بێكه‌س قادر: كاك نێچیرڤان بارزانى به‌ ئێمه‌ى گوت نامانه‌وێ به‌ ده‌ستوور ته‌حه‌داى هیچ لایه‌نێك بكه‌ین کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

بێكه‌س قادر ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان له‌ لێدوانێكى تایبه‌تى نوچه‌نێت باسى له‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كرد و گوتى، "نێچیرڤان بارزانى به‌ ئێمه‌ى گووت ده‌ستوورمان بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ته‌حه‌داى هیچ لایه‌نێكى پێ بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ ده‌ستوورێكمان هه‌بێـت جێى ره‌زامه‌ندى هه‌موو لایه‌ك بێت".

بێكه‌س قادر: پاڵپشتى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29ى حوزه‌یران نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ درێژه‌ى هه‌وڵه‌كانى خۆى بۆ نزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، سه‌ردانى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان و  دوو حزبى ترى كرد. بێكه‌س قادر ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له‌ دیداره‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى و حزبی زه‌حمه‌تكێشان كرد و گوتى، "سەردانی کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسیەکان، لەنێویشیاندا ئەمڕۆ سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کرد، بایەخی ئەو سەردانه‌یان لەوە دایە کە جەنابیان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی باشە لە بەرنامەیان دایە سەرۆکایەتی هەرێم وەکو چەترێکی کۆکەرەوە، کار لەسەر کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکانە سیاسیەکان بکات لە چوارچێوەی کارنامەیەک، کارنامەیەکی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو کێشانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە".

بێكه‌س قادر ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى زه‌حمه‌تكێشان


بێكه‌س قادر هه‌وڵه‌كانى نێچیرڤان بارزانى به‌ گرنگ ده‌زانێ و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان پشتگیرى ئه‌م هه‌وڵانه‌ ده‌كه‌ن، بێكه‌س قادر گوتى، "ئێمە لە لایەن خۆمانەوە پشتیوانیمان لە هەوڵەکانی جەنابی سەرۆك کرد، پێمان راگەیاند کە پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکەین چونکە پێمانوایە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان پێویستی بە کۆدەنگی سیاسی و یەكدەنگی هەیە. ئەمەش ئەرکێکی هاوبەشە لەنێوان هەموو لایەکمان، ئەم قۆناغە دژوارە و تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە لە ئێستادا لەپێش هەموو شتە کە بتوانین یەكریزیمان هەبێت کۆتایی بەو پەرشوبڵاويیە بێنین کە ئێستا لەنێوان سیاسیەکان هەیە".

وه‌ك ئه‌و ئه‌ندامه‌ى حزبى زه‌حمه‌تكێشان باسى ده‌كات، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ دیداره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ به‌ڵێن عه‌بدوڵا سكرتێرى زه‌حمه‌تكێشان و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌، باسى له‌ چه‌ند بابه‌تێك كردووه‌. بێكه‌س قادر گوتى، "سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان باسی لە مەترسییەکان و کێشەکان كرد، له‌وانه‌ تا ئێستا مافەکانی ئێمە لە بەغدا جێبەجێ نەکراوە، باسی لە پێویستی یەکخستنی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەو کێشانەی کە دێنە پێشەوە، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و رووداوەکانی بەغدا".

سه‌باره‌ت به‌ پرسى ده‌ستوور بێكه‌س قادر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ دووپاتى ئه‌وه‌ى كردووه‌ته‌وه‌، ده‌ستوور بۆ مه‌رامى سیاسى و ململانێ به‌كارناهێنن، به‌ڵكو ده‌بێت ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان به‌دڵى هه‌موو لایه‌نه‌كان بێت، بێكه‌س قادر گوتى، "سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گووتى ئێمە دەستوورمان بۆ ئەوە نییە تەحه‌دای هیچ لایەنەکی پێی بکەین به‌ ناوخۆ و دەرەکییه‌وه‌، مەبەستمان لە هێنانه‌باسی دەستوور و گفتوگۆکردن لەسەر دەستوور بۆ ئەوەیە بتوانین میکانیزمێکی هاوبەش بدۆزینەوە دەستوورێك بۆ هەموو لایەک جێگای رەزامەندی بێت نەک دەستوورەکە و هەنگاونانی دەستوورەکە بکەینە خاڵی ناکۆکی و لێکترازان". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین