عێراق داواى زانیارى كوشتنى خه‌لیفه‌ى داعش له‌ هاوپه‌یمانان ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسێكى ئه‌منى عێراق ئاشكراى ده‌كات، وڵاته‌كه‌ى داواى زانیارى له‌باره‌ى ئه‌و هێرشه‌ كردووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ سه‌ر ماڵى ئه‌بوئیبراهیم قوڕه‌یشى خه‌لیفه‌ى داعش له‌ سووریا ئه‌نجام دراوه‌ و كه‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هێرشه‌یش كوژرا.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ى شوباتى 2022 به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌منى له‌ فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى به‌غدا، له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئاشكراى كردووه‌، وڵاته‌كه‌ى داواى زانیارى له‌باره‌ى ئه‌و هێرشه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ له‌ سووریا بۆ سه‌ر ماڵى ئه‌بوئیبراهیم قوڕه‌یشى خه‌لیفه‌ى داعش ئه‌نجام درا.

به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌كه‌ى عێراق ده‌ڵێ، "عێراق هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندى و شانه‌كانى داعش بزانێت، له‌گه‌ڵ هه‌ر زانیارییه‌ك كه‌ له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ ده‌ست هێزه‌كانى ئه‌مریكا كه‌وتووه‌". ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییه‌ كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌ روونى كردووه‌ته‌وه‌ عێراق ده‌یه‌وێ ئه‌و زانیارییانه‌ بۆ له‌ ناوبردنى پاشماوه‌ى داعش سوودیان لێ ببینێ.

سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند، هێزێكى تایبه‌تى ئه‌مریكا له‌ سووریا ئه‌بوئیبراهیم قوڕه‌یشى سه‌ركرده‌ى داعشیان كوشتووه‌. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه‌ ده‌كات تا ئێستا ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسى كوژرانى خه‌لیفه‌كه‌ى نه‌كردووه‌ و تا ئێستایش به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ ئه‌بوئیبراهیم قوڕه‌یشى، عه‌بدوڵا قه‌رداش بێت. بۆیه‌ شاره‌زایه‌كى ئه‌منى به‌ دوورى نازانێ داعش خه‌لیفه‌یه‌كى تر به‌ هه‌مان ناوى ئه‌بوئیبراهیم قوڕه‌یشى دابنێ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین