سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: هێرشەکانى داعش کاردانەوەى توند و رێکارى خێراى سەربازیى دەوێ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا لەسەر هێرشەکەى دوێنێ شەوى داعش بۆ سەر دوو گوندى کوردان سەرکۆنە دەکات و دەشڵێت، "پەلامارى ڕۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئیتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت."

ئەمڕۆ هەینى (3)ى کانوونى یەکەم (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە پەیامێکدا بە توندى سەرکۆنەى هێرشەکەى دوێنێ شەوى داعش بۆ سەر خەڵکى سڤیل دەکات، کە تێدا چەندین پێشمەرگە و خەڵکى مەدەنى شەهید بوون.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ڕایدەگەیێنێت، دەبێ "پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازییه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هەماهەنگیی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشاییی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕ بکاتەوە."

دەقى پەیامى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی ڕابردووى تیرۆرستانى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤیل ده‌كه‌ین كه‌ لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژماره‌یه‌ك پێشمەرگەى قاره‌مان و برینداربوونی ژماره‌یەکی دیکەیان له‌ كاتى ئۆپه‌راسیۆنى ڕاونانى تیرۆرستاندا.

پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و کەسوکاری سه‌ربه‌رزى شەهیدان دەکەین و لە دڵەوە هاوسۆز و هاوخەمیانین. خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت. هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین.

هێرش و پەلامارى ڕۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئیتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت.

بۆ ئەم مەبەستە پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازییه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هەماهەنگیی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشاییی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕ بکاتەوە.

لە ڕووی سیاسیشەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بزانن کە تا پرۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی نیشتمانیی تەواوی عیراقییەکانە تا زووە ناکۆکیی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٣\١٢\٢٠٢١

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین