سه‌ركرده‌كانى سوننه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر دیدارى ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دوێنێ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا به‌ جیا پێشوازى له‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى عه‌زم كرد. سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر ئاشكراى ده‌كات، دیداره‌كه‌ به‌ هۆى كێبڕكێ و هه‌ڵبژاردن بووه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ پێنجى تشرینى یه‌كه‌م ماڵپه‌ڕى "وه‌ته‌ن"ى عێراقى نهێنى سه‌ردانى دوو سه‌ركرده‌ى سوننه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان ئاشكرا كردووه، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستى كه‌وتووه‌ ده‌ڵێ، "به‌ هۆى كێبڕكێ بووه‌".

حه‌لبووسى و خه‌نجه‌ر دوو ركابه‌رى یه‌كترن له‌ ناوه‌ندى سوننه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق، حه‌لبووسى سه‌رۆكایه‌تى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم و خه‌نجه‌ریش سه‌رۆكایه‌تى هاوپه‌یمانى عه‌زم ده‌كات. دوێنێ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ جیا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان كۆبوونه‌ته‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ خه‌نجه‌ر به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌ڵێ، "محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق به‌ سیفه‌ته‌ فه‌رمییه‌كه‌ى سه‌ردانى توركیاى كردووه‌، بۆیه‌ ده‌بووایه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا دیدارى له‌گه‌ڵ بكات، ئه‌مه‌یش وایكرد حه‌لبووسى كۆشش بكات بۆ هه‌ڵبژاردن به‌كارى بهێنێ و خۆى وه‌ك تاكه‌ سه‌ركرده‌ى سوننه‌ نیشان بدات كه‌ له‌گه‌ڵ رێبه‌رانى دنیا كۆده‌بێته‌وه‌".



دواتر سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراى ده‌كات، كه‌ كاتێك خه‌نجه‌ر به‌و هه‌وڵه‌ى زانیوه‌، داواى دیدارى ئه‌ردۆغانى كردووه‌ و دیداره‌كه‌ رێكخراوه‌. خه‌میس خه‌نجه‌ر كه‌ پیاوێكى سه‌رمایه‌دار و له‌ ئیستانبۆڵ نیشته‌جێیه‌ و به‌رژوه‌ندى بازرگانى له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، ئه‌م دیداره‌ى بۆ چووه‌ته‌ سه‌ر و دیداره‌كه‌ له‌ یه‌ك رۆژدا ئه‌نجام دراوه‌.

سه‌رۆكایه‌تى توركیا له‌ راگه‌یێندراوێكى كورت باسى ئه‌نجامدانى دیداره‌كانى كردووه‌ و به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه‌.

توركیا په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ ئوسامه‌ نوجه‌یفى سه‌رۆكى حزبى "للعراق متحدون" هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و حزبه‌ سوننه‌یه‌ له‌ مووسڵ چاڵاكه‌، ئێستایش ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ رێبه‌رانى دوو هاوپه‌یمانه‌كه‌ى تری سوننه‌یش كۆبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا دیار نیییه‌، چه‌نده‌ توركیا ده‌یه‌وێ كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق دابنێ؟

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین