‌ئاشتبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ توركیا پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای هۆشیاری بێت شیکاری

نوچەنێت:

ئیسحاق لیفانۆن *

له‌بری گه‌رمكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ پچڕاوه‌، پێویسته‌ له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی ئیسحاق هێرزۆغ، سه‌رۆكی ئیسرائیل له‌ ئه‌لفه‌وه‌ بۆ یاء په‌یوه‌ندییه‌كانمان بنیاتبنرێته‌وه‌‌، چونكه‌ هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن ئه‌و سه‌ردانه‌ی ئیسحاق هێرزۆغ بایه‌خی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌.

ئیسرائیل كێشه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا نییه‌، چونكه‌ قورسایی ستراتیژی و رۆڵی ناوچه‌یی له‌به‌ر چاو ده‌گرێت، به‌ڵام كێشه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیایه‌، ئێستا ئیسرائیل هه‌وڵده‌دات بزانێت له‌ رێگه‌ی شیكردنه‌وه‌ی وتاره‌ ئاشكراكانی ده‌یه‌وێت چی بكات، ده‌یه‌وێت چۆن رێڕه‌وی سیاسه‌تی بگۆڕێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی باڵای تورکیا وه‌ك مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كانه‌وه‌، "ئه‌ردۆغان نایه‌وێت گۆڕانكاری له‌سیاسه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكات." 

به‌ڵام ناوه‌نده‌كانی ئیسرائیل بۆیان قورسه‌ له‌ نیه‌تی نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا و سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌ ئیسرائیل بگه‌ن، كه‌ ئایا گۆڕانكارییه‌كی ستراتیژیه‌، یاخود تاكتیكێكی كاتییه‌، چونكه‌ به‌گشتی ئیسرائیل له‌به‌رده‌می سیاسه‌تی پێشبینی نه‌كراوی توركیایه‌، ئه‌وه‌ش پرسی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاڵۆزتر كردووه‌، چونكه‌ له‌سایه‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه‌ تا ئێستا ده‌ستپێشخه‌ریی جددی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوامان به‌دی ناكرێت، جگه‌ له‌ هه‌ندێك ئاماژه‌ی جۆراوجۆر.

ئه‌و رووداوه‌ی زیاتر له‌ (10) ساڵ پێش ئێستا له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی (كۆنفراسی داڤۆس) له‌ سویسڕا و دیداری سلیڤان شالۆم له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر ئێمه‌ روویدا، زۆر قورس بوو، ئێمه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌مان جێهێشت، له‌خۆمان پرسی ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه‌ ببێته‌ سه‌رۆكی توركیا چی رووده‌دات، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسوڕمان بوو‌ ئێستا سه‌رۆكی توركیایه‌، به‌ڵام هیچ له‌ هه‌ڵوێسته‌ تونده‌كانی به‌رانبه‌ر ئیسرائیل نه‌گۆڕاوه‌.

ئه‌مرۆش ئیسرائیلییه‌كان ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆیان ده‌كه‌ن، چ گره‌نتیه‌ك هه‌یه‌ ئه‌ردۆغان هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر جوو ده‌گۆڕێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ناوه‌نده‌كانی ئیسرائیل داوا له‌ به‌رپرسانی باڵای ئیسرائیل بكه‌ن زۆر به‌ هۆشیاری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکانى  لەگەڵ توركیا بكه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌ردۆغان به‌ ئاشكرا پاڵپشتی دۆزی فه‌ڵه‌ستین ده‌كات، له‌ هه‌مانكاتیش بایه‌خی ته‌واو به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌دات بۆ گواستنه‌وه‌ی گازی ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی هێڵی توركیا، ئه‌و ویسته‌ی توركیا له‌كاتێكدایه‌، ئیسرائیل به‌شێكه‌ له‌ رێكخراوی گازی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، كه‌ یۆنان و قوبرس و میسریشی تێدایه‌.

ئیسرائیل حیساب بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كات، له‌ هه‌مانكاتیش له‌به‌ر هه‌ماهه‌نگی ستراتیژی له‌گه‌ڵ یۆنان و قوبرس ده‌كات، كه‌ ئه‌وان هه‌ستیاری خۆیان له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و ته‌لئه‌بیب نه‌شاردۆته‌وه‌.
به‌ پشتبه‌ستن به‌و لێكدانه‌وانه‌، ناوه‌نده‌كانی ئیسرائیل داوا ده‌كه‌ن پێش سه‌ردانی سه‌رۆكی ئیسرائیل بۆ توركیا، پێویسته‌ هه‌ردوولا هه‌نگاوی بچووكی وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی باڵیۆزه‌كان بهاوێن، توركیا هه‌وڵه‌كانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی قودس كه‌م بكاته‌وه‌، رێگه‌ له‌ بیرۆكه‌ی دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی ئیسلامی له‌ ئاسیا بگرێت،ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌بێته‌ بیاتناوه‌یی متمانه‌ی دوو لایه‌نه‌ و به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و ته‌له‌بیب بكرێت. 

 

باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل له‌ قاهیره‌

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین