میلیشیاكان: له‌مه‌ودوا ته‌نیا به‌ درۆن هێرش ده‌كه‌ین کوردستانی

نوچه‌نێت

میلیشیاكانى شیعه‌ دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌مه‌ودوا ته‌نیا به‌ درۆن هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر بنكه‌ و به‌رژوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا. له‌و كاته‌یشدا كه‌ به‌رپرسى هه‌واڵگرى سوپاى پاسداران به‌سه‌ردانێكى رانه‌گه‌یێندراو له‌ عێراقه‌، ئه‌وا به‌ درۆنێك هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر، به‌ڵام هیچ زیانێكى نابێت.

به‌رپرسانى میلیشیاكانى شیعه‌ له‌ عێراق، له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانیان به‌رده‌وامن و دوایین جار ئه‌مڕۆ لێدوانی ئه‌بوئالا وه‌لائى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێ، "له‌مه‌ودوا ته‌نیا به‌ درۆن هێرش ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر بنكه‌كانى ئه‌مریكا".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حه‌وتى ته‌مووز رۆژنامه‌ى"عه‌ره‌ب" پوخته‌ى دیمانه‌یه‌كى ئه‌بوئالا وه‌لائى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ سه‌رۆكى میلیشیاكانى سه‌ید شوهه‌دایه‌، ئه‌و دیمانه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسى ئاسۆشیتد پرێس كراوه‌.

ئه‌بوئالا وه‌لائى ده‌ڵێ، "ئه‌مجاره‌ ئۆپراسیۆنه‌كان زۆر تایبه‌ت ده‌بن و جه‌نگێكى كراوه‌ ده‌بێت و ته‌نیا به‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان ئه‌نجام ده‌درێن".

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب له‌و راپۆرته‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى به‌رپرسانى میلیشیاكان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حوسێن تائیب سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى سوپاى پاسدارانى ئێران له‌ عێراقه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حكومه‌ت و هێز و حزبه‌كانى شیعه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌.

عه‌ره‌ب باس له‌وه‌یش ده‌كات هه‌ڕه‌شه‌كانى میلیشیاكان به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مریكایش هێرشه‌كانى خۆى ده‌كات و گوێى به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانیان نادات. باس له‌وه‌یش ده‌كات كه‌ ته‌نیا رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو ئه‌مریكا سێ درۆنى له‌به‌غدا خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌.

چاودێرانى سیاسى به‌دوورى نازانن هه‌ڵكشانى گرژییه‌كانى ئه‌م دوو رۆژه‌ په‌یوه‌ندى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى حوسێن تائیبه‌وه‌ هه‌بێت، چونكه‌ وه‌ك ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى باسى كردووه‌، تائیب رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو به‌سه‌ردانێكى رانه‌گه‌یێندراو و نهێنى سه‌ردانى به‌غداى كردووه‌ و تا دوێنێش له‌وێ ماوه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عێراق كۆبووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ عێراقییه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى تائیب ئه‌و هێرشه‌ بووه‌ كه‌ له‌ 28ى مانگى رابردوو له‌لایه‌ن ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنوورى عێراق و سووریا كراوه‌ته‌ سه‌ر میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران.

دواجار شه‌وى رابردوو كاتژمێر 11:30 به‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان هێرش كرایه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و به‌ڵام به‌گوێره‌ى زانیارییه‌ فه‌رمییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆرى هه‌رێمى كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هیچ زیانێكى مادى و گیانى له‌هێرشه‌كه‌ نه‌بووه‌.

ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز لێدوانێكى كورتى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكاى له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى هه‌ولێر بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "ئاگادارى هێرشه‌كه‌ین كه‌ هیچ زیانێكى نه‌بووه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین