گومان له‌ بڕیاره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى كازمى ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆكى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر كۆمه‌ڵێك بڕیارى داوه‌ و شاره‌زایان گله‌یى ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن "وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌ر هه‌ڵسوكه‌وت ناكات" ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى یاسایى خولى پێشوویش ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر كه‌س تانه‌ى نه‌بێت ئه‌وا بڕیاره‌كانى ده‌چنه‌ سه‌ر".

له‌ماوه‌ى رابردوودا مسته‌فا كازمى هه‌ندێك بڕیارى ده‌ركردووه‌، له‌ میدیاكانى عێراق چاودێرانى سیاسى گومان له‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌ڵسوكه‌وتى مسته‌فا كازمى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌ر بێت و ده‌ڵێن "به‌ نایاسايى هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ دووى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" سه‌لیم شوشكه‌یى ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى خولى پێشوو په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت روونى كرده‌وه‌، ده‌بێت دادگاى فیدڕاڵى ئه‌وه‌ یه‌كلایى بكاته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كانى كازمى یاسایى یان نایاسایین.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پێشوو باسى له‌وه‌ كرد مسته‌فا كازمى له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌رپرسى باڵاى ئه‌منى داناوه‌، جیا له‌وه‌یش حكومه‌ته‌كه‌ى چه‌ندان گرێبه‌ستى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان كردووه‌، به‌ڵام وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى یاسایین یان نا؟ بۆ دادگا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

سه‌لیم شوشككه‌یى ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كانى به‌ جۆرێك بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ڵسوكه‌وتى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر بێت، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك كه‌سێك ره‌خنه‌ى نه‌بێت و تانه‌ى له‌سه‌ر نه‌بێت، ئه‌وا وه‌ك خۆى ده‌ڕوات".

له‌ حه‌وتى مانگى رابردوو په‌رله‌مانى عێراق خۆى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان كه‌ له‌ 10ى هه‌مان مانگ به‌ڕێوه‌چوو، له‌و كاته‌وه‌ حكومه‌تى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى مسته‌فا كازمى به‌ حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر داده‌نرێت، تا ئه‌و كاته‌ى په‌رله‌مانى نوێ متمانه‌ به‌ حكومه‌تى نوێ ده‌دات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین