ئێران كارەبا لەسەر عێراق دەبڕێت کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە وڵاتەكەیان پرۆسەی هەناردەی كارەبای بۆ عێراق وەستاندووەتەوە، وەزارەتی كارەبای عێراقیش دەڵێ‌، "هۆكارەكە كەمبوونەوەی ئاو و پێداویستی ناوخۆیی ئێرانە".

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاب، چەند ماڵپەڕێكی عێراقی و ئێرانی بڵاویان كردووەتەوە، هەناردەكردنی كارەبای ئێران بۆ عێراق وەستاوە. ماڵپەڕی بەغداد تودەی عێراقی لێدوانێكی مستەفا رەجەبی مەشهەدی بەرێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كارەبای ئێرانی بڵاوكردووەتەوە، كە گوتوویەتی، "وەستاندنی هەناردنی كارەبا پەیوەندی بە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی هەیە".
ئەو بەرپرسەی ئێران روونی كردووەتەوە، لەساڵی رابردوو زیاتر لە دوو هەزار میگاوات كارەبا رەوانەی عێراق كراوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پێداویستی ناوخۆیی كەمكراوەتەوە.
وەزارەتی كارەبای عێراقی لێدوانی لەسەر ئەم بابەتە داوە و  ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداد روونكردنەوەی بە عێراق داوە و دووپاتی كردووەتەوە كە ئێران بەدەست کەمی كارەباوە دەناڵێنێ‌ و ناتوانێ‌ كارەبا رەوانەی دەرەوە بكات.
ساڵانە عێراق پشت بە كارەبای ئێران دەبەستێت، چونكە ناتوانێ‌ بڕی پێویستی كارەبای خۆی دابین  بكات، بەگوێرەی ئەو لێدوانە فەرمییانە بڵاوكراونەتەوە، لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا 80 ملیار دۆلار بە ناوی چاككردنی كەرتی كارەبای عێراق خەرج كراوە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین