ئه‌میندارى گشتى په‌رله‌مانى عێراق ورده‌كاریى دانیشتنى یه‌كه‌م ئاشكرا ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سیروان عه‌بدوڵا سیرینى ئه‌میندارى گشتى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت دووپاتى له‌سه‌ر ته‌واوبوونى ئاماده‌كارییه‌كانى دانیشتنى یه‌كه‌م كرده‌وه‌ و گوتیشى،"به‌ڕێوه‌چوونى دانیشتنه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ده‌رچووه‌كان تا چه‌ند له‌سه‌ر پێكهێنانى گه‌وره‌ترین فراكسیۆن رێكده‌كه‌ون".

بڕیاره‌ سبه‌ى یه‌كشه‌ممه‌ نۆى كانوونى دووه‌م دانیشتنى یه‌كه‌مى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، سیروان عه‌بدوڵا سیرینى له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت باسى له‌ ئاماده‌كارییه‌كانى دانیشتنه‌كه‌ كرد و گوتى، "له‌ ڕووى ته‌كنیكى و لۆجیستییه‌وه‌ هیچ گرفتێكمان نییه‌ و ته‌واوى ئاماده‌كارییه‌كان كراون".

سیرینى دووپاتیشى كرده‌وه‌ سبه‌ى ته‌نیا په‌رله‌مانتاران ئاماده‌ ده‌بن و هیچ داوه‌تكارییه‌ك بۆ به‌رپرسانى تر نییه‌، له‌ رووى ئه‌منیشیه‌وه‌ باسى له‌وه‌ كرد كه‌ ناو و ناونیشانى ته‌واوى په‌رله‌مانتاره‌ ده‌رچووه‌كان به‌ ده‌روازه‌كانى ناوچه‌ى سه‌وز و په‌رله‌مان دراون.

به‌ڵام وه‌ك له‌ لێدوانه‌كه‌ى ده‌رده‌كه‌وت ئه‌و ته‌نیا تێبینى له‌سه‌ر رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌یه‌، سیروان سیرینى گوتى، " ئه‌ركى سه‌رۆكى ته‌مه‌ن ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ دانیشتنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ببات تا ئه‌و كاته‌ى لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان رێكده‌كه‌ون.

سیروان سیرینى گوتى، "ئه‌ركى سه‌ره‌كى بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ده‌رچووه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،  كه‌ ئایا چه‌ند ده‌توانن له‌ یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌ و لێكتێگه‌یشتن بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى دانیشتنێكى سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بده‌ن، له‌و دانیشتنه‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ڵبژێرن".

سیروان سیرینى پێوابوو دانیشتنه‌كه‌ له‌رووى سیاسییه‌وه‌، "ئاسان نابێت" چونكه‌ وه‌ك گوتى، "تا ئه‌م ساته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر پێكهێنانى گه‌وره‌ترین فراكسیۆن".

به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى په‌رله‌مان كارنامه‌ى دانیشتنى سبه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى سوێندخواردنى په‌رله‌مانتاران و هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین