كۆمیسیۆن ته‌واوبوونى پرۆسه‌ى وردبینى تانه‌كانى راگه‌یاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق ته‌واوبوونى پرۆسه‌ى وردبینى تانه‌كانى راگه‌یاند، ئاشكرایشى كرد ژماره‌یان هه‌زار و 436 تانه‌یه‌ و چوار هه‌زار و 324 وێستگه‌ى ده‌نگدانیان پرۆسه‌ى هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌ستى تێدا ئه‌نجام دراوه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هه‌شتى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا كه‌ له‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ته‌واوبوونى پرۆسه‌ى وردبینى تانه‌كانى راگه‌یاند.

كۆمیسۆن باسى له‌وه‌ كردووه‌، ژماره‌ى تانه‌كان هه‌زار و 436 تانه‌ بوون له‌ ته‌واوى پارێزگاكان هه‌بوون. ژماره‌ى وێستگه‌كانیش كه‌ پرۆسه‌ى وردبینیان تێدا ئه‌نجام دراوه‌، چوار هه‌زار و 324 وێستگه‌ بووه‌.

كۆمیسیۆن روونى ده‌كاته‌وه‌ تانه‌كان له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك پێشكه‌ش كراون، له‌وانه‌ تانه‌كار ویستوویه‌تى له‌ ئه‌نجامه‌كان دڵنیا بێته‌وه‌ یانیش باوه‌ڕى به‌ ئه‌نجامه‌كه‌ نه‌بووه‌.

له‌ 10ى مانگى رابردوو "ئۆكتۆبه‌ر" هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام ناڕه‌زاییه‌كى زۆر له‌ لایه‌ن هێزه‌كانى شیعه‌ هه‌بوو، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ده‌نگێكى كه‌میان به‌ده‌ست هێناوه‌، بۆیه‌ كۆمیسیۆن پرۆسه‌ى هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌ستى ئه‌نجام دا، دواى ته‌واوبوونى وردبینى تانه‌كان، ئه‌وا ئه‌نجامه‌كان به‌ دادگاى فیدڕاڵى عێراق ده‌درێن بۆئه‌وه‌ى ره‌زامه‌نديیان له‌سه‌ر بدات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین