مسرور بارزانى: ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایی حكومەتی عێراقە، قەرەبووی کەسوکاری زیانلێکەوتووانی ئەنفال بکاتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ بۆنەى یادى (38) ساڵەى جینۆسایدکردنى بارزانییەکان، لە پەیامێکدا دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیش، ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، كەچی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە."

ئەمڕۆ شەممە (31)ى تەممووزى (2021)، مەسرور بارزانى لە پەیامێکدا ڕاگەیاند، " لەم یادەدا، پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون، دووپات دەكەینەوە و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناكەین."

 

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان:

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی یەکێک لە دڕندانەترین و گەورەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە 38 ساڵ پێش ئێستا، لە كردەوەیەكی نەژادپەرستانەدا، هەزاران  مرۆڤی بێتاوانی بارزانی، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بوون، ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و كۆمەڵكوژی کردن.

جینۆسایدکردنی بارزانیەکان، بووە دەستپێكی چەند تاوانێکی دیکەی لەنێوبردن و وێرانكردنی كوردستان، كە لە ساڵانی دواتردا، ڕژێمی بەعس لە چەند قۆناغێكدا، دەستی بە شاڵاوەکانی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان کرد، بەمەش پڕۆسەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵكی كوردستان و وێرانکردن و سووتماککردنی کوردستان، گەیشتە ئەوپەڕی ستەمکاریی و دڕندەیی.

ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیش، ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، كەچی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە. کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایی حكومەتی عێراقە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی هەمووی ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون .

لەم یادەدا، پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون، دووپات دەكەینەوە و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناكەین.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ  قوربانیانی شاڵاوی جینۆسایدی بارزانیەکان و سەرجەم شەهیدانی گەلی کوردستان دادەنوێنین.

 یاد و یادەوەرییان هەمیشە زیندوو بێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

31ی تەمموزی 2021

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین