گۆرباچۆڤ: دەکرا ڕێگە لە هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت بگرین! عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

میخائیل گۆرباچۆڤ سەرۆکی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت دەڵێت دەکرا ڕێگە لە هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت بگرین لە ڕێگای گۆڕینی بۆ کۆنفیدراڵیزمی نێوان چەند دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.

وەکوو ئاژانسی (سپووتنیک)ی ڕووسی لە ڕۆژی 25ی 12ی 2021 ئاماژەی پێکردووە، گۆرباچۆڤ وتوویەتی تەنانەت تاوەکو پاش کودەتاکەی 1991یش دەکرا کار لەسەر ئەم ئەگەرە بکرێت، وەکوو ئەو دەڵێت "لە سەرەتادا قەبارە و قووڵیی گرفتەکانمان کەمکردەوە لەنێوان نەتەوەکانی ناو یەکێتییەکە، هەروەها لەنیوان دەسەڵاتی ناوەند و کۆمارەکانی ناو یەکێتییەکە، بەڵام زوو نەگەیشتینە ئەو دەرەنجامەی کە یەکێتییەکە پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە".

گۆرباچۆڤ دەڵێت دەکرا کۆنفیدراڵیزمێک دروستبکرایە لەنێوان کۆمەڵێک کۆماری خاوەن سەروەری کە بەشێك لە دەسەڵاتەکانی خۆیان بدایەتە حکومەتی ناوەند، جەختیشی کردووەتەوە کە ئەوکاتە زۆربەی کۆمارەکانی ناو یەکێتیی سۆڤیەت ئامادە بوون ئەو کارە بکەن.

پێشووتریش گۆرباچۆڤ وتبووی کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕاستەوخۆ تێوەگلابوون لە هەرەسپێهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت.

دەبێ بڵێێن لە 25ی 12ی 1991 میخائیل گۆرباچۆڤ کۆتاییهاتنی چالاکیی خۆی وەکوو سەرۆکی یەکێتیی کۆمارەکانی سۆڤیەتی سۆسیالیست ڕاگەیاند و مەرسوومێکی واژوو کرد بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی چەکی ستراتیجیی ئەتۆمیی ڕووسیا بۆ سەرۆکی ئەوکاتی ڕووسیا بۆریس یەڵتسن.

بەر لە واژووکردنی ئەو مەرسوومە، لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە کۆمەڵێک ڕووداو لەسەر خاکی یەکێتیی سۆڤیەت ڕوویاندا کە گۆڕانیان دروستکرد لە لایەنی ئابووری و سیاسیی ناو یەکێتییەکەدا و ئەوەش ناکۆکییەکانی نێوان دەوڵەتی ناوەند و دەوڵەتەکانی دیکەی ناو یەکێتییەکەی قووڵکردەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین