دوو راوێژکارانی سەرۆکی حکومەت راپۆرتێک لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان ئامادە دەکەن کوردستانی

نوچەنێت:

هەر یەک ڕێبوار تاڵەبانى و دژوار فایق وەک ڕاوێژکارى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ کێشەى ناوچە کوردستانییەکان دیاریکران، ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستانیش دەڵێت، "ئەم دوو ڕاوێژکارە ڕاپۆرتێک لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ سەرۆکى حکوومەت ئامادە دەکەن."

هەردوو ڕاوێژکارى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم لە پەرلەمان کوردستان کۆبوونەوە، جوان یونس، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت رایگەیاند، "دانیشتنی ئەمڕۆى پەرلەمان و ڕاوێژکارانى حکوومەت بۆ ئامادەکردنى ڕاپۆرتێک بوو لەسەر ڕەوشى ناوچەکە کوردستانییەکان." 

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاماژەى بەوەشکرد، "رێبوار تاڵەبانی و دژوار فایەق بە مەبەستى ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر رەوشی ناوچە کوردستانیەکان بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرجەم ئەو لایەنانە دەکەن کە پەیوەستن بە ناوچە کوردستانیەکان و یەکەم  وێستگەش لەگەڵ ئێمە وەک لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەى هەرێم کۆبوونەوە."

لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم لە پەرلەمانى کوردستان، لەڕووى یاساییەوە پێشنیارەکانى خۆیان بەو لیژنەداوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى ئەو ناوچەیە.

جوان یونس ڕۆژبیانى ئەوەشى بە نوچەنێت ڕاگەیاند، " لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ئەو لیژنەیە گفتوگۆى کێشە و گرفتەکانى خەڵکى ناوچە کوردستانییەکانمان کرد، هەروەها چەند پێشنارێکمان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەمان خستەڕوو و ئەو گیروگرفتانەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە رۆژانە دەگەیننە لیژنەکەمان. " 

وا بڕیارە دواى تەواوبوونى ڕاپۆرتەکى ڕێبوار تاڵەبانى و ڕێبوار فایەق، ئاراستەى سەرۆکایەتیى حکوومەتى دەکرێت، بۆ ئەوەی لە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین