عێراق چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كى ده‌گمه‌ن بڵاو ده‌كاته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌ بۆنه‌ى ساڵڕۆژى وه‌رگرتنى ئه‌ندامێتى عێراق له‌ كۆمه‌ڵه‌ى نه‌ته‌وه‌كان، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ى ده‌گمه‌ن بڵاو ده‌كاته‌وه‌، كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ ساڵى 1932 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ دووى تشرینى یه‌كه‌م به‌ بۆنه‌ى ساڵرۆژى ده‌رچوونى عێراق له‌ژێر راسپارده‌یى به‌ریتانیا له‌ ساڵى 1932 و وه‌رگرتنى ئه‌ندامێتى له‌ كۆمه‌ڵه‌ى نه‌ته‌وه‌كان، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ هاوپێچ له‌گه‌ڵى، سێى به‌ڵگه‌ى كۆنى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ به‌ "ده‌گمه‌ن" ناویان ده‌بات.

به‌گوێره‌ى به‌یاننامه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌، به‌ڵگه‌ى یه‌كه‌م له‌ یه‌كى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 1932 نووسراوه‌، راپۆرتێكى كۆمه‌ڵه‌ى نه‌ته‌وه‌كانه‌ كه‌ له‌باره‌ى ئه‌ندامێتى عێراق نووسراوه‌.

به‌ڵگه‌ى دووه‌م له‌ 17 ى تشرینى یه‌كه‌مى 1932 نووسراوه‌، نامه‌یه‌كى جه‌عفه‌ر عه‌سكرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراقه‌ ئاگاداربوونى عێراق له‌ بڕیاره‌كه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى نه‌ته‌وه‌كان نیشان ده‌دات.

سێیه‌میان وێنه‌ى ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ عێراق تێیدا ده‌بێته‌ ئه‌ندامى كۆمه‌ڵه‌ى نه‌ته‌وه‌كان له‌ سێى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 1932.

عێراق تا ساڵى 1932 له‌ژێر راسپارده‌ى به‌ریتانیا بوو كه‌ به‌ "ماندێت- ئینتیداب" ناو ده‌برا، له‌ سێى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 1932 راسپارده‌كه‌ هه‌ڵگیرا و عێراق بوو به‌ ئه‌ندام له‌ كۆمه‌ڵه‌ى نه‌ته‌وه‌كان كه‌ رێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تى بوو به‌ر له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین