هاوپه‌یمانى عه‌زم كاندیدى بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌بێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌ كاتێكدا به‌گوێره‌ى زۆربه‌ى ئاماژه‌كان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بۆ هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم بێت كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى پێشووى په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، سه‌ركرده‌یه‌كى هاوپه‌یمانى عه‌زمى سوننه‌ ئاشكراى ده‌كات ئه‌وانیش كاندیدیان بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" محه‌مه‌د عه‌بدره‌به‌ سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانى عه‌زم و كاندیدى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز ئاشكراى ده‌كات، ئه‌وانیش كاندیدیان بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌بێت.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى عه‌زم ده‌ڵێ، "پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ پێكهاته‌ى سوننه‌یه‌ بۆیه‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك ده‌توانێ خۆى بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكات" له‌ لێدوانه‌كه‌ى محه‌مه‌د عه‌بدره‌به‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ هه‌ر چه‌نده‌ تا ئێستا هیچ كاندیدێكیان ده‌ستنیشان نه‌كردووه‌، به‌ڵام دواى دانیشتنى یه‌كه‌مى په‌رله‌مان كاندیدیان ده‌بێت.

هاوپه‌یمانى عه‌زم كه‌ هاوپه‌یمانییه‌كى سوننه‌یه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م جاره‌ 14 كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا ركابه‌ره‌كه‌ى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د حه‌لبووسى 37 كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌ و دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یه‌ و بۆیه‌ چاوڕوان ده‌كرێت به‌گوێره‌ى ژماره‌ى كورسییه‌كان و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان جارێكى تر محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بێت. 

به‌گوێره‌ى ئه‌و ته‌وافوقه‌ سیاسییه‌ى له‌دواى 2005 له‌ عێراق هه‌یه‌، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بۆ پێكهاته‌ى سوننه‌، سه‌رۆكایه‌تى كۆمار بۆ پێكهاته‌ى كورد، سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت بۆ پێكهاته‌ى شیعه‌ ده‌بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین