به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ و گۆڕینی ناونیشانی فه‌رمانبه‌ران، به‌ باشبوونی دۆخی داراییه‌وه‌‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ کوردستان- عێراق

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ و گۆڕینی ناونیشانی فه‌رمانبه‌ران ڕاگیراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی كوردستان، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌، یاداشتییان به‌ حكومه‌ت داوه‌، به‌ڵام ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، گێڕانه‌وه‌ی مافی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ و گۆڕینی ناونیشانی وه‌زیفی فه‌رمانبه‌ران، به‌ باشبوونی دۆخی داراییه‌وه‌‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێك كه‌ له‌ ڕۆژی (20/4/2015) له‌ وێبسایتی باسنیوز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌تای مانگی چواری (2015) به‌ نووسراوێك كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، بڕیاری ڕاگرتنی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ و ناونیشانی وه‌زیفی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دراوه‌، له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، كه‌ به‌هۆی په‌سه‌ندنه‌كردنی بودجه‌ی ساڵی (2015)ه‌وه‌، بەگوێره‌ی یاسا نابێت پله‌ و ناونیشانی فه‌رمانبه‌ران بگۆڕدرێت.

په‌رله‌مانتارێكى یه‌كگرتوو:
ئێمە هەموو شتێکمان کردووە كه‌ لە کاری پەرلەمانیدا بێت
بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە

 

هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و بڕیاره‌ی تا ساڵی (2016) ڕاگرت، كه‌چی دواتر وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تێكڕای ئه‌و پلانه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ له‌ ساڵی (2015)دا به‌رزكرابوونه‌وه‌، له‌دوای ده‌رچوونی یاسای ژماره‌ دووی ساڵی (2020)، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ "چاكسازی له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان/ عێراق" له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ستییان پێكردووه‌ته‌وه‌‌، كه‌ ئه‌و مافه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران بگێڕنه‌وه‌، هه‌ر له‌و میانه‌یه‌دا،‌ ڕۆژی (21/6/2020) لیژنه‌ی ده‌ركردن و پێداچوونه‌وه‌ی ڕێنمایی دارایی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆمه‌ڵێك بڕیاری له‌ باره‌ی پێداچوونه‌وه‌ و ڕێكخستنی پله‌ و ناونیشان و مووچه‌ و وه‌زیفه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد، كه‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی وه‌زیفه‌ی خزمه‌تی شارستانیی، پێشمه‌رگایه‌تیی، هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆ ده‌گرێته‌وه‌، بڕیاره‌كانیش بریتین له‌:

یه‌ك: هه‌ر رێكخستنه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت، پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی وه‌زیفی گشتیدا بێت له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه‌ و خزمه‌تی فیعلی و ئه‌و خزمه‌تانه‌ی كه‌ به‌ پێی یاسا به‌ركاره‌كان هه‌ژماركراون.

دوو: هیچ خزمه‌تێك هه‌ژمار ناكرێت ئه‌گه‌ر به‌پێی یاسا نه‌بووبێت.

سێ: یه‌كخستنی پله‌ی وه‌زیفه‌ و ناونیشان له‌گه‌ڵ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

چوار: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر پله‌یه‌كی وه‌زیفی و ناونیشانێك درابێته‌ فه‌رمانبه‌ر، كه‌ دژ بێت له‌گه‌ڵ یاسای ئاماژه‌ پێكراو.

پێنج: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێدانی ساڵانی خزمه‌ت بۆ مووچه‌خۆران، وه‌كو خزمه‌تی وه‌زیفی شارستانی و پێشمه‌رگایه‌تی و ئاسایشی ناوخۆ، بۆ ئه‌و ماوانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ماوه‌ی خوێندنی مووچه‌خۆر یه‌كده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و ماوانه‌ی كه‌ ئه‌ژماركراوه‌ و مووچه‌خۆر ته‌مه‌نی له‌ 16 ساڵ كه‌متر بووه‌.

شه‌ش: هه‌ر پێگه‌یه‌كی یاسایی له‌ بواری ڕاژه‌ی شارستانی ڕاژه‌ی گشتی درابێت به‌ فه‌رمانبه‌ر به‌ بڕیاری كارگێڕی ئه‌و پێگه‌یه‌ پارێزراو ده‌بێت.

حه‌وت: ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ پاش (31-12-2003) دامه‌زراون، به‌پێی یاسای ژماره‌ (22)ی ساڵی (2008)ی عێراقی كه‌ رێنمایی ژماره‌ (21)ی ساڵی (2008)ی پێده‌رچووه‌، راستكردنه‌وه‌ی مووچه‌ و ناونیشانیان بۆ ده‌كرێت.

له‌دوای ده‌رچوونی ئه‌و ڕێنماییانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جارێكی تر ئه‌و پرسه‌‌، ڕووبه‌ڕووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، داوای گێڕانه‌وه‌ی مافه‌كانی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن، چونكه‌ وه‌ك به‌شێك له په‌رله‌مانتاران جه‌ختی لێده‌كه‌نه‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ ناهه‌قییه‌كه‌ و ده‌رهه‌ق به‌ فه‌رمانبه‌ران كراوه‌ و پێویسته‌ ئه‌و ناهه‌قییه‌ كۆتایی پێبهێنرێت، له‌مه‌یشدا بۆچوونی په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لێك نزیكن.

لوقمان وه‌رتی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ پێشتر (36) په‌رله‌مانتار یاداشتێكییان ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، له‌و یاداشته‌دا داوایان له‌ حكومه‌ت كردووه‌، هه‌رچی زووه‌ مافی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ و گۆڕینی ناونیشان بۆ فه‌رمانبه‌ران بگێڕێته‌وه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانییان بۆ خه‌رج بكات، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان گوتی:"حكومه‌ت هیچ پاساوێكی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌، ئه‌و مافه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران بگێڕێته‌وه‌، قه‌ره‌بووی ئه‌و غه‌دره‌یش بكاته‌وه‌، كه‌ تا ئێستا لێیانكراوه‌".

په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى:
حكومه‌ت هیچ پاساوێكی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌

 له‌باره‌ی هه‌مان پرسه‌وه‌، شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند، بڕیاری ڕاگرتنی به‌رزكردنه‌وه‌ و گۆڕینی پله‌ و ناونیشانی فه‌رمانبه‌ران، بڕیارێكی هه‌ڵه‌یه و پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ مافێكه‌ به‌ یاسا ڕێكخراوه‌ و پێویسته‌ به‌ یاسایش ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت گوتی:"ئێمە هەموو شتێکمان کردووە كه‌ لە کاری پەرلەمانیدا بێت، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە و نەهێشتنی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان".

له‌سه‌روه‌ختی گفتوگۆكانی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ په‌سه‌ندكردنی یاسای چاكسازیی، ئاواتی شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌ كرد، ئه‌و گوتی، "به‌و پرۆژه‌یاسایه‌ی ئێستا له‌به‌رده‌ستی په‌رله‌ماندایه،‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌مان بۆ فه‌راهه‌م بكات، كه‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و ساڵانی خزمه‌ت دیاری بكه‌ین و پێداچونه‌وه‌ به‌هه‌موو دۆسیه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشدا بكه‌ین".

په‌رله‌مانتارێكى پارتى:
حكومه‌ت خه‌ریكی دیراسه‌كردنی پرسه‌كه‌یه‌ و ویستی چاره‌سه‌ركردنیی هه‌یه‌

 

ئێستا یاساكه‌ ده‌رچووه‌ و پرسه‌كه‌ هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی كوردستان، به‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت گه‌شبینن و پێیانوایه‌، ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، جه‌لال محه‌مه‌د ئه‌مین، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، گوتی، "هەموو هەوڵێک دراوە، هه‌موو فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان و په‌رله‌مانتاره‌كان، به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ستاون، حكومه‌تیش خۆی سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌یه‌، كه‌ تا ئێستا به‌هۆی بارودۆخی داراییه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، پێشبینی دەکەم لە ئایندەیەکی نزیکدا چاره‌سه‌ر بكرێت".

له‌ به‌رانبه‌ردا، وه‌یسی سه‌عید، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌، به‌ باشبوونی دۆخی داراییه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌و به‌ نوچه‌نێتی ڕاگه‌یاند، حكومه‌ت خه‌ریكی دیراسه‌كردنی پرسه‌كه‌یه‌ و ویستی چاره‌سه‌ركردنیی هه‌یه‌، گوتیشی:"بە دڵنیاییەوە هەرکاتێک بارودۆخی دارایی حکومەت باشبوو، به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ و گۆڕینی ناونیشانی فه‌رمانبه‌رانه‌ و مافی حکومەتیش مافی فەرمانبەران جێبەجێ دەکات".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین