گێرانەوەى سيستەمى پەرلەمانى لە توركيا گرفت بۆ ئۆپۆزيسيۆن دروست دەكات وەرگێڕان

نوچەنێت:

شەش پارتە ئۆپۆزسيۆنەكەى توركيا رەشنووسى بەهێزكردنەوەى سيستەمى پەرلەمانى وڵاتەكەيان بڵاوكردەوە، رايدەگەينن، "ئەگەر لە هەڵبژاردنى مانگى حوزەيرانى داهاتوو سەركەوتوو بين، ئەم پڕۆژە دەخەینە بوارى جێبەجێكردن".

ئەو ڕەشنووسە كە لە (42) لاپەڕە پێكهاتووە، چەند خاڵێكى ديارى تێدايە، بەشێوەيەك دەسەڵاتەكانى سەرۆك كۆمار و بەهێزكردنى رۆڵى پەرلەمان ديارى دەكات، كە رۆڵى دەسەڵاتى جێبەجێكردن لاواز نەكات.

يەكێكى تر لە خاڵەكانى ئەو ڕەشنووسە، هەر پارتێك لە دەنگى لە (3%( هێنا دەگاتە پەرلەمان، كە پێشتر ئەو رێژەيە لە (10%) بوو.

خاڵێكى ترى ئەوەيە، تەنيا يەك خول دەتوانێت بێتە سەرۆكى وڵات، ماوەكەشى حەوت ساڵە، دواتر ناتوانێت دووبارە خۆى كانديد بكاتەوە، ئەو كەسەى دەبێتە سەرۆكى وڵات پێويستە پەيوەندى بە حزبەكەى نەمێنێت، لەدواى كۆتايى هاتنى ماوەى دەسەڵاتى نابێت دووبارە دەست بە كارى سياسى بكاتەوە.

پرسيارى سەرەكى ئەوەيە، ئايا دەنگدەرى توركيا لەبەر ئەو گۆڕانكاريانە لە سيستەمى وڵات لە هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو، كە زۆر گرنگە، دەنگ بە پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان دەدات.

كوبڕا بار، نووسەرى تورك راگەياند، "ئەو شەش پارتە بەشێوەيەكى تۆكمە پەيامەكەى خۆيان راگەياند، بەڵام پێويست بوو ماوەى هەفتەيەك، يا دوو هەفتە دوايان بخستايە، چونكە ئێستا راگەياندنەكان بە شەڕى ئۆكراينا سەرقاڵن، ئەگەر دوابخرايە بە فراوانتر گفتوگۆى لەسەر دەكرا."

سەبارەت بە بايەخى بەهێزكردنى سيستەمى پەرلەمانى لاى دەنگدەرانى توركيا، كوبرا پێى وايە، "راگەياندنى بەهێزكردنى سيستەمى پەرلەمانى كە بەڵێنى ئۆپۆزيسيۆنە بە دەنگدەرانى توركيا، بە فاكتەرێكى گرنگ داناندرێت بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردنى داهاتوو سەركەوتوو بن."

پرسيارەكان پێويستى بە وەڵامە

لە بەشێكى ترى قسەكانى كوبرا روونى كردەوە، "ئەگەر هەڵبژاردن لەكاتى خۆى بكرێت، كە نزيكەى ساڵ و نيوێكيان لەبەردەم ماوە، تا ئێستا ئۆپۆزيسيۆن نەيتوانيوە بڕوا بەدەنگدەرى توركيا بهێنێت، دەتوانن حكومەتێكى بەهێز و جێگير پێکدەهێنن، پێويستە ئەو شەش پارتە روونى بكەنەوە، ئەگەر لە هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى سەركەوتن، پێكهاتەى حكومەتى داهاتوو چۆنە، ئايە حكومەتێكى بنكە فراوان دەبێت." 

ئەو نووسەرە توركە پێى وايە پرسيارێكى تريش پێويستى بە وەڵامە، "كە ئەگەر ئەو پارتانە سەركەوتوو نەبوون لە گۆڕينى سيستەمى وڵات، ماوەى پێنج ساڵ چۆن حكومەت بەرێوە دەبن، ئەى ئەگەر زۆرينەى پەرلەمانيان بەدەستهێنا چۆن راپرسى دەكەن."

قەيرانى ئابوورى

قەيرانى ئۆكراينا و كاريگەريەكانى لەسەر بازاڕى وزە و خۆراك و كەرتى گەشتوگوزار هەيە، بۆيە توركيا ئێستا رووبەڕووى دۆخێكى سەختى ئابوورى بۆتەوە، پێويستە پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان پلانى پەيوەست بە چارەسەرى ئەو قەيرانە ئابوورييان هەبێت، بەڵام پرسيارەكە ئەوەيە ئۆپۆزيسيۆن بە چ پڕۆژەيەكى گرنگ رووبەڕووى قەيرانى ئابوورى دەبێتەوە، نەخشە رێگە هاوبەشيان ئەو رووبەڕوونەوە ديارى دەكات، ياخود ئەو دۆسيە دەدەن بە پارتى پێشكەوتن و ديموكراسى بەسەرۆكايەتى عەلى باباجان.

سياسەتى دەرەوەى توركيا 

لە بەشێكى ترى قسەكانى كوبڕا باڕ دەڵێت، "ئەڵمانيا بڕيارى داوە بوودجەى بەرگرى بۆ (100) مليار يۆرۆ بەرز بكاتەوە، ئەوەش نيشانەيەكى گرنگى گۆڕانكارييە ئاستى نێودەوڵەتى لە ساڵانى داهاتوو، چونكە وڵاتانى ناوچەكەش لە ئايندەيەكى نزيك دەچنە پێشبڕكێى خۆ پڕچەكردن، ئەوەش بەهۆى كاريگەرى ئاڵۆزييەكانى رۆژئاوا و رووسيايە، كە لەو نزيكانە چارەسەر نابێت، بەهۆى زيادبوونى سياسەتى ئەمنيش پێويستە توركيا لەبەر بەرژەوەندييە تايبەتەكانى بڕيارێكى جياواز بدات."

پرسيارەكە بە دياريكراوى بۆ ئۆپۆزيسيۆن ئەوەيە، چ پێشنيازێكيان هەيە؟ ئايا لە سياسەتى هاوسەنگى توركيا لەگەڵ رووسيا بەردەوام دەبن، چۆن مامەڵە لەگەڵ گرێبەستى دووەمى (ئێس 400)ى رووسى دەكەن، ئايا هێزەكانيان لە سووريا و ليبيا دەهێڵنەوە، ياخود هێزەكانيان دەكشێننەوە، چ هەڵوێستێكيان بەرانبەر پەيەدە دەبێت لە سووريا؟.

يەكێكى تر لە پرسيارەكانى دەنگدەرى توركياى سەرقاڵ كردووە، دەربارەى هەڵوێستى هێزە ئۆپۆزيسيۆنەكانە، بەرانبەر وەبەرهێنانى پيشەسازى سەربازى لە وڵاتەكەيان.

بەگوێرەى بۆچوونى كوبرا باڕ، "ئۆپۆزيسيۆن نمونەيەكى نوێى باشى پێشكەش كردووە، بەڵام جێبەجێكردنى قوڕسە، ئەو پاڵپشتيەى بۆ جێبەجێكردنى پێويستيانە، ناتوانن لە رێگەى دەنگدەرى توركەوە بەدەستى بهێنن، چونكە تا ئەو چركە ساتە ئۆپۆزيسيۆن پلانێكى روونى لەبەر دەست نييە."

يەكدەنگى لەسەر كانديدێكى دياريكراو

لەگەڵ ئەوەى ئۆپۆزيسيۆن لە چوارچێوەيەكى گشتى لەسەر گێرانەوەى سيستەمى پەرلەمانى رێككەوتوون، بەڵام تا ئێستا لەسەر دياريكردنى كاندێك بۆ ركابەرى ئەردۆغان رێكنەكەوتوون.

كليچدار ئۆغلۆ، سەرۆكى جەهەپە، بانگەشەى كانديدبووى خۆى دەكات، بەڵام هەندێك پێيانوايە، ئەگەر ببێتە ركابەرى ئەردۆغان شكست دەهێنێت، عەبدولقادر سەيلەفى، رۆژنامەنووسى رايگەياند، "لە كۆبوونەوەى سەركردەكانى ئۆپۆزيسيۆن كليچدار ئۆغلۆ شڵەژابوو، ميراڵ كەشنار چەسپاوتر بوو، بەڵام سەركردەكانى تر خۆشحاڵ بوو، چونكە دەمێك بوو چاوەڕوانى ئەو كۆبوونەوە بوون، راستە كليچدار سەركەوتوو بوو لە كۆكردنەوەى ئەو ئەو سەركردانە، بەڵام نەيتوانى ئەو پاڵپشتيە بەدەست بهێنێت، كە چاوەڕوانى دەكرد ببێتە كانديدى هاوبەش، ئامانجى سەرەكيشى بەدەستهێنانى پاڵپشتى ئەو پارتانە بوو، ميراڵ ئەكشناريش نەيتوانى كارامۆلا ئۆغلۆ و داود ئۆغلۆ بڕوا پێبهێنێت، كە كليچدار بكەن بە كانديدى هاوبەش، چونكە ئەوان پێيانوايە، سەرۆكى جەهەپە، لە هەڵبژاردنى داهاتوو سەركەوتوو نابێت."

دەربارەى بەڵێنەكانيشيان، سەيلەفى پێى وايە، "پارتەكان بەڵێنيان داوە، بەڵام چۆنييەتى گێڕانەوەى سيستەمى پەرلەمانيان روون نەكردۆتەوە."

سەرۆك لە سيستەمێكى بەهێزى پەرلەمانى چۆن هەڵدەبژێردرێت؟

عەبدولقادر سەيلەفى، پرسيارى ميكانزمى هەڵبژاردنى سەرۆك كۆمار دەخاتەڕوو، روونى دەكاتەوە، لە هەڵبژاردنى (2014) سيستەم پەرلەمانى بوو، بەڵام جەماوەر سەرۆكى هەڵبژارد، ئايا هەمان رێگە بەكاردەهێنن بۆ هەڵبژاردنى سەرۆك؟... ئايا لە گەڕى يەكەم پشت بە (50+1) دەبەستن، ئايا گەڕى دووەم لە نێوان ئەوانە دەبێت دەنگى زۆريان هێناوە؟.

ئەگەر بۆ هەڵبژاردنى سەرۆك پشت بە سيستەمى كۆنى پەرلەمانى ببەستن، لە گەڕى يەكەم چەند دەنگ پێويستە بۆ يەكلاكردنەوەى كانديد، ئەى ئەگەر گەڕى دووەم و سێيەم و چوارەم بێت چەند دەنگى پێويستە.؟

ئەى ئەگەر كانديدێكى ئۆپۆزيسيۆن لە هەڵبژاردنى داهاتوو سەركەوت، ئايا بەگوێرەى خواستى سيستەمى سەرۆكايەتى ئەركەكانى رادەپەرێنێت، ياخود پێويستە سەربەخۆ بێت، بۆ ئەوەى بەگوێرەى سيستەمى پەرلمانى دووبارە هەڵبژاردن بكرێتەوە؟.

چۆن دەستوور دەگۆڕن؟

لە پێناو گۆڕينى سيستەمى سەرۆكايەتى بۆ پەرلەمانى، ئۆپۆزيسيۆن پێويستە گۆڕانكارى لە دەستوور بكات، بۆ ئەوەش نەخشەيەكى كاتى پێويستە و چۆنييەتى گۆڕانكارييەكان روون بكاتەوە، ئەو گۆڕانكارييە پێويستى بە (360) ئەندام پەرلەمانە، بۆ ئەوەى بخرێتە راپرسيەوە، ئەگەريش نەخرێتە راپرسى پێويستى بە (400) ئەندام پەرلەمانە، تەنانەت ئەگەر خرايە راپرسييەوە پێويستە دەنگى بەڵێ زياتر لە نەخێر بێت.

دەنگدەر بەدواى چارەسەرى ئابوورييە

سەيلەفى پێى وايە، "رايگشتى توركيا چاوى لە گۆڕانكارى ئابوورييە، سەركردەكانى ئۆپۆزيسيۆنيش هيچ شتێكيان نەگوتووە، تاوە دەنگدەران هان بدات دەنگيان پێ بدەن، چونكە ئەگەر ئۆپۆزيسيۆن توانى بەرنامەيەكى بەهێزى ئابوورى بخاتە ڕوو، خۆشگوزەرانى لە كۆمەڵگەى توركيا زياد بكات، ئەگەر هەيە رێژەى دەنگەكانيان بەرزبێتەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین