سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: هەرێمى کوردستان هه‌رگیز نابێته‌ به‌شێك لە دروستكردنى كێشه‌ بۆ وڵاتانى ئه‌ورووپا کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى لیتوانیا پرسى کۆچبەران و پەیوەندیى وڵاتى لیتوانیا و هەرێمى کوردستانیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە (17/کانوونى دووەم/2022)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى گاربریێلیوس لاندسبێرگیس وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لیتوانیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "له‌ كۆبوونه‌وه‌یكەدا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لیتوانیا، پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى عیراق به‌گشتى، به‌رده‌وامیى هه‌ڕه‌شه‌ى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى ئه‌ورووپا، تاوتوێ كران."

سەبارەت بە پرسى کۆچبەران، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لیتوانیا سوپاسى عیراق و هه‌رێمى كوردستانى كرد له‌ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كۆچبه‌راندا و گووتیشى "ئه‌و هاوكارییه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هاته‌ ئاراوه‌ وه‌ك ده‌رفه‌تێكە بۆ هاریكاریى هاوبه‌ش و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى لیتوانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان فراون بكرێت، به‌تایبه‌تى له‌ بواره‌كانى مه‌شقى پیشه‌یى، په‌روه‌رده‌، بورسى خوێندن."

لە بەرامبەردا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، "سوپاسى لیتوانیاى كرد كه‌ به‌شێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش و یارمه‌تیى عیراق و هه‌رێمى كوردستانى داوه، له‌باره‌ى پرسى كۆچیشه‌وه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگیز نابێته‌ به‌شێك بۆ دروستكردنى كێشه‌ بۆ وڵاتانى ئه‌ورووپا."

هەروەک لە ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم دا هاتووە، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێت ڕێگرى له‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و به‌كارهێنانى بۆ مه‌رامى سیاسى بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاریكاریى هاوبه‌شى وڵاتان به‌تایبه‌تى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا، پێویسته‌."

تاوتوێكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، بایه‌خى په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین