ته‌نگژه‌یه‌كى نوێ.. ده‌ستوورى عێراق به‌ به‌رتیل نووسراوه‌ته‌وه‌؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

باقر جه‌بر زوبه‌یدى وه‌زیرى پێشووترى ناوخۆى عێراق ته‌نگژه‌یه‌كى سیاسى دروست كردووه‌، به‌وه‌ى گوتوویه‌تى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق به‌رتیلیان وه‌رگرتووه‌. چه‌ندان ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌ كه‌ له‌ ژیان ماون سكاڵا له‌سه‌ر زوه‌به‌یدى تۆمار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ده‌بێت داواى لێبوردن بكات و ئه‌ویش ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و داوایه‌ى ئه‌وان جێبه‌جێ بكات.

باقر جه‌بر زوبه‌یدى كه‌ پێشتر وه‌زیرى ناوخۆى عێراقى بووه‌، سێ جارى تریش پۆستى وه‌زیرى له‌ حكومه‌ته‌كانى عێراق وه‌رگرتووه‌، یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانى شیعه‌ى سه‌ربه‌ ئێرانە و پێشتر له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ئێران له‌ شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌دا دژى عێراق جه‌نگاوه‌، هه‌فته‌ى رابردوو له‌ دیمانه‌یه‌كى كه‌ناڵى ته‌له‌ڤزیۆنى "التغییر"ى عێراقى به‌ لێدوانێك ته‌نگژه‌یه‌كى سیاسى نایه‌وه‌.

زوبه‌یدی ده‌ڵێ ئه‌ندامانى لیژنه‌ى ده‌ستوور به‌رتیلیان له‌ به‌رپرسانى ئه‌مریكا وه‌رگرتووه‌، زوبه‌یدى ده‌ڵێ، "ئه‌ندامانى لیژنه‌ى ده‌ستوور هه‌موویان، به‌ سوننه‌ و شیعه‌ و كورده‌وه‌، فێڵیان لێكراوه‌ له‌وه‌ى به‌ ئاشكرا 150 هه‌زار دۆلاریان پێدراوه‌". دواتر ده‌ڵێ، "لیژنه‌كه‌ به‌ ناچاركردن و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ستوورى نه‌نووسیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو دواى وه‌رگرتنى پاره‌كه‌ بووه‌".

مه‌حموود عوسمان و فوئاد مه‌عسوم و حه‌مید موسا
سكاڵا له‌سه‌ر زوبه‌یدى تۆمار ده‌كه‌ن

 

لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق له‌ 55 ئه‌ندام پێكهاتبوو، له‌ ساڵى 2005 ده‌ستووره‌كه‌ خرایه‌ راپرسییه‌وه‌ و په‌سه‌ند كرا.

ئه‌و زانیارییانه‌ى باقر جه‌بر زوبه‌یدى ده‌نگۆیه‌كى زۆرى له‌ناو راگه‌یاندن ناوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ زۆرێك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ له‌ ژیان ماون و له‌و لێدوانه‌ى زوبه‌یدى ناڕازیین. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ى ئه‌یلوول رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك له‌و ئه‌ندامانه‌ سكاڵایان له‌سه‌ر زوبه‌یدى تۆمار كردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، "سه‌رچاوه‌ دادوه‌رییه‌كان له‌ به‌غدا دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌، لە دادگاى ره‌سافه‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو له‌ رێگه‌ى پارێزه‌رانى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور سكاڵا له‌ دژى زوبه‌یدى تۆمار كراوه‌" ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش كراوه‌ له‌ سكاڵاكان زوبه‌یدى به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه‌ گومانى له‌سه‌ر ده‌ستوور هه‌یه‌.


هه‌مان رۆژنامه‌ى به‌رپرسێكى نووسینگه‌ى زوبه‌یدى دواندووه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراقى داوا له‌ زوبه‌یدى ده‌كه‌ن له‌ رێگه‌ى هه‌مان كه‌ناڵى ته‌له‌ڤزیۆنى داواى لێبوردن بكات، به‌ڵام زوبه‌یدى ره‌تى ده‌كاته‌وه‌" هه‌مان به‌رپرس ده‌ڵێ، "نووسینگه‌ى زوبه‌یدى كاغه‌ز و به‌ڵگه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان ئه‌و پاره‌یه‌یان وه‌رگرتووه‌".

یه‌كێك له‌و ئه‌ندامه‌ كوردانه‌ى كه‌ زوو له‌به‌رانبه‌ر لێدوانه‌كه‌ى زوبه‌یدى هاته‌ده‌نگ، د. مه‌حموود عوسمان بوو كه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكى سه‌ربه‌خۆى كورده‌، مه‌حموود عوسمان له‌ راگه‌یێندراوێكدا ده‌ڵێ، "وه‌ك ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ناوبراو، داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى و داواكارى گشتى ده‌كه‌م، دۆسیه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى تاوان له‌م تۆمه‌ته‌ ترسناكه‌ بكه‌نه‌وه‌، راستییه‌كه‌ بۆ عێراقییه‌كان ئاشكرا بكه‌ن، یانیش دادگایى زوبه‌یدى بكه‌ن كاتێك نه‌یتوانى تۆمه‌ته‌كان بسه‌لمێنێ".

حه‌مید موسا كه‌ ئه‌و كات سكرتێرى حزبى شیوعى عێراقى بووه‌ و ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌یش بووه‌ له‌ راگه‌یێندراوێكدا زوبه‌یدى به‌ "درۆكردن و بوختانكردن" تۆمه‌تبار ده‌كات و ئاشكرایشى ده‌كات چه‌ندان ئه‌ندامى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور داوا ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر زوبه‌یدى داواى لێبوردن نه‌كات ئه‌وا سكاڵاى له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ن.

هاوشێوه‌ى مه‌حموود عوسمان و حه‌مید موسا وائیل عه‌بدوله‌تیف كه‌ ئه‌ویش ئه‌ندامى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق بووه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زوبه‌یدى به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌، ده‌ڵێ دوو نوێنه‌رى عه‌لى سیستانى كه‌ ئه‌وانیش ئه‌حمه‌د سافى و عه‌لى سافى بوون، ئه‌ندام بوون له‌ لیژنه‌كه‌. عه‌بدوله‌تیف باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ر یه‌كه‌ له‌ حه‌مید موسا و عه‌دنان جه‌نابى و فوئاد مه‌عسوم و مه‌حموود عوسمان سكاڵا له‌سه‌ر زوبه‌یدى تۆمار ده‌كه‌ن.

باسم خه‌شان په‌رله‌مانتارى سه‌ربه‌خۆى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌م جۆره‌ ده‌نگۆ و پروپاگه‌ندانه‌ له‌ عێراق له‌ سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردن دروست ده‌بن. سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌ته‌كه‌ى زوبه‌یدیش ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ هه‌ر وڵاتێك بێت ئه‌وا له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت و به‌ ئاسانى تێناپه‌ڕێت، كه‌چى له‌ عێراق به‌ ئێواره‌ خوانێك چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و بێده‌نگى لێ ده‌كرێت!

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین