مه‌رجه‌عێكى شیعه‌ وه‌ڵامى به‌رهه‌م ساڵح ده‌داته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

جه‌واد خاڵسى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌كانى شیعه‌ وه‌ڵامى راگه‌یێندراوێكى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق و فایق زێدانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى عێراق ده‌داته‌وه‌، له‌ وه‌ڵامه‌كه‌يدا هه‌ڵبژاردن به‌ "فه‌زیحه‌" ناو ده‌بات و به‌ به‌رهه‌م ساڵحیش ده‌ڵێ، "تۆ كه‌ڵكى پۆستى سه‌رۆك كۆمارییت نییه‌".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" نووسینگه‌ى جه‌واد خاڵسى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌كانى شیعه‌ى عێراق راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ توندى هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق و هه‌ڵبژاردنى ئه‌م مانگه‌ به‌ "فه‌زیحه‌" ناو ده‌بات. 

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت خاڵسى به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى ناكات كه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح هاوبه‌ش بووه‌، به‌ڵكو هێرشێكى توند ده‌كاته‌ سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح و ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌ى به‌ ناوى سه‌رۆك كۆمار قسه‌ ده‌كات، ده‌بێت شایسته‌ى ده‌ستووريى بۆ ئه‌م پۆسته‌ بسه‌لمێنێ".

دواتریش ئامۆژگارى به‌رهه‌م ساڵح ده‌كات كه‌ خۆى له‌و پۆسته‌ به‌ دوور بگرێت و ده‌شڵێ، "به‌ كه‌ڵكى ئه‌و پۆسته‌ نایه‌ت". دوێنێ به‌رهه‌م ساڵح و فایق زێدان له‌ راگه‌یێندراوێكى هاوبه‌شدا داوایان له‌ لایه‌ن سیاسییه‌كان كرد، پابه‌ند بن به‌ رێكاریى یاسایى له‌ ده‌ربڕینى ناڕه‌زاییه‌كان له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى 10ى تشرینى یه‌كه‌م، دووپاتیشیان كرده‌وه‌ ده‌بێت ململانێیه‌كان نه‌بنه‌ هۆى تێكدانى ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تى.

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌سه‌ر پشكى كورد رایگه‌یاندووه‌، ده‌یه‌وێ جارێكى تر خۆى بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار كاندید بكاته‌وه‌، یه‌كێتیش له‌وه‌دا پاڵپشتى ده‌كات، به‌ڵام پارتى دیموكراتى كوردستان دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پۆسته‌كه‌ هى كورده‌ و نابێت له‌ لایه‌ن حزبێكه‌وه‌ قورخ بكرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین