سروشتى پەيوەندییەکانی نێوان تاڵيبان و ئێران، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانیان
نوچەنێت:
دواى كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا و ناتۆ، توركيا بەهەماهەنگى لەگەڵ مەجەر ئامادەيە هێزەكانى لە فرۆكەخانەى كابولى نێودەوڵەتى بهێڵێتەوە، بە ئامانجى پارێزگاريكردن و بەڕێوەبردنى ئەو فرۆكەخانەيە، رووسياش هەوڵدەدات رۆڵێكى لەو وڵاتە هەبێت، ياخود تا ئەندازەيەك هەژموونى خۆى بسەپێنێت، بەڵام ئەنجوومەنى سەربازى ئەو كارەى رووسيا رەتدەكاتەوە، گرنگتر لەو باسانە قسەكردنە لەسەر سروشتى پەيوەندیى نێوان تاڵيبان و ئێران لەدواى واژۆكردنى رێككەوتنى دەوحە.
پرسيار ئەوەيە، ئايە پەيوەندى نێوان تاڵيبان لەگەڵ تاران دەگەڕێتەوە بەر لە رووخانى حكومەتى تاڵيبان؟ ئەو كاتە پەيوەندى ئەو دوولايەنە چۆن بوو؟ خاڵى هاوبەش و ناكۆكيان چى بوو؟.
ئەحمەدى نەژاد ئەندازيارى دروستكردنەوەى پەيوەندى نێوان تاڵيبان و ئێران بوو
سروشتى پەيوەندى ئەو ووڵاتە
لەو كاتەوەى تاڵيبان دەستى بەسەر ئەفغانستان داگرتووە، پەيوەندى ئێران و تاڵيبان تا ئەمڕۆ ئاڵۆزە، كە ئێستا تاڵيبان هەوڵدەدات جارێكى تر دەستبەسەر رووبەرێكى فراوانى خاكى وڵاتەكەى دابگرێتەوە.
لەدواى دەرچوونى يەكێتیى سۆڤيەت لە ئەفغانستان و كەوتنى حكوومەتى نەجيبوڵا لە (١٩٩٢) و كۆتاييهاتنى جەنگى ئێران و عێراق لە (١٩٨٨)، ئێران زياتر سەقامگير بوو، ئەوكاتە بايى ئەوە داهاتى دەهاتە دەست، هەژموونى خۆى لە ئەفغانستان زياتر بكات، لە (١٩٩٢ تا ١٩٩٦) هێزە ئەفغانييەكان دەستيان بە جەنگێكى ناوەخۆ كرد، لەپێناو دەستبەسەرداگرتنى تەواوى ئەفغانستان، بەتايبەتيش كابولى پايتەخت.
لە گەرمەى ئەو ململانێيانە تاران يارمەتى سەبرازى حزبى وەحدەى دا دژ بە حكوومەتى ناوەندى ئەفغانستان، بەوەش پەيوەندى دوژمنكارانەى نێوان تاڵيبان و تاران دەستى پێكرد.
دواى سەركەوتنى خێراى تاڵيبان لە ١٩٩٦، ئێران يارمەتييەكانى بۆ ئەو حیزبە زيادكرد، تا وايلێهات بەناوى هاوپەيمانى باكوور، دواتر بە بەرەى باكوور ناسرا، كە بزووتنەوەيەكى ئەفغانى ئۆپۆزسيۆن بوو، پێكهاتبوو لەو میليشيانەى کە لە دەورى پياوە خاوەن هەژموونەكانى تاجيكى و ئۆزبەگى و هەزارە لە باكوورى ئەفغانستان كۆبوونەوە.
لە قۆناغى حەفتاكان پەيوەندى ئێران لەگەڵ تاڵيبان دوژمنكارانە بوو، دواى ئەوەى تاڵيبان هێرشى كردە سەر شيعەكانى هەزارە لە ئەفغانستان، لوتكەى بەريەكەوتنەكانى نێوانيان دەستبەسەرداگرتنى قونسڵخانەى گشتى ئێران بوو، لە شارى مەزار شەريف لە مانگى ئابى ١٩٩٨، تاڵيبان ژمارەيەك شيعەى هەزارە و هاونشتيمانى ئێرانى و ديپلۆماتكارى ئەو وڵاتەى كوشت.
بەڵام دواى ماوەيەكى كەم بارودۆخەكە گۆڕا، ئەو گۆڕانكارييە لەسەردەستى مەحمود ئەحمەدى نەژادى سەرۆككۆمارى ئێران بوو، كە لە (٢٠٠٥) سەرۆكايەتى وڵاتەكەى گرتەدەست، لەو ماوەيە ئێران پەيوەندييەكانى لەگەڵ تاڵيبان بەهێزكردەوە، لە دوژمندارى تەواو گۆڕا بۆ دۆستايەتى فرەلايەنى بەرژەوەندخوازانە.
ئەو بنەمايانەى ئەحمەدى نەژاد داينا لەگەڵ هاوكێشەى دژايەتيكردنى هێزەكانى ئەمريكا لە ئەفغانستان و هەژموونى رۆژئاوا لەو وڵاتە يەكى دەگرتەوە، كە بريتى بوو لە پاڵپشتى لۆجستى و مەشقى سەربازى جۆراوجۆرى پێشكەوتوو، هەروەها دروستكردنى چەند سەربازگەيەك بۆ مەشقى سەربازى هێزەكانى تاڵيبان لە شارەكانى ئێران.
ئەو پەيوەندييە بەردەوام بوو، تا ئەحمەدى نەژاد پۆستى سەرۆكايەتیى ئێرانى جێهێشت، تەنيا يەك ئامانج مايەوە، دواى ئەوە لە (٢٠١٥) ئێران هاوكارييەكانى لەگەڵ تاڵيبان كەمكردەوە، بەو ئامانجەى هاوسۆزى لايەنى ئەمريكى بەدەستبهێنێت، كە گەيشتبوونە رێككەوتنێكى سەرەتايى لە بوارى وزەى ئەتۆمى.
ئێران شيعەكانى ئەفغانستانى لە جەنگى سووريا بەكارهێنا بۆ رێگريكردن لە هەژموونى رووسيا لەو وڵاتە
لەدواى (٢٠١٥) تاران پەيوەندييەكانى لەگەڵ بزووتنەوە شيعەكان لە ئەفغانستان بەهێزكرد، ئەوەش لەپێناو ناردنى زۆرترين جەنگاوەرى ئەفغانى بۆ ئەوەى بەشدارى لە شەڕى سووريا بكەن، كە مەبەستى ئێران رووبەڕووبوونەوەى هەژموونى رووسيا بوو لەو وڵاتە، ئەمەیش لەدواى دەستوەردانى راستەوخۆى رووسيا لە سووريا و زیادکردنى هەژموونى خۆى بەسەر ئەو وڵاتەوە.
هەردوولا لە (٢٠٠٥) براگماتى خۆيان دەرخست بۆ داخستنى لاپەڕەى ناكۆكييە جۆراوجۆرەكان و دروستكردنى پەيوەندى نوێ لەنێوانيان، لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندييە هاوبەشەكانيان.
خاڵە هاوبەشەكانى نێوانيان
يەكەم: دژايەتيكردنى هەژموونى رۆژئاوا بەهەموو جۆرەكانى، رێبەرى باڵاى ئێران پاڵنەرى سەرەكى ئەو خاڵەيە، بەرپرسانى ئێرانى پەيوەندييان لەگەڵ چەندين سەركردەى خاوەن هەژموونى تاڵيبان هەبوو، بەو بەرپرسانەشى كە لە لوتكەى دەسەڵاتى ئەو بزووتنەوە بوون، ئەو پەيوەندييە لەپێناو سەرقاڵكردنى توانا سەربازييەكانى رۆژئاوا بوو لە ئەفغانستان و رێگريكردن لە باڵادەستى سياسى ئەو وڵاتە لە چوارچێوەى ئەو ئەفغانستان، بەتايبەت هەبوونى هێزەكانى ئەمريكا لە سنوورەكانى ئێران لەگەڵ ئەفغانستان، هۆكارێكى سەرەكى بوو بەلاى ئێرانەوە بۆ ئەوەى پەيوەندییەکانى لەگەڵ تاڵيبان بەهێز بکات.
لە (١٩٧٩) دەسەڵاتى تازە لە ئێران هاتە سەر حكوم، ململانێى توندى لەگەڵ ئەمريكا هەبوو، بۆيە كارى لەپێشينەى سوپاى پاسدارانى ئێرانى رووبەڕووبوونەوەى بەرژەوەندييەكانى رۆژئاوا بوو لەسەر خاكى ئەفغانستان.
دووەم: دژايەتیکردنى هەژموونى داعش، ئێران پاساوى لێكنزيكى لەگەڵ تاڵيبان بە دژايەتيكردنى داعش دەهێنايەوە، بۆ ئەوەى سنوورێك بۆ هەژموونى داعش دانێت، كە ئێران داعش بە هەڕەشەیەکى گەورە دەزانێت لەسەر ئاسايشى ئێران.
ئێران بۆچوونى وايە بەرژەوەندى هاوبەشى لەگەڵ تاڵيبان هەيە بۆ رووبەڕووبوونەوەى داعش، لەم رووەوە ئێران توانى لەژێر پەردەى دژايەتى داعش هاوكارى پێويست بە تاڵيبان بدات بۆ رووبەڕووبوونەوەى داعش، بەوەش تاڵيبان تا ئەندازەيەكى زۆر توانى داعش لەناوچەكانى رۆژهەڵاتى ئەفغانستان شكست پێبهێنێت.
سێيەم: دواى ساڵانێكى درێژ لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنى سەقامگيرى لە ئەفغانستان، كە لە جەنگى يەكێتى سۆڤييەت و سەرەتاى داگيركردنى لەلايەن يەكێتى سۆڤيەت، سەقامگيرى لەو وڵاتە بەرقەرار نەبوو، دواتريش، كە ئەمريكا تاڵيبانى رووخاند، ململانێى ناوخۆيى لەسەر دەسەڵات لەلايەن هەموو لايەنەكانى ئەفغانستان دەستى پێكردەوە، لەكاتێكدا ئێران پێى وايە ئاشتى و سەقامگيرى لە ئەفغانستان هەلێكە بۆ رێكخستنەوەى هەندێك لەو دۆسيانە، لەوانە دۆسيەى ململانێى سەرچاوە ئاوييەكان لەگەڵ ئەفغانستان.
ناكۆكييەكانى نێوان ئێران و ئەفغانستان لەسەر مافى بەكارهێنانى ئاو، هۆكارێكى بەردەوامى ناكۆكيەكانى نێوان ئەو دوو وڵاتەيە، كە مێژووەكەى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى نۆزدە، زۆربەى ململانێكانى نێوانيان لەسەر رووبارى هەڵمەندە، لە (١٩٧٣) ئێران و ئەفغانستان رێككەوتنێكيان واژۆكرد، ئەو رێككەوتنە چۆنيەتى بەكارهێنانى ئاوى ئەو رووبارەى بۆ هەردوو وڵات دياريكردووە، بەڵام بەهۆى ناكۆكييەكانى ناوخۆى ئەفغانستان، رێككەوتنەكە بەتەواوى جێبەجێ نەكراوە.
لەگەڵ ئەوەش ئێران هەوڵى دەدا، رێگرى بكات، يا سنوورێك دانێت بۆ هاتنى مادەهۆشبەرەكان بۆ ناوخاكى ئێران، كە لە جيهان ئەفغانستان بەگەورەترين ناوچەى وەبەرهێنانى ترياك دادەندرێت، سەرچاوەى سەرەكى كێشەى مادەى هۆشبەرە، كە دێتە ناو ئێران، حكومەتى ئێران پێويسداويستى تەواوى لەبەردەست نييە، بۆ رێگريكردن لە هاتنى ماددەهۆشبەرەكان بۆ ناوخاكى وڵاتەكەى، هەرچەندە لەو بارەيەوە هەندێك هەوڵى هەيە، کە سەقامگيرى ناوخۆيى هاوكارى ئێران دەكات بۆ دانانى سنوورێك لەبەردەم رەوانەكردنى ماددەهۆشبەرەكان لەرێگەى سنوورەكانى لەگەڵ ئەفغانستان.
هەروەها ئێران هيواخوازە چارەسەرى قەيرانى ئاوارەكانى ئەفغانستان بكات لەسەر خاكى وڵاتەكەى، كە لەكۆتايى حەفتاكانى سەدەى رابردوو لەكاتى شۆڕشى ئەفغانى و جەنگى سۆڤيەت لە ئەفغانستان دەستيپێكردووە.
چوارەم: خۆپارێزى تاڵيبان لە دەستدرێژى كردنە سەر كەمينە شيعە و فارسەكانى ئەفغانستان، كە ئەوە سەرچاوەى پەيوەندييەكى سەرەكى هەردوولايە، تاڵيبان لە ديدارى ئەو دواييەى لەگەڵ ئێران جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، نيازييان نييە هيچ شيعەيەك لە بزووتنەوە شيعەكان رووبەڕووى دەستدرێژيكردن ببێتەوە، ئەوەش دەبێتە رێككەوتنى مەزهەبى لە ئەفغانستان.
خاڵە ناكۆكيەكانى نێوانيان
يەكەم: دوژمندارى ئايدۆلۆژى مەزهەبى، تاڵيبان پێى وايە ئێران بەئاشكرا دەست لەكاروبارى ناوخۆى ئەفغانستان وەردەدات، لەچوارچێوەى پەيوەندى لەگەڵ شيعە و ئەفغانييە بەڕەچەڵەك فارسەكان، تاڵيبانيش بزووتنەوەيەكى توونڕەوى ئەفغانين، ئەوە بۆتە دروستكردنى ناكۆكييەكى توند لە نێوانيان.
دووەم: ئێران شيعەكانى ئەفغانستان دەقۆزێتەوە جەنگى دەرەوەى سنوورەكانى خۆى پێدەكات، ئێران سودى لە ئاوارە ئەفغانييەكان وەرگرت بۆ دروستكردنى ميليشياى مەزهەبى، كە لە جەنگى سووريا بەكارى دەهێنان.
لە (٢٠١٢) فەيلەقى فاتميەكان سەرەڕمى ئێرانى بوون لە جەنگى سووريا، بە پاساوى پاراستنى مەزارگەكانى شيعە چوونە ئەو وڵاتە، ريشەى فەيلەقى فاتمييە ئەفغانييەكان دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاى جەنگى عێراق ــ ئێران لە (١٩٨٠)، ئەوكاتە سوپاى پاسدارانى ئێرانى سەدان جەنگاوەرى ئەفغانى لە ريزەكانى خۆى وەرگرت، بوونى ئەو مليۆنان ئاوارە ئەفغانيەى لە وڵاتەكەى قۆستەوە كە لە ئەنجامى جەنگى سۆڤيەت لە ئەفغانستان لە كانوونى يەكەمى ١٩٧٩ روويان لە ئێران كردبوو.
هەندێك لێكۆڵەر جەنگاوەرانى شيعەى ئەفغانى بۆ سێ بەش دابەش دەكەن، بەشى يەكەم، ئاوارە شيعەكانى هەزار، لەكاتى جەنگى ئەفغانستان روويان لە سووريا كرد، لە نزيك سەيدە زەينەب لە ديمەشق نيشتەجێ بوون، ژمارەيان دەگەيشتە دوو هەزار كەس، بەشى دووەم ئێران نانووسى كردن، ئەوانە زۆرينەبوون، بەشى سێيەم لە ئەفغانستانەوە هاتن، شيعەكانى نيشتەجێى سەيدە زەينەب رێنماييان دەكردن، ئەوانە لە پێش هەموويانەوە لەگەڵ هێزەكانى دەسەڵاتى سووريا بەشدارى جەنگيان كرد دژ بە گرووپە هەڵگەڕاوەکانى سووريا.
سێيەم: ئێران خۆى ئامادە دەكات بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشاییە ئەمنیانەى کە لە دواى رۆيشتنى هێزەكانى ئەمريكا لە ئەفغانستان دروست دەبێت، ئێران ترسى ئەوەى هەيە تاڵبيان تاكە جێگرەوە بێت بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشاييە، ئەوەش پاڵى بە ئێرانەوە نايە پێشنياز بۆ حكومەتى كابول بكات جەنگاوەرانى فەيلەقى فاتمى كە لەسووريان، بۆ پارێزگاريكردن لە كابول رەوانەى ئەفغانستانيان بكات، تاڵيبان ئەوە بە هەڕەشەيەكى مەترسيدار دەزانێت لەسەر هەژموونى يەكپارچەيى مەزهەبى لە وڵاتەكەيان، هەروەها پێشیوايە ئەوە پاشەكشەى ئێرانە لە بنەماكانى رێككەوتنى نێوانيان.
چوارەم: تاڵيبان دەيەوێت پەيوەندى لەگەڵ وڵاتان دروستبكات، بۆ شكاندنى ئەو گەمارۆيەى لەلايەن واشنتن و هاوپەيمانەكانى خراوەتەسەرى، لەرێگەى بەدەستهێنانى دانپێدانانى وڵاتانى ناوچەكە كۆتايى بەگۆشەگيرى سياسى بهێنێت، بۆ ئەوەى بوونى خۆى وەك هێزێكى سياسى و سەربازى ميانڕەو بسەلمێنێت، بۆيە تاڵيبان هەوڵى زيادكردنى ژمارەى ئەو وڵاتانە دەدات، كە دانيان بەتاڵيبان داناوە، وەك دەوحە و ئيسلام ئاباد، بەڵام ئێران هەوڵدەدات، تاڵيبان كارتى بەهێز بەدەست نەهێنێت.
پێنجەم، ئێران ترسى هەيە تاڵيبان داواى هاوكارى لە مۆسكۆ و رێكخراوى شەنگەهاى بكات، بە ئامانجى بەدەستهێنانى چەك و پێداويستى سەربازى، ئەوەش دەبێتە هۆى بەهێزبوونى لايەنى سەربازى و لۆجستى، هەروەها تاڵيبان دەيەوێت لەژێر باڵى پاكستان دەرچێت، ئەمەیش لە پێناو بەدەستهێنانى بەرژەوەندييەكانى خۆى، بەهەمان شێوە تاڵيبان پێويستى بە هاوكارى سەربازى و خواردەمەنى و دارايى هەيە، بۆ ئەو جەنگەى ئەفغانستان، دابينكردنى ئەو پێداويستيانەش لە رێگەى دروستكردنى پەيوەندى لەگەڵ وڵاتان و رێكخراوە ناوچەيى و نێودەوڵەتييەكان دەكرێت.
پوختەى بابەت
تاڵيبان و تاران ئەوەندەى بتوانن، سوورن لەسەر بنياتنانى پەيوەنديەیكى بەرژەوەندخوازانەى دوولايەنە، هەرچەندە ناكۆكى گەورەشيان لە نێوان هەبێت، ئێران دژى ئەوەيە تاڵيبان بە تەنيا حكومى ئەفغانستان بكات، بەڵام ئەگەر تێكەڵ بە حكومى فرەيى بێت، تاڵيبان بۆ ماوەيەكى درێژ نابێتە سەرچاوەى دڵەڕاوكێ بۆ ئێران.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment