دياريكردنى نەخشەرێگەى گۆڕانكارى پەيوەندى نێوان توركيا و ئيمارات وەرگێڕان

نوچەنێت:

بۆ هەڵسانگاندنى ئەنجامى دەستپێكردنەوەى ديپلۆماسى ئەو دواييەى نێوان ئيمارات و توركيا، پێوستە لە ئايدۆلۆژيا و جوگرافياى سياسى ناوچەيى و ريشەى ناكۆكى ئەو دوو وڵاتە تێبگەين.

توركيا و ئيمارات لەسەر چەند پرسێكى سياسى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ناكۆكن، ئەوەش بەهۆى پاشخانى قەيرانى ئەو ناوچەيە، كە لە سوورياوە دەست پێدەكات تا دەگاتە توونس، بەڵام بەو دواييە هەردوولا پەيامى رەزامەنديان بۆ يەكتر نارد، هەنگاويان بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانيان گرتەبەر.

رۆژى (١٨)ى ئاب شێخ تەحنون بن زايد ئال نيهان سەردانى ئەردۆغانى كرد، هەردوولا گفتوگۆيان لەسەر پلانى وەبەرهێنانى ئيمارات لە توركيا كرد، هەروەها گفتۆگيان لەسەر پرسە ناوچەييەكانى تر كرد. ئەو سەردانە ئاماژەيە بۆ ئەگەرى قۆناغێكى نوێى دەستپێكردنەوەى پەيوەندييە ديپلۆماسييەكانى نێوانيان، ئەمەیش وادەكات ئەنقەرە و ئەبوو زەبى تواناى بەڕێوەبردنى ناكۆكييەكانى نێوانيان هەبێت، لە پێناو بەهێزكردنى بازرگانى و بەرهەمهێنان، كە هەردوولا تێيدا سوودمەند دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا ویستى تێگەيشتن لە گۆڕانكارى هاوشێوە هەيە، ئەوەى گرنگە وەسفكردنى گۆڕاو و نەگۆڕەكانى پەيوەندى نێوان ئەو دوو وڵاتەيە.

 

دەستپێكى ناكۆكييەكان، ئاسايى بوونەوە و پاشەكشە 

دەكرێت ريشەى ناكۆكييەكانى ئێستاى ئيمارات و توركيا بگێڕينەوە بۆ بەهارى عەرەبى، كاتێك ڕاپەڕينە جەماوەرييەكان ــ  لەگەڵ گرووپە ئيسلامييەكان ــ چەند دەسەڵاتێکى وڵاتانى عەرەبييان لەسەر حوكم لادا، لەو كاتەوە توركيا بەشێوەيەكى گشتى پاڵپشتى ئەو گروپە ئيسلامييانەى دەكرد، ئيماراتيش ئەوەى بە هەڕەشەيەكى گەورە دەزانى، ئەنقەڕە و ئەبوو زەبى لەو كاتەوە لە رووى سياسى و ئايدۆلۆژييەوە لەو ناوچەيە بەر يەككەوتوون، پەيوەندييەكانيان گەيشتە خراپترين ئاست، كاتێكيش لە (٢٠١٣) ئيخوان لە ميسڕ دەسەڵاتى لە دەستدا پەيوەندييەكانيان لە پچڕان نزيك بۆوە، دواتر لە (٢٠١٧) قەيرانى كەنداو و جەنگى ليبياى بەدواوە هات، ئەو ناكۆكييانە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و كۆمەڵێك ئاڵۆزى ديپلۆماسى بووە هۆكارى زيادبوونى ئاڵۆزييەكانيان نێوانيان، بەڵام  پەيوەندى نێوانيان نەگەيشتە پچڕانى ديپلۆماسى.

 لە (٢٠١٨) ساڵێك دواى ئاڵۆزييەكان، ئەبوو زەبى بەهێواشى داواى لە خەليفە شاهين كرد، باڵيۆزى لە توركيا بگۆڕێت، بەڵام تا ئێستا باڵيۆزى نوێى نەناردۆتەوە بۆ توركيا.

شرۆڤەكردنى پەيوەندييەكانى نێوان ئيمارات و توركيا لە (١٠) ساڵى رابردوو ئاڵۆزە، هەرچەندە نەگەيشتۆتە ئاستى پچڕان، بەڵام ئەوە بەلاڕێدابردنى شرۆڤەكانە، بۆ نمونوە لە (٢٠١٦) ئەنقەرە و ئەبوو زەبى بۆ چارەسەكردنى كێشەكانيان و ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوانيان گفتوگۆى راستەوخۆيان هەبوو.

 لە مانگى نيسانى (٢٠١٦) مەولود چاوشئۆغلۆ سەردانى محەمەد بن زاهيد محەمەد بن راشيد ئال مەكتومى و عەبدوڵا بن زايدى كرد.

 لە مانگى ئايارى هەمان ساڵ، ئەبوو زەبى راگەياند شاهين باڵيۆزى نوێى ئيماراتە لە توركيا، كە ئەو پۆستە لە (٢٠١٣) وە بە تاڵ بوو. تەنانەت تۆمەتباركردنى ئيمارات بە هاوكاريكردنى كودەتاى توركيا لە (٢٠١٦)، كۆتايى بە گفتوگۆگانى نێوانيان نەهێنا.

توركيا هەوڵيدەدا ئەو كەسانەى بەشێكن لە هەوڵى كودەتاى (٢٠١٦)، كە لە ئيمارات دەستگيركراون، حكومەتى ئيمارات رادەستيان بكات، كاتێكيش ئيمارات دوو جەنەڕاڵى توركى لە فڕۆكەخانەى دووبەى دەستگيركرد كە لە ئەفغانستان كاريان دەكرد، ئيمارات رادەستى توركياى كردنەوە.

لە مانگى ئۆکتۆبەرى (٢٠١٦) ئەنجوموەنى هاوكارى كەنداو و رێكخرى نێودەوڵەتى لە پێشەوەى ئەو رێكخراوانە بوون، کە جەماعەتى گولەنى نەيارى سەرسەختى ئەردۆغانيان وەك رێكخراوێكى تيرۆرستى ناساند، ئەوەش دەستپێشخەرييەكى روون بوو بۆ دەربڕينى نيەت باشى بەرانبەر حكومەتى توركيا.

ئەنقەڕەش پێشوازى لەو هەوڵە كرد، دواتر مەولود چاوشئۆغلۆ رايگەياند، "توركيا و ئيمارات؛ سياسەت و بەرژەوەندى ناوچەييان يەكە"، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانى توركيا ئيماراتيان تۆمەتبار دەكرد بەهەبوونى پەيوەندى بە كودەتاكەى (٢٠١٦)، دەتواندرێت بگوترێت، "گرنگى دانى ئەنقەڕە بەو بەرژەوەندييانە لە ئاستێكى لاوازدا بوو".

سەردانى عەبدوڵا بن زاهيد وەزيرى دەورەوى ئيمارات بۆ توركيا خاڵى گۆڕانكارییەکان بوو، توركيا  وەبەرهێنانى دارايى ئيماراتى لە وڵاتەكەى، لە بەرانبەر رادەستكردنى دوو  ئەندامى ئيخوان بەو وڵاتە و هەماهەنگى لە پرسە ناوچەييەكانى تر رەتكردەوە، دواى ئەوە قەيرانە ناوچەييەكان و دوولانەكان و هێرشى راگەياندنى دوولايەنەى توركيا و ئيمارات بووە هۆى كێشەيەكى زۆر مەترسيدار لەو ناوچەيە، چونكە بە شێوەيەكى زياتر بڵاو دەبۆوە. 

 

هۆكارە شاروەكانى پشتەوەى دووركەوتنەوەى نێوان توركيا و ئيمارات

پێويستە دان بەوە دابنێين، هەر هەوڵێك بۆ كۆتاييهێنان بە ناكۆكى ئايدۆلۆژى نێوان ئەو دوو وڵاتە، كە لە ئەنجامى كێشە دوولايەنەكان و نەبوونى ديدێكى هاوبەشى جيۆسياسسي و پاڵپشتيكردنى ئەو دوو وڵاتە بۆ گروپە ناكۆكەكان دروست بووە، ئەو بۆشايەشى کە پاشەكشەى رۆڵى ئەمريكا لەو ناوچەيە دروستيكرد، هێزە ناوچەييەكان پڕيانكردەوە، ئەوەش بووە هۆى بەريەكکەوتنى تێروانينى هێزە باڵادەستەكانى ئەو ناوچەيە.

ئەنقەڕە و ئيمارات بە ئامانجى زياكردنى هەژموونى سياسى و ئابوورى و سەربازى، سياسەتى فراوانخوازييان لەو ناوچەيە گرتەبەر، ئەوەش هەردوولاى رووبەڕووى يەكتر كردەوە، بوونى سەربازى توركيا لە قەتەڕ و كيشوەرى ئەفريقيا، زەنگى ئاگاداركردنەوە بوو لاى ئيمارات و ميسڕ و سعوودييە، لە پاڵ ئەوانەشدا ليبيا بوو بە بەرەيەكى ترى جەنگ بۆ هێزە ناكۆكەكانى نزيك لە توركيا و ئيمارات.

ئەوەش ئاڵۆزييەكانى زياتر كرد بۆ مامەڵەكردنى وەزارەتى دەرەوەى توركيا لەگەڵ ئيمارات، هەرچەندە ئيمارات گرنگترين وەبەرهێنەرە لە توركيا، مامەڵەكردنى توركيا لەگەڵ پەيوەندى وەبەرهێنان وەك خاڵێكى لاوەكى بوو لە سياسەتى دەرەوە، بە درێژايى ساڵانى دواى بەهارى عەرەبى توركيا پەى بێهيواييەكانى ئەبوو زەبى نەبردووە لە پرسە تايبەتەكانى پەيوەست بەهەردوو دوولا.

 لە (٢٠١٦) توركيا لەبرى وەك لايەنێكى كاراى ناوچەيى خاوەن هەژموونى گەشەسەندو حيساب بۆ ئيمارات بكات، كەچى پێى وابوو ئيمارات شانشينێكى بچووكى كەنداوە، بەڵام تموحى زۆرە.

خراپى بەردەوامى پەيوەندى نێوان هەردوولا بووە هۆى دروستبوونى قەيرانەكان،  ئەگەرچى توركيا بانگهێشتى باڵيۆزى خۆى لە ئەبوو زەبى نەكردەوە، بەڵام پەيوەندى ديپلۆماسى نێوانیان لەسەر ئاستى باڵا زۆر لاواز بوو، بەبەراورد لەگەڵ قەتەڕ، يەكێك لەو پەيوەندييە ديپلۆماسيە دەگمەنانەى لە (٢٠١٣) ئەردۆغان لەبرى سەردانى ئەبوو زەبى بكات، سەردانى شاريقەى كرد، ئەوەش بڕيارێك بوو سەركردايەتى ئيمارات پێى رازى نەبوو، ئەگەر ژمارەى پەيوەندييە ديپلۆماسييەكان زياتر بوايە، ئەگەرى تێپەڕاندنى ناكۆييە ئايدۆلۆژى و جيوسياسييەكان زۆر ئاسانتر دەبوو.

 

ئايا ئەگەرى ئاسايى بوونەوە هەيە؟

ئەردۆغان لە ديدارەكەى هەفتەى رابردوو پێشوازى لەو پڕۆژەيە كرد، كە تەحنون خستيە بەردەمى بۆ وەبەرهێنانى ئيمارات لە توركيا، ئەگەر سەير بكەين ئەو پڕۆژەيە لە (٢٠١٦) خرايە بەردەمى ئەردۆغان، ئەوەش دەكرێت ئەوەى لێ بخوێندرێتەوە لە بەرانبەر هەندێك سازش و هاوكارييە لە پرسە ناوچەييەكان.

باشترين رێگە بۆ هەڵسەنگاندنى ئەگەرى ئاساييبوونەوەى پەيوەندييەكانيان، بريتيیە لە هەڵسەنگاندنى چۆنيەتى گۆڕانكارى لەو فاكتەرانەى كاريگەرى لەسەر ئەو ململانێيە هەبوو.

لەسەر ئاستى ئايدۆلۆژى ئەمرۆ مۆركى ئيسلامى لە سياسەتى دەرەوەى توركيا زۆر لاواز بووە، چەند مانگێك پێش ئێستا، حكومەتى توركيا داواى لە ئيخوان كردەوە رەخنەكانيان بەرانبەر حكومەتى ميسڕ كەمبكەنەوە.

لەگەڵ ئەوەش ئەنقەڕە، لە چەند ساڵە رابردوو رۆڵى خۆى لە سوريا ببينێت، دەكرێت بگەينە ئەنجامى ئەوەى ناكۆكى ئايدۆلۆژى نێوان توركيا و ئيمارات بەربەستێكى گەورە نييە لەبەردەم ئەو ئاسايى بوونەوەيە.

لەوەش گرنگتر ئەوەيە سەركردەكانى ئيمارات و توركيا دواى چەند ساڵێك لە ململانێى توند نيەت و تواناى يەكتر دەزانن، شاهينى باڵيۆزى ئيمارات دواى گێڕانەوەى بۆ ئەبو زەبى كرايە ياريدەرى وەزيرى دەرەوە، پاشان بووە وەزيرى كاروبارى دەوڵەت، كان دەزدار باڵيۆزى توركيا لە ئيمارات كرا بە بەرێوبەرى گشتى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باكورى ئەفريقيا لە وەزارەتى دەرەوەى توركيا.

ئەوەش هەلێكى بۆ ئەنقەرە و ئەبوو زەبى رەخساند هەڵسەنگاندن بۆ يەكتر بكەن، بەتايبەت لە ليبيا، هەردوولا نەيانتوانى خاڵە لاوازەكانى يەكتر تۆمار بكەن، ئەوەشى بووە هاندنى هەردوولا، گرنگى بە كەناڵە ديپلۆماسييەكان بدەن.

گۆڕانكارى لە رۆڵى ئەمريكا يەكێكى تر بوو لە فاكتەرەكان، هەڵبژاردنى بايدن بەسەرۆك لە سەرەتاوە ئەوەى لێچاوەڕوان دەكرا، بە بەراورد بە سەردەمى دۆناڵد ترامپ، ئەمريكا زياتر دەست لەو ناوچەيە وەربدات، بەڵام كشانەوەى ئەمريكا لە ئەفغانستان ئەو پێشبينيەى لاوازتر كرد، بەپێچەوانەوە سياسەتى بايدن ئاماژە بەوە دەكات بە درێژايى ساڵى رابردوو ئەمريكا بەردەوام بووە لە پاشەكشەكردن لەو ناوچەيە، ئەوەش بۆتە هۆكارى ئەوەى تا ئێستا دۆخەكان ناجێگيربن، بۆشايى لە دەسەڵاتى ئەو ناوچەيە دروست ببێت.

بەڵام گۆڕانكارى گرنگتر بريتیيە لە پاشەكشەى توركيا لە لايەنى هێزەوە، بەهۆى كێشەى ئابوورى و كێشەكانى ترى پەيوەست بە سياسەتەكانى ناوخۆ، سەركردايەتى ئيمارات هاوشێوەى سعوودييە و ميسڕ، هەست بە لاوازى ئەردۆغان دەكەن، كە بۆتە هۆى ئەوەى سازشەكانى زياتر بكات، بە پێچەوانەوە، ئيمارات كاتێك ئەو قسانەى سيدات پەكەرى وروژاند و ئيماراتى بۆ كرد بە پەناگەيەكى ئارام، بۆ ئەوەى ڤيديۆكانى پەيوەست بە نهێنييەكانى سياسەتى توركيا ئاشكرا بكات، ئەوكاتە دەركەوت ئەردۆغان و پارتەكەى كۆمەڵێك دۆسيەى ئابڕوبەرانەيان هەيە، لە بەرانبەردا دواى كۆبوونەوەى شێخ تەحنون و ئەردۆغان، ئەردۆغان ئامادەيى خۆى دەربڕى بۆ واژۆكردنى گرێبەستێك، لايەنى ئيماراتيش زۆر ئاسايى ترە بۆ ئەو ئاشتبوونەوەيە.

ئەو فاكتەرانە هيچ روداووێكى لە گۆڕانكارى پەيوەندييەكانيان لەخۆى نەگرتووە، تەنيا پەيوەندى ديپلۆماسى لەسەر ئاستى باڵا هەيە، بەتايبەت كۆبوونەوەى ئەردۆغان و محەمەد بن زايد دەبێتە مايەى ئاسايى كردنەوەى پەيوەندييەكان و مامەڵەكردنى نێوانيان، ئەگەر لەداهاتوو ململانێ لە نێوانيان رووبدات، داهاتوو هەرچۆن بێت، هەردوولا چەند جارێك رايانگەياندوە، توركيا و ئيمارات كێشەى قووڵيان لەگەڵ يەكتر نيە، بەڵام هەندێك شت هەيە دۆخى سياسى ناوخۆ لە توركيا دەوەستنێت، ئەگەر توركيا سەركەوێت بەسەر كورتهێنانى ئابوورى و بچووكردنەوەى نەيارە سياسيەكانى دژبە سياسەتە ناوخۆييەكانى ئەردۆغان، ئەو جارێكى تر ئەگەرى بەريەككەوتنى ئايدۆلۆژى و جيۆسياسى نێوان توركيا ئيمارات زياتر دەبێتەوە.

گۆخان دەميرتاش و حاسم تەكينس

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین