خه‌میس خه‌نجه‌ر هۆشداریى له‌باره‌ى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر ده‌دات کوردستانی

نوچه‌نێت

خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى عه‌زمى عێراقى، له‌ په‌یامێكدا هۆشداريى له‌باره‌ى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر ده‌دات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كانى عێراق یه‌كڕیز بن بۆ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیرى كوردستان.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ هه‌شتى ته‌مووز خه‌میس خه‌نجه‌ر كه‌ سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى عه‌زمه‌ "هاوپه‌یمانییه‌كى سوننه‌یه‌" له‌ توتێكدا باس له‌ هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر ده‌كات و هۆشداریى له‌به‌رده‌وامبوونیان ده‌دات.

خه‌میس خه‌نجه‌ر له‌ تویته‌كه‌ى ده‌ڵێ، "دووباره‌بوونه‌وه‌ى به‌ئامانجگرتنى هه‌ولێر په‌یامێكى ترسناكه‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كێتى و سه‌روه‌رى عێراق ده‌كات، پێویسته‌ یه‌كڕیز بین بۆ ئاسایش و سه‌قامگیرى هه‌ولێر، له‌دژى هه‌ر هه‌وڵێكى گوماناوی بین، كه‌ ئاژاوه‌یه‌ك ده‌نێته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كێتیمان ده‌كات".

له‌كۆتایى تویته‌كه‌ى ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى سوننه‌ ده‌ڵێ، "گه‌لى ئێمه‌ پێویستى به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارى و كاره‌بایه‌، نه‌وه‌ك مووشه‌ك و ته‌قینه‌وه‌، سڵاو له‌ هه‌ولێرى برایه‌تى و میواندۆست".

ئێواره‌ى شه‌وى سێشه‌ممه‌ى رابردوو به‌ درۆن هێرش كرایه‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر، به‌ڵام لێدوانه‌ فه‌رمییه‌كان دووپاتیان كرده‌وه‌، هیچ زیانێكى گیانى وماددى نه‌بووه‌. پێشتریش چه‌ندان جار به‌ درۆن و مووشه‌ك هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ولێر.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین