کاردانەوەکانى مووشەکباران کردنى هەولێر کوردستانی

نوچەنێت:

بۆردوومان کردنى هەولێر بە مووشەکى بالیستى، کاردانەوەى گەورەى بە دواى خۆیدا هێنا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە پێشهاتێکى مەترسیدار ناودەبات و سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هەولێر خۆی بۆ ترسنۆکان ناچەمێنێت."

بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە (13/ئادار/2022) بەپێى ڕاگەیێندراوى وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، "کاتژمێر یەکی بەرەبەیانى،12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عیراق, لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسولخانەی ئەمەریکی لە هەولێر کران وناوچە سڤیل نشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوت."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەسەر هێرشەکەى سەر شارى هەولێر دەڵێت، "به‌ ئامانجگرتنى به‌و شێوه‌یه‌ى هه‌ولێر و دووباره‌بوونه‌وه‌ى، پێشهاتێكى ترسناك و پێشێلكردنى زه‌قى ئارامى و سه‌قامگیرى و سه‌روه‌ریى عیراقه‌‌ و جگه‌ له‌ ئاڵۆزكردنى دۆخه‌كه‌ و زیانگه‌یاندن به‌ ئێستا و داهاتووى ته‌واوى عیراق، هیچ ئه‌نجامێكى دیكه‌ى نابێت‌."

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، "هەولێر خۆی بۆ ترسنۆکان ناچەمێنێت. ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرایە سەر چەند شوێنێکی هەولێر، بە توندی شەرمەزار دەکەم و داوا لە خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری هەولێر دەکەم ئارام بگرن."

هەروەها حكوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانى هەولێر و هەرێمى کوردستان و دەشڵێت، "هیچ هەوڵێکی تیرۆریستی ناتوانێت زەفەر بە هەرێمەکەمان بەرێت و ئاسایش و ئارامی نیشتمانەکەمان تێک بدات."

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین