، "كۆتاییهێنان بە فڕۆكەی بەیرەكدار لەسەر خاكی ئۆكراینا كارێكی ئاسان نییە، چونكە ئەو وڵاتە رووبەرێكی فراوانی هەیە، چەندین فڕۆكەخانەی تێدایە، ئەو جۆرە فڕۆكەش پشت بە فڕۆكەخانەی سادە دەبەستێت، بەمەش شاردنەوەی زۆر ئاسانە، بۆیە ناتواندرێت بەیرەكدار هەمووی كۆتایی پێبهێندرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین