مەسرور بارزانى: تیرۆریستانی داعش بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لەسەر هێرشى دوێنێ شەوى تیرۆریستانى داعش بۆ سەر گوندى خدر جیجە پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێدا دەڵێت، "تیرۆریستانی داعش، بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە."

ئەمڕۆ هەینى سێى کانوونى یەکەمى (2021)، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دەربارەى شەهید بوونى کۆمەڵێک لە هاووڵاتى و پێشمەرگە لە گوندى خدر جیجە، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "پێویستە هەرچی زووە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر."

دەقى پەیامى مەسرور بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

بە داخ و خەمێکی قووڵەوە، دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ، ژمارەیەک هاووڵاتی و پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هاوخەمیانین ، خوای میهرەبان گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە خێزان و کەسوکارەکانیان ببەخشێت، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین. 

تیرۆریستانی داعش، بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە پێویستە هەرچی زووە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بهێنرێت و ژیانی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش، پارێزراو بێت. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بۆ برەودان بە هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق بە گشتی و ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر پەلاماری داعش بەتایبەتی، دووپات دەکاتەوە. 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین