ئێران: ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی بکرێت کابینەی رەئیسی پابەندی دەبێت ئێران

نوچه‌نێت

سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێرای جەختکردنەوە لەوەی کە هێشتا چەندین بابەتی سەرەکی بێ چارەسەر ماونەتەوە، رایگەیاند، تاران هیچ رێكکەوتنێك وەک خاڵی کۆتایی گفتوگۆکان دیاری ناکات و گفتوگۆکان تا گەیشتن بە رێککەوتنێکی گونجاو بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ سێشەممە شەشی تەمووزی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "ئەلعەرەبیە" بڵاوى کردەوە، خەتیب زادە، لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە هەڵوێستی هەندی لە بەرپرسانی رۆژئاوا دەربارەی پێویستی چاوەڕوانکردن تا هاتنە سەر دەسەڵاتی کابینەی نوێ لە ئێران بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان، رایگەیاند: "هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی بە گۆڕانی کابینە ناگۆڕدرێت و ئەگەر رێککەوتن بکرێت، کابینەی رەئیسیش پابەندی دەبێت". 
دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەم دواییانەی ئێران کە بووە هۆی سەرکەوتنی ئیبراهیم رەئیسی، کاندیدی باڵی توندڕه‌و لە ئێراندا، جۆزێف بورل، نوێنەری ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەوەدا، گوتبووی "هیوادارین ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کاریگەری نەکاتە سەر گفتوگۆکانی ڤیێنا". 
گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژەدان بەو بابەتانەی لە گفتوگۆکاندا باسیان لەسەر دەکرێ، گوتی: "هێشتا چەندین بابەتی سەرەکی ماونەتەوە کە زۆربەیان پێویستییان بە بڕیاری لایەنەکانی تر و بە تایبەت ئەمریکایە". 
خەتیب زادە، باسی لە درێژەدان بە گفتوگۆکان تا گەیشتن بە رێککەوتن کرد و رایگەیاند: "شاندی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات گفتوگۆکان خێراتر بگەنە ئەنجام، سەرەڕای ئەوە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن هیچ کاتێک دیاری ناکەین و تا گەیشتن بە رێککەوتنێکی خوازراوی ئێران، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن". 
گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا کە لە سەرەتاکانی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، بە مەبەستی گەڕانەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی دەستیان پێکرد و تا ئێستا شەش خولیان بەڕێوەچوون، ماوەی دوو هەفتەیە و دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران، سڕ کراون و پێدەچێت وڵاتانی رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا، چاوەڕوانی هاتنە سەر دەسەڵاتی کابینەی نوێ لە ئێرانن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین