مەسرور بارزانى: خوازیارى باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆڕبەندى پیشەسازى له‌ پێناو ره‌خساندنی بازاڕ و هه‌لی كار لە هەولێر، وتارێکى پێشکەشکرد و تێیدا ڕایگەیاند، لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان راده‌سپێرم، بۆ لابردنی لە‌مپه‌رەکان و ئاسانكردنی زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی.

ئەمڕۆ یەکشەممە (6/ئادار/2022)، کۆڕبەندى پیشەسازى له‌ پێناو ره‌خساندنی بازاڕ و هه‌لی كار لە هەولێر، بە ئامادەبوونى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان بەڕێوەچوو.

مەسرور بارزانى، لە میانى بەشداریکردنى کۆڕبەندەکە وتارێکى پێشکەشکرد و ئاماژەى بەوەکرد، حکوومەتى هەرێم گرنگى بە هەمەجۆرکردنى ئابوورى و گشت کەرتەکان داوە و تەنها پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەسترێ.

مەسرور بارزانى، لە وتارەکەیدا ڕاشیگەیاند، سەرەڕاى ئەوەى حکوومەتى هەرێم تووشى قەیرانى زۆر بووە، لە ماوەی رابردوودا پڕۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە و حکومەتیش هەر ئاسانکارییەکی پێویست بێت، پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکات بۆ ئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان. 

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لەبەشێکى ترى وتارەکەیدا، سەقامگیرى سیاسى و پەیوەندیى باشى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى عێراق بە گرنگ ناوبرد بۆ پێشخستنى سێکتەرى ئابوورى و گووتیشى، "پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتیانی عێراقدایە و پێویستە بەو چاوەوە خوشک و برایانمان لە عێراق، سەیری پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بکەن نەک بە پێچەوانەوە، هەوڵی ئاستەنگ و کێشە و گرفت دروستکردن بدەن بۆ هەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا، مسرور بارزانى دەڵێت، "دووپاتى دەکەینەوە کە خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین لەپێناو زیاتر پێشخستنی هەرێمی کوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە هەموو عێراق."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین