وەزارەتى دارایى بۆ سەرجەم وەزارەتەکان: خەرجییەکان ڕاگرن کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە نووسراوێکدا کە ئاراستەى گشت وەزارەت و فەرمانگەکانى بەستراوە بە وەزارەتەکەى کراوە، سەرجەم خەرجییەکانى بۆ (2021) ڕاگرت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە نۆى کانوونى یەکەمى (2021)، وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە نووسراوێکدا کە واژۆى ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى لەسەرە دەڵێت، "بەهۆی نزیکبوونەوەی ساڵی دارایی 2022 و دیاریکردنی هەلی گونجاو بۆ یەکە ژمێرییەکانی بەستراو و نەبەستراو بە وەزارەتەکان، بە مەبەستی پاکتاوکردنی ژمێرکارییەکان، گەیاندنیان بە وەزارەت، وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێکی دەرکردووە."

 

دەقى بڕیارەکانى وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکوومەتى هەرێمى کوردستان: 

یەکەم:  راگرتنی سیستمی ئۆنلاین لە رێکەوتی دەرچوونی ئەو رێنماییە تاوەکو کردنەوەی خەرجی لە ساڵی دارایی / 2022.

دووەم:  راگرتنی گشت خەرجییەک لە رۆژی 16-12-2021 بۆ ساڵی دارایی 2021 (جگە لە مووچە و پێشینەی خەرجکراوی مانگانە، کرێی مانگانە و خەرجییەکانی پاککردنەوە و خواردن).

سێیەم: راگرتنی زیادکردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانە.

چوارەم: ئەم راگرتنە تەمویلکردنی تایبەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان ناگرێتەوە.

پێنجەم: لە رێککەوتی دەرچوونی ئەم رێنماییەوە، هیچ داواکارییەکی خەرجی ئاڕاستەی وەزارەتمان نەکرێت.

شەشەم: ئەو نووسراوانەی کە فەرمانی خەرجکردنی وەزارەتمانیان هەیە، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری / بەڕێوەبەرایەتیی خەرجییەکان، کە ئاراستەی گەنجینەکان دەکرێت و رێککەوتی دەرکردنیان دەکەوێتە پێش 16-12-2021 جێبەجێ دەکرێت و راناگیرێت. ئەو نووسراوانەی کە داخڵی سیستەم کراون و کاریان لەسەر نەکراوە، لە ساڵی نوێدا کاریان لەسەر دەکرێت.

حەوتەم: ئەم رێنماییە لە رۆژی 16-12-2021 کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین