له‌م وه‌رزه‌یش په‌رله‌مان نه‌یتوانى بودجه‌ى ئه‌مساڵ په‌سه‌ند بكات کوردستان- عێراق

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

هەرچەندە بڕیار بوو لەم وەرزه‌ی یاسادانانى په‌رله‌مان تاوتوێی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بکرێت، بەڵام بێ گەیشتنی بودجەکە پەرلەمان پشووی راگەیاند و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت "هەرکاتێك بوودجە گەیشت پشووەکە هەڵدەوەشێتەوە" .

ئەمڕۆ شه‌ممه‌ ٣١ى تەمووز رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا تەواوبوونی وه‌رزى بەهارەی یاسادانانی راگەیاند. ئەمە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرا لەم وەرزەدا  پڕۆژه‌ یاساى بودجەی هەرێـمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ تاوتوێ بکرێت، پێشتر لیژنەی دارایی پەرلەمان رایگەیاندبوو چاوه‌ڕوان ده‌كرا لە ١٥ شوباتى رابردوو بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
باڵانبۆ محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت گوتی، "ئەگەر  بودجە بێتە پەرلەمانەوە ئەو کاتە دەتوانرێت ئەو پشووە هەڵوەشێندرێتەوە، چونکە تا ئێستا بودجەی هەرێمی کوردستان نەگەیشتۆتە پەرلەمان، بابەتی بودجە بابەتێکی گرنگە دەبێ هەموو خوێندنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتانە بکرێت لەبەر ئەوەی سەرجەم سێکتەرەکانی حوکمڕانی دەگرێتەوە، کە حکومەت هەموو پلانەکانی خۆی دانا سەبارەت بە بودجەوە ئەو کاتە ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت، پەرلەمانیش تەنیا هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان دەکات لەو برەی کە دیاری کراوە نەك دەسەڵاتی کەمکردن و زۆرکردنى هه‌بێت"

بڕیاربوو لە ١٥ شوباتی بودجە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ ئەمەش ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "بەهۆی ئەو قەیرانانەی کە پێشتر دووچاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی بووه‌تەوە، هەم بابەتی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەم رێکنەکەوتنی حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەمانە هەمووی کاریگەری لەسەر دوا کەوتنی بودجەوە هەیە"
له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌یشى باڵانبۆ محه‌مه‌د باسى له‌وه‌ كرد كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكرێت، چونكه‌ هه‌موو بابه‌ته‌كان روون بووه‌تەوە، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى، "ئێستا خۆمان دەزانین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی وەرگرتووە کە نەوت بفرۆشێت،  پێویستیشە لەسەر داهاتی ناوخۆ داهاتی خاڵە سنوورییەکان لەسەر داهاتی نەوت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەڕێژی خۆی بکات بۆ ئەوەی جێگیری بکات و بینێرێتە پەرلەمانی کوردستانەوە". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین