له‌ سۆران كچێكى گه‌نج كۆتايى به‌ ژیانى خۆى هێنا هەواڵ

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

كچێكى ته‌مه‌ن 18 ساڵ له‌ سۆران كۆتایى به‌ ژیانى خۆى ده‌هێنێ، وێراى ئه‌وه‌ى پۆلیس دووپاتى به‌رده‌وامبوونى لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێ، "كچه‌كه‌ نه‌خۆشى تالاسیمیاى هه‌بووه‌".

لە سۆران دوێنێ شەو کچێک لە ژوورەکەی بە پەت خۆیی بە پانکە هەڵواسیەوە دەستبەجێ گیانى لەدەست داوه‌، وتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان له‌ سۆران بۆ نوچەنێت دەڵێت، "کچەکە نەخۆشی تالاسیمیای هەبووە"

نەقیب شێروان خالد وتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە سۆران ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ى ئه‌یلوول  له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "دوای ئەوەی دوێنێ شەو کاتژمێر هه‌شتى شەو ئاگادار کراینەوە لەلایەن نەخۆشخانەی گشتی ئاشتی بە بوونی تەرمی کچێکی 18 ساڵه‌ بە ناوی مەیسون، دانیشتووی سۆران لە گەڕەکی بەختیاری ، بەگوێرەی قسەی کەسوکاری کچەکە لە ژووری خۆی لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیان بە پەت خۆی بە پانکە هەڵواسیەوە، دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە".

نەقیب شێروان روونیکردەوە به‌گوێره‌ى وته‌ى كه‌سوكارى، كچه‌كه‌ هیچ كێشه‌یه‌كى نه‌بووه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ى پۆلیس گوتى، "ئەو کچە قوتابی بووە بۆ ئەمساڵیش لە خوێندن دەرچووە، بەڵام ناوبراوە نەخۆشی تالاسیمیای هەبووە دوو مانگ جارێک پێویستی بە وەرگرتنی خوێن هەبووە، باری دەروونی تەواو نەبووە، بۆیە کەسوکاری مەیسون هیچ سکاڵایەکییان تۆمار نەکردووە ، هۆکاری خۆ خنکاندنەکە تا ئێستا نادیارە".

بەگوێرەی زانیاریی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە سۆران، بۆ ئەمساڵ ئەوە یەکەمین حاڵەتی خۆکوشتن بووە لە دەڤەری سۆران .
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین