وەزيرانى دەرەوى ئەرمينا و توركيا كۆبوونەوە شیکاری

نوچەنێت:

لەگەڵ نزيكبوونەوەى يادى كۆمەڵكوژى ئەرمەنييەكان، ئەمڕۆ وەزيرانى دەرەوەى هەردوو وڵات لە پەراوێزى كۆڕبەندى ئەنتاڵيا كۆبوونەوە، وەزيرى دەرەوەى توركياش رايگەياند، "كۆبوونەوەكەمان گرنگ و بەرهەم دار بوو."

ئەمڕۆ شەممە (12/ئادارى 2022) ماڵپەڕى (ئەنادۆڵ) بڵاويكردەوە، مەولوود چاوشئۆغڵۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا لەگەڵ ئارارات ميرزوبان، وەزيرى دەرەوەى ئەرمينيا لە پەراوێزى كۆڕبەندى ئەنتاڵيا كۆبوونەوە، دواى كۆبوونەوەكە، چاوشئۆغلۆ رايگەياند، "دەتوانم بڵێم ئەو كۆبوونەوە زۆر گرنگ و بەرهەمدار بوو."

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئۆغلۆ ئاماژەى بەوە كرد، "ئێمە دەستمان بە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانمان كردووە، لە رابردووش چەند نامەيەك لە نێوان رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا و نيكۆڵ باشينيان، سەرۆك وەزيرانى ئەرمينا ئاڵوگۆڕكراوە، دواتريش نوێنەرى هەردوو لامان بۆ دانووستاندن دياريكرد، چەند دانوستاندنێكيان لەسەر ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوانمان كردووە."

سەبارەت بە كۆبوونەوەكەى ئەمرۆش ئۆغلۆ ئاشكراى كرد، "ئەمڕۆ گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنمان بۆ گفتوگۆكانى نوێنەرانى هەردوولامان كرد، دەمەوێت بڵێم ئێمە هەوڵدەدەين سەقامگيرى و ئاشتى لە باشوورى قەوقاز بچەسپێت، بۆ ئەوەش پاڵپشتى هەموو لايەنەكان دەكەين، ئازەربەيجانيش پێشوازى لە هەنگاوەكانى ئاسايكردنەوەى پەيوەندى ئێمە و ئەرمينيا دەكات، شەممەى رابردووش لە ئازەربيجان بوو، پاڵپشتى خۆيان بۆ ئاساييكردنەوەى نێوان هەردوولا راگەياندووە، لەگەڵ ئارارات رێككەوتين بەردەوام بين لە هەنگاونانمان بەرەو ئەو ئاڕاستە."

لاى خۆشييەوە وەزيرى دەرەوەى ئەرمينيا رايگەياند، "ئێمە هەموو هەوڵێك دەخەينەگەڕ بۆ ئەوەى پەيوەندييەكانمان لەگەڵ توركيا ئاسايى بكەينەوە، ئەوەش لە پێناو سەقامگيرى و ئاشتى ئەو ناوچەيە."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاڕاڕات گوتى، "سوپاسى بانگهێشتى وەزيرى دەرەوەى توركيا دەكەم بۆ كۆڕبەندى ئەنتاڵيا، ئەو بانگهێشتە ئاماژەيەكى ئەرێنييە، ئێمەش پێشوازييمان لێكرد، لەو كۆبوونەوەش هەردوولاش رێككەوتين بەردەوامبين لەسەر هەنگاونان بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوانمان و كردنەوەى سنوورەكانمان بەبێ مەرجى پێشوەختە."

دەربارەى هەنگاوەكانى داهاتووش وەزيرى دەرەوەى ئەرمينيا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "نوێنەرانمان لە گفتوگۆكانيان بەردەوام دەبن، ئومێدەوارم بەو نزيكانە ئەنجامى ئەرێنى دەركەوێت، خۆشحاڵيشم وڵاتانى دراوسێ هەوڵەكانيان بۆ ئاشتى و خۆشگوزەرانى لەو ناوچەيە خستۆتە گەڕ، ئەرمينياش ئامادەيە هەوڵەكانى بخاتە خزمەتى ئەو ئامانجە."

ئەرمينيا و توركيا بەهۆى كۆمەڵكوژى ئەرمەنييەكان، كە عوسمانييەكان تێيدا تۆمەتبارن ماوەى سەد ساڵە ناكۆكن، بۆچوونە پێشى دانوستاندنەكانى نێوانيان ئەو كۆبوونەوە بە كۆبوونەوەيەكى گرنگ دادەندرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین