مەسرور بارزانى: پارتى گەورەترین حزبى کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە بۆنەى یادى دامەزراندنى (75)مین ساڵەى پارتى دیموکراتى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، " مێژووی پارتی، مێژوویەکی شکۆداری پڕ لە قوربانیدان و خەباتکردن و دانەبڕان لە خاك و گەلی کوردستان و سازشنەكردنە لەسەر پرسە كوردستانییەكان لەژێر هەر گوشارێكدا بێت."

ئەمڕۆ دووشەممە (16)ى ئابى (2021)، مەسرور بارزانى، لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەشکردووە کە، "پارتی کە ئەمڕۆ گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە، هەمیشە لە گەڵ جەماوەرەکەی و درووشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی راستگۆ بووە و خاوەنی سیاسەتێکی حەكیمانەیە کە سەرچاوەکەی، دانایی و مێژووی پڕ لە سەروەری جەنابی سەرۆک بارزانییە."

 

پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بە بۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی رابەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کوردستانییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر دەکەم. 

دامەزراندنی پارتی وەک بزاڤێکی جەماوەری بەڕێبەرایەتی باوکی روحی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر، گەشانەوە و بووژانەوەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەک و وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی و وەڵامدانەوەی خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو لە پێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییە رەواکانیدا.

مێژووی پارتی، مێژوویەکی شکۆداری پڕ لە قوربانیدان و خەباتکردن و دانەبڕان لە خاك و گەلی کوردستان و سازشنەكردنە لەسەر پرسە كوردستانییەكان لەژێر هەر گوشارێكدا بێت.

پارتی کە ئەمڕۆ گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە، هەمیشە لە گەڵ جەماوەرەکەی و درووشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی راستگۆ بووە و خاوەنی سیاسەتێکی حەكیمانەیە کە سەرچاوەکەی، دانایی و مێژووی پڕ لە سەروەری جەنابی سەرۆک بارزانییە.

ئەمڕۆش کە یادی حەفتا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی پارتی دەکەینەوە، پەیام و كارنامە و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی، لە هەموو كاتێك بەهێزترن و بە گوڕو تینێکی زیاترەوە، لە خەبات و تێكۆشانیدا بەردەوامە. شانازییەکی گەورەی بەدیهاتنی دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستانیش، بەر پارتی دەکەوێت کە قوربانییەکی زۆری لەم پێناوەدا داوە. 

بێگومان كاروانی خەبات و تێكۆشانی پارتی، لە پێشڕەوایەتیكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان، بە هاوکاری و هەماهەنگیی لە گەڵ لایەنە کوردستانییەکان، لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز بەردەوامە و رۆژ لە دوای رۆژ، پارتی زیاتر دەبێتە جێگەی متمانەی خەڵکی كوردستان و هەموو هەوڵێکیش دەخاتەگەڕ، لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵکی خۆڕاگری كوردستان. 

لە یادی شازدەی ئابدا، بەڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشانی دامەزرێنەری پارتی و باوکی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر و شەهیدی سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە.

 مەسرور بارزانی 

16ی ئابی 2021

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین