كازمى به‌ سه‌ختترین تاقیكردنه‌وه‌ تێپه‌ڕى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا عێراق گرتنى دوو سه‌ركرده‌ى تیرۆریستانى راگه‌یاند، ماڵپه‌ڕى سكاى نیوز ده‌ڵێ ئه‌مه‌ بۆ مكوڕبوونى مسته‌فا كازمى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌خت تێپه‌ڕیوه‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر هێشتا كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م عێراقن.

شه‌وى رابردوو 18ى تشرینى یه‌كه‌م، ئاژانسى ئاسۆشێیتدپرێس بڵاوى كردووه‌ عێراق له‌ ئۆپراسیۆنێكى تایبه‌تدا غه‌زوان زه‌وبه‌عى ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ تیرۆریستانى داعش و پێشتر له‌گه‌ڵ رێكخراوى تیرۆریستى قاعیده‌ بووه‌. ئه‌و تیرۆریسته‌ به‌رپرسه‌ له‌ كرده‌ تیرۆرییه‌كه‌ى ناوچه‌ى كه‌ڕاده‌ى به‌غدا كه‌ له‌ ساڵى 2016 روویدا و 300 كه‌سى كرده‌ قوربانى.


ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت له‌ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا ئه‌مه‌ دووه‌م به‌رپرسى داعش ده‌بێت كه‌ له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن، هه‌فته‌ی رابردوو رۆژێك دواى هه‌ڵبژاردن كازمى گرتنى به‌رپرسى دارایى داعشى راگه‌یاند.

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوز ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ى تشرینى یه‌كه‌م له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كى هه‌فتانه‌ به‌رپرسانى رێكخراوى تیرۆریستى داعش یه‌ك به‌ دواى یه‌ك ده‌گیرێن، ئه‌مه‌یش كاریگه‌رى له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى تاوانه‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌بێت.

راپۆرته‌كه‌ پێیوایه‌ زۆربه‌ى ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ بۆ مكوڕبوونى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆره‌، ته‌نانه‌ت دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ مسته‌فا كازمى چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ سه‌ختترین ئه‌رك تێپه‌ڕى ئه‌ویش ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێك بوو بێئه‌وه‌ى هیچ كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆریستى تێدا رووبدات.

سكاى نیوز پێیوایه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ هه‌ن، هێشتا به‌رۆكى عێراق ده‌گرن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر. ئه‌وانیش بوونى حاڵه‌تێكى تایفه‌گه‌رییه‌ كه‌ داعش ده‌یكات به‌ په‌ناگه‌یه‌كى خۆى، جیا له‌وه‌یش رێكنه‌خستنه‌وه‌ى داموده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانه‌. لە لایەکی تر سه‌ركرده‌ نوێیه‌كه‌ى داعش سیاسه‌تى شه‌كه‌تكردن و په‌رته‌وازه‌ى سه‌رنج به‌كارده‌هێنێ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ناوه‌ندى عێراق و سووریا، له‌ لقه‌كانى ده‌ره‌وه‌ وه‌ك  رۆژئاواى ئه‌فریقیا و ناوه‌ڕاستى ئاسیا و ئه‌فغانستان هه‌ندێك كرده‌وه‌ى تیرۆریستى ده‌كات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین