دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی: ئەگەر گەمارۆکان هەڵوەشێنەوە ئابوورى ئێران زۆر گەشە دەکات ئێران

نوچەنێت:

دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی کە بنکەی سەرەکی لە پاریس پایتەختی فەرەنسایە، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لە ئەگەری رێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، یەدەکی دراوی بیانی ئەو وڵاتە تا ساڵی ٢٠٢٣ دوو هێندە زیاد دەکات و ئابووریى ئێرانیش بە شێوەی مام ناوەندی گەشە دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "رادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی، ئەگەر گەمارۆکان هەڵبوەشێنەوە ئێران تا دوو ساڵی تر دەستی بە ١٤٠ ملیار دۆلار دەگات. هەروەها ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو بێتەوە، رێژەی گەشەی ئابووری ئەمساڵ ٣.٥٪ و بۆ ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٣ نزیکەی ٤٪ دەبێت. 

دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی هەروەها دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی بە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان رێژەی گەشەی ئابووری بەرز دەبێتەوە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت رێژەی بێکاری لەو وڵاتەدا لەو رێژەیەی ئێستا (٢٠٪) کەمتر بێتەوە. 

هۆکاری سەرەکی گەشەی ئابووری ئێران دوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان، دەگەڕێتەوە بۆ هەناردەکردنی رێژەیەکی بەرچاوی نەوتی ئەو وڵاتەیە، ئەوەش بە مانای گەشانەوەی سێکتەرەکانی تر، بە تایبەت سێکتەری خزمەتگوزارییەکان کە نیوەی هێزی کاری ئێران لەو بەشەدا کار دەکەن نییە. 

ئێران پێش سزاکانی ئەمریکا رۆژانە ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد بەڵام ساڵی رابردوو ئەو رێژەیە دابەزی بۆ ٣٢٠ هەزار بەرمیل و لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٦٥٠ هەزار بەرمیل بووە. 

کۆی بەهای نەوتی خاوی هەناردەی ئێران پێش گەمارۆکان، ساڵانە ٦٠ ملیار دۆلار بووە و زیاتر لە ١٠٪ی ئابووری ئەو وڵاتەی پێک هێناوە. 

ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە لەدرێژەدا دەڵێت، ئەگەر سزاکان هەڵنەوەشێنەوە، رێژەی گەشەی ئابووری ئێران ئەمساڵ نزیکەی ١.٨٪ دەبێت. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین