توركیا بایه‌خێكى ته‌واو به‌ مووسڵ ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ره‌زا گوناى باڵیۆزى توركیا له‌ عێراق سه‌ردانى مووسڵ ده‌كات و ئاشكراى ده‌كات وڵاته‌كه‌ى بایه‌خێكى تایبه‌ت به‌ شارى مووسڵ ده‌دات و ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندى بازرگانى و وه‌به‌رهێنان له‌گه‌ڵ ئه‌م شاره‌ بكات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" ره‌زا گوناى باڵیۆزى توركیا له‌ عێراق سه‌ردانى شارى مووسڵى كرد و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ نه‌جم جبوورى پارێزگاى مووسڵ باسى له‌وه‌ كرد وڵاته‌كه‌ى بایه‌خێكى زۆر به‌و شاره‌ ده‌دات و ده‌یه‌وێ له‌ باشترین شێوه‌ بێت.

باڵیۆزى توركیا له‌ عێراق باس له‌وه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ سه‌ردانى شاره‌كه‌یان كردووه‌، تا له‌ رووى بازرگانی و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ شاره‌كه‌ به‌هێز بكه‌ن و ته‌واوى هۆكاره‌كه‌یش به‌ گوته‌ى ره‌زا گوناى ئه‌وه‌یه‌ شاره‌كه‌ رووبه‌ڕووى وێرانكارییه‌كى زۆر بووه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام پێشتر چاودێرانى سیاسى هۆكارى راسته‌قینه‌ى بایه‌خه‌كانى توركیایان به‌ مووسڵ خستووه‌ته‌ڕوو، باس له‌وه‌ ده‌كرێت به‌ هۆكارى ئه‌منى و سیاسى توركیا ده‌یه‌وێ پێگه‌ى له‌ مووسڵ به‌ هێز بێت. له‌كۆتایى مانگى رابردوو ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى بڵاوى كرده‌وه‌، توركیا له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى له‌ باشیك مه‌شقى به‌ هێزێكى سوننى كردووه‌ كه‌ به‌ ناوى پاسه‌وانانى نه‌ینه‌وا له‌ لایه‌ن ئه‌سیل نوجه‌یفى پارێزگارى پێشووترى مووسڵ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت.

ساڵى رابردوو توركیا كۆنسوڵخانه‌ى گشتى خۆى له‌ مووسڵ نۆژه‌ن كرده‌وه‌، به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى ئه‌نادۆڵ توركیا پێیوایه‌ شوێنه‌وارێكى زۆرى عوسمانى له‌ شارى مووسڵ ماوه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت پارێزگارى لێ بكرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین