ئیسرائیل تێبینی لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە ئێران

نوچەنێت:

یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ئەنتوبی بلینکن، هاوتا ئەمریکیەکەی خۆی لە رۆما، گوتی وڵاتەکەی "تێبینی جددی" سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە. هاوکات بەڵێنی دا ئەو هەوڵانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا هاتوونەتە ئاراوە، دووپات نەبنەوە.

رۆژی یەکشەممە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن" بڵاوی کردەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی: "ئیسرائیل سەبارەت بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤێننا تێبینی جددی هەیە، لەو بڕوایەدام ناکۆکییەکانمان لە ڕێگای گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و تەکنیکییەوە چارەسەر دەبن، نەک لە رێگای کۆنفڕانسی رۆژنامەوانییەوە". 

دیداری وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کاتێکدا ئەنجام درا کە گفتوگۆکانی ڤێننا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ی نێوان ئێران و وڵاتانی گەورەی جیهان، لە ئارادان، ئیسرائیلیش هێشتا بە توندی دژایەتی ئەو گفتوگۆیانە دەکات. 

لاپید جەختی کردەوە هیچ پەیوەندییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل گرنگتر نییە و هیچ دۆستێکی وەفادارتر لە ئیسرائیل بۆ ئەمریکا پەیدا نابێت. سەرەڕای ئەوە لە ساڵانی رابردوودا هەندێ هەڵە کراون، ئێمە هەوڵ دەدەین ئەوانە دووپات نەبنەوە. 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکایش وێرای ئاماژەدان بە ئەزموونی رابردووی پەیوەندییە قووڵەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب گوتی، وەرزێکی نوێی پەیوەندییەکانیان دەستی پێکردووە. 

بلینکن گوتیشی، پەیوەندییەکانی ئێمە لەسەر بنەمای بەها و بایەخ و بەرژوەندییە هاوبەشەکان دانراون. 

بەرنامەی مووشەکی و چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکە کە پاڵپشتی لە گرووپە میلیشیاکان دەکات، لەوانە حزبوڵای لوبنان و حەماس، نموونەی ئەو نیگەرانیانەن کە بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام ئاماژەیان پێکردوون. 

سەرەڕای ئەوە بەرپرسانی کۆماری ئێسلامیی بەردەوام رایانگەیاندووە سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی گفتوگۆ ناکەن. 

بلینکن و لاپید، جگە لە پرسی ئێران دەربارەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب و بە تایبەت رێککەوتنی ئیبراهیم، پشتیوانی ئەمریکا لەو رێککەوتنە، بارودۆخی قودس و ناردنی یارمەتی مرۆڤدۆستانە بۆ غەزە گفتوگۆیان کرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین