میدیاى رووسى: كورد دارستانه‌كانى توركیایان نه‌سووتاندووه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

میدیاكانى رووسیا ئه‌مڕۆ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، تۆمه‌تباركردنى رێكخراوێكى كوردى به‌ سووتاندنى دارستانه‌كانى توركیا، چیرۆكێكه‌ میدیاى توركیا دروستى كردووه‌ و وڵاتان باوه‌ڕى پێناكه‌ن، ته‌نانه‌ت بوونى رێكخراوێكى كوردى به‌ ناوى "رۆڵه‌كانى ئاگر" به‌ بابه‌تێكى گوماناوى ده‌زانن.

ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ چوارى ئاب، بابه‌تێكى "په‌له‌ ناكه‌ن له‌وه‌ى به‌رپرسیارێتى ئاگره‌كانى توركیا بخه‌نه‌ ئه‌ستۆى توندڕه‌وه‌ كورده‌كان!". له‌و بابه‌ته‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هیچ لایه‌نێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى توركیا بڕوا به‌وه‌ ناكات، كورد له‌پشت سووتاندنى ئه‌و دارستانانه‌وه‌ بێت.

ئه‌و بابه‌ته‌ پشتى به‌ نووسینێك به‌ستووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن گینادى پیترۆف له‌ رۆژنامه‌ى "نیزاڤیسیمایا غازیتا"ى رووسى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، نووسه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ كاتێكدا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا داوا ده‌كات چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ فه‌رمییه‌كان له‌ دۆسیه‌ى سووتانى دارستانه‌كان بكرێت، ئه‌وا میدیاى توركیا كورد تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن رێكخراوێكى كوردى به‌ ناوى "رۆڵه‌كانى ئاگر" له‌پشت ئه‌و رووداوانه‌ن.

نووسه‌ر پێیوایه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بوونى رێكخراوێك به‌م ناوه‌ جێى گومانه‌ و بۆیه‌ ئه‌مه‌ له‌ دروستكراوى میدیاكانى توركیایه‌. له‌ به‌شێكى ترى نووسینه‌كه‌ى پێیوایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى توركیایش كه‌س باوه‌ڕ به‌م تۆمه‌تباركردنه‌ ناكات و ده‌ڵێ، "پێویسته‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكرێت شاره‌زایان له‌ ده‌ره‌وه‌ متمانه‌ به‌وه‌ چیرۆكه‌ ناكه‌ن كه‌ ئاگره‌كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست بێت، چونكه‌ به‌ڕاستى ئه‌م هاوینه‌ توركیا گه‌رم بوو".

پێشتر چه‌ند میدیایه‌كى نزیك له‌ ئاكپارتى بڵاویان كردووه‌، رێكخراوێكى به‌ ناوى "رۆڵه‌كانى ئاگر" كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، دارستانه‌كانى توركیایان سووتاندووه‌، دوێنێ ده‌زگا فه‌رمییه‌كانى توركیا بڵاویان كرده‌وه‌ له‌ كۆى 132 ناوچه‌ى گڕگرتوو، ئاگرى 125 یان كۆنتڕۆڵ كراوه‌، تا ئێستا هه‌شت قوربانى هه‌یه‌ و به‌ سه‌دان كه‌سیش سووتاون و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و زیاتر له‌ 10 هه‌زار کەسیش به‌هۆى مه‌ترسى ئاگره‌كه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین