دوو سیناریۆ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئاژانسى فرانس پرێس له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، دوو سیناریۆ بۆ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق هه‌یه‌. له‌ هه‌ردوو سیناریۆدا موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در یاریزانى سه‌ره‌كى ده‌بێت و مسته‌فا كازمیش وه‌ك كاندیدێك بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى داهاتوو له‌ سیناریۆكان ئاماده‌یه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" ماڵپه‌ڕى فڕانس 24 ده‌قى ئه‌و راپۆرته‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر سیناریۆكانى حكومه‌تى داهاتووى عێراق له ‌لایه‌ن فڕانس پرێس ئاماده‌ كراوه‌. راپۆرته‌كه‌ باس له‌ بوونى دوو سیناریۆ ده‌كات، كه‌ له‌به‌رده‌م ره‌وتى سه‌در دایه‌، چونكه‌ ره‌وتى سه‌در زۆرترین كورسى په‌رله‌مانى به ‌ده‌ست هێناوه‌. به‌گوێره‌ى خوێندنه‌وه‌ى سه‌ره‌تایى ئه‌نجامه‌كان به‌ یەکێک لەو دوو سیناریۆیه‌ سه‌در ده‌توانێ حكومه‌ت پێكبهێنێ.

كازمى چانسى مانه‌وه‌ى به‌هێزه‌ 

 

له‌ راپۆرته‌كه‌ى فڕانس پرێس هه‌ر یه‌كه‌ له‌ له‌هیب هیگل و حارس حه‌سه‌ن كه‌ دوو توێژه‌رى به‌ناوبانگن شیكردنه‌وه‌یان كردووه‌. حارس پێیوایه‌ سیناریۆیه‌كى ئاسانى به‌رده‌م سه‌در ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى زۆرینه‌ پێكبهێنێ، واته‌ له‌گه‌ڵ پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى و هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم به ‌سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د حه‌لبووسى و چه‌ند حزبێكى تر رێكبكه‌وێ و به‌ ئاسانى ده‌توانێ حكومه‌ت پێكبهێنێ.

به‌ڵام له‌هیب هیگل له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ نییه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات، ره‌وتى سه‌در به‌ ته‌نیا ناتوانێ به‌ پاڵپشتى حزبه‌ سوننى و كوردییه‌كان حكومه‌ت پێكبهێنێ، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌ره‌تا ماڵى شیعه‌یش رێكبخات.

سیناریۆى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌: هاوپه‌یمانى شیعه‌ زیندوو بكرێته‌وه‌ و سه‌در رازى بكرێته‌وه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌ ده‌سه‌ڵات و كاندیدێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یش "ته‌وافوقى" بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت دابنرێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ندێك بنه‌ماى چاكسازى و چاره‌نووسى حه‌شدى شه‌عبى بكرێت. 

ئه‌ى چى سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆك وه‌زیران؟ فڕانس پرێس ده‌ڵێ "تا ئێستا به‌ڕوونى كاندیدێك‌ نییه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ مه‌زنده‌یه‌" دواتر ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌ر چه‌نده‌ موقته‌دا سه‌در چه‌ندان جار دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ له‌ ره‌وته‌كه‌ى كه‌سێك بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كاندید ده‌كات، به‌ڵام له‌هیب هیگل پێیوایه‌ سه‌در ئه‌م كاره‌ ناكات، به‌ڵكو ده‌بێت "كاندیدێكى ته‌وافوقى" دابنرێت. 

حارس حه‌سه‌نیش پێیوایه‌، "هێشتا مسته‌فا كازمى چانسێكى به‌هێزى هه‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی". له‌هیب هیگلیش ده‌ڵێ، "كازمى حزبى نییه‌، په‌رله‌مانتار نییه‌، ئه‌مه‌یش چه‌ند خه‌سڵه‌تێكى باشن  وا ده‌كه‌ن كازمى راسته‌وخۆ نه‌كه‌وێته‌ رووبه‌ڕووى حزبه‌كان"

فڕانس پرێس: سه‌در به‌ ئاسانى ده‌توانێ له‌گه‌ڵ پارتى و ته‌قه‌دوم
حكومه‌ت پێكبهێنێ

له‌هیب به‌ دووریشى نازانێت جیا له‌ كازمى، كه‌سێكى ناسراوى گۆڕه‌پانى سیاسى بكرێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵام ئاراسته‌یه‌كى سیاسى روونى نه‌بێت.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، هاوپه‌یمانى فه‌تح ویستوویه‌تى سیناریۆى "زیندووكردنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى شیعه‌" جێبه‌جێ بكات، بۆیه‌ په‌یامى به‌ ره‌وتى سه‌در داوه‌، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌. 

له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ ئاژانسى فڕانس پرێس پێیوایه‌ هه‌رچه‌نده‌ هاوپه‌یمانانى ئێران له‌ ژماره‌ى كورسییه‌كانیان پاشه‌كشه‌یان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ماناى لاوازبوونى ده‌سه‌ڵاتى عێراق نییه‌ له‌ عێراق، به‌ بێ بوونى لایه‌نگرانیشى له‌ناو په‌رله‌مان، ئێران له‌دواى 2003 وه‌ پێگه‌ى له‌ عێراق هه‌ر به‌ هێزه‌.

له‌هیب باس له‌وه‌ ده‌كات هاوسه‌نگبوونى ناو په‌رله‌مان هێنده‌ به‌لاى ئێرانه‌وه‌ گرنگ نییه‌، چونكه‌ 2018 هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ نزیكه‌ له‌ ئێران چووته‌ په‌رله‌مان كه‌چى به‌ر له‌و مێژووه‌یش ئێران كاریگه‌رى له‌سه‌ر عێراق هه‌بووه‌. حارس حه‌سه‌ن پێیوایه‌ بایه‌خى ئێران به‌ عێراق له‌سه‌ر سێ دۆسیه‌ ده‌بێت، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندى به‌ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا هه‌یه‌، دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئێران نه‌بێت، دۆسیه‌كه‌ی تریش به‌رده‌وامبوونى حه‌شدى شه‌عبییه‌.

به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى كورسییه‌كانى فه‌تح
پێگه‌ى ئێران له‌ عێراق لاواز نابێت

 

حارس حه‌سه‌ن پێیوایه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ، ئێران مه‌یلى به‌لاى زیندووكردنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى شیعه‌یه‌، ده‌شڵێ، "ئه‌وان سه‌در به‌ دوژمن نازانن، به‌ڵام ئاگادارى ئه‌وه‌ن مه‌ترسی ده‌بێت به‌لایانه‌وه‌ سه‌در به‌سه‌ر شانۆى شیعه‌دا زاڵ بێت".

له‌كۆتایى راپۆرته‌كه‌ فرانس پرێس باس له‌ سه‌ربه‌خۆكان و دوو حزبه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌كات "ئیمتداد و ئیشراقه‌ كانون" ده‌كات و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن حزبه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ قوت نه‌درێن و تێڕوانینێكى روونیان هه‌بێت ئه‌وا ده‌توانن هێزێكى كاریگه‌رى ناو په‌رله‌مان بن. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین