وه‌زیرى نه‌وتى عێراق: نرخى نه‌وت ده‌گات به‌ 100 دۆلار کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وتى عێراق پێشبینى ده‌كات نرخى به‌رمیلێك نه‌وت بگات به‌ 100 دۆلار، ده‌شڵێ، "ئامانجى راسته‌قینه‌ى ئۆپیك سه‌قامگیرى بازاڕه‌ نه‌وه‌ك ته‌نیا گه‌یشتن به‌ 100 دۆلار".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ى تشرینى یه‌كه‌م"ئۆكتۆبه‌ر" ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراق لێدوانێكى ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وتى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشبینى ده‌كات، نرخى به‌رمیلێك نه‌وت بگاته‌ 100 دۆلار.

وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ده‌ڵێ، "ئێمه‌ به‌ره‌و زیادبوونى نرخى نه‌وت ده‌ڕۆین به‌گوێره‌ى پێدراوى ئابوورى به‌هێز و روون، ته‌نگژه‌ بۆ هیچ كه‌رتێكى تر دروست ناكات". دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ عێراق ئامانجى ئه‌وه‌یه‌ بازاڕى نه‌وت سه‌قامگیر بێت و به‌ هاوسه‌نگى پارێزگاريى له‌ به‌رژوه‌ندى ته‌واوى لایه‌نه‌كان بكرێت.

ئیحسان عه‌بدولجه‌بار ده‌شڵێ، "هه‌ر ئه‌مه‌یش ئامانجى راسته‌قینه‌ى ئۆپیكه‌ نه‌وه‌ك ته‌نیا گه‌یشتن به‌ 100 دۆلار".

ئەم لێدوانەی وەزیری نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، پێشتر لە کاتی ئامادەبوونی لە کۆربەندی هەفتەی وزەی رووسیا بۆ سالی 2021 لە مۆسکۆ، ئیحسان عبدولجەبار وتی" بۆ عێراق نرخی 85 دۆلار زۆر گونجاوە، بەڵام بۆ بەکاربەرەکانی نەوتیش، پێشبینی ناکەم نرخێکی زۆر بەرز بێت"

عبدولجەبار ئەوەیشی زیادکرد" خواست و ئومێدی ئێمەیە نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک لە 85 دۆلار جێگیر ببێت"

سەبارەت بە داهاتووی بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس و زیادکردنی ئاستی بەرهەهێنانی نەوت،  وەزیری نەوتی عێراق وتی" پێویستە بازارەکان هاوسەنگ بن، و پێشبینی ناکەم نرخی نەوت چیتر بەرز بێتەوە".

سەبارەت بە کارییگەریەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆسەر ئابووری عێراق، کەڵەکەبووونی گرفتەکانی عێراق لە کورتهێنانی بوودجە و هەروەها دابەزینی بەهای دیناری عێراقی ئاماژەی دڵخۆشکەر نادەن بۆ خێرا چارەسەربوونی گرفتەکان، سەرەڕای بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.

پێشبینیەکانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ نرخی نەوت و گەیشتنی بە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوڕایی پێشبینیەکانی سەرۆکی رووسیا و سەرپەرشتیاری سەرەکی ئۆپێک پلەسە. پوتینیش لە کۆربەندی هەفتەی وزەی رووسیا بۆ ساڵی 2021، رایگەیاند" نرخی نەوت دەگات بە 100 دۆلار و زیاتریش".

ئه‌مڕۆ نرخى به‌رمیلێك نه‌وتى برێنت گه‌یشته‌ 84 دۆلار و 66 سه‌نت، نرخى نه‌وتى تێكساسیش به‌ 82 دۆلار و 42 سه‌نت بوو.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین