هێرش كرایه‌ سه‌ر میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

شه‌وى رابردوو هێرشێكى سه‌رچاوه‌ نه‌ناسراو، كرایه‌ سه‌ر میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ سه‌ر سنوورى نێوان عێراق و سووریا، هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ وه‌ك باڵى سیاسى حه‌شدى شه‌عبى هه‌ژمار ده‌كرێت، رووداوه‌كه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى ئه‌یلوول هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌ راگه‌یێندراوێكدا پشتڕاستى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ شه‌وى رابردوو هێرش كرابێته‌ سه‌ر میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ ده‌شتایه‌كانى ئه‌لبوكه‌مال له‌ نزیك سنوورى عێراق و سووریا.

فه‌تح داواى ده‌ركردنى هێزه‌كانى بیانى له‌ عێراق ده‌كات وه‌ك رێگرییه‌ك بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و هێرشانه‌.

شه‌وى رابردوو روانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ئاشكراى كرد، به‌ درۆن هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند ئۆتۆمبیلێكى میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران له‌ ناو خاكى سووریا. تا ئێستا زانیارى دروست له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵام ده‌نگۆى كوژران و برینداربوونى چه‌كداران هه‌یه‌.

كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ ئاماژه‌ى به‌ لێدوانێكى وین مارۆتۆ گوته‌بێژى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش كردووه‌، كه‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و هێرشه‌ په‌یوه‌ندى به‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌ هه‌بێت.

پێشتر چه‌ندان جار له‌سه‌ر سنوورى عێراق و سووریا هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران، جیا له‌ ئه‌مریكا میلیشیاكان و لایه‌نه‌ شیعه‌كانى عێراق ئیسرائیل به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و هێرشانه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و به‌رپرسانى ئیسرائیلیش بێده‌نگى لێده‌كه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین