ڤیان سلێمان: سەرۆک بارزانی پاڵپشت و پشتیوانە بۆ بەرزکردنەوەی بەشداری پێکردنی ئافرەت لە سەرکردایەتی پارتیدا
نوچە: ئافرەتان
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، باس لە بەشداری پێکردنی زیاتری ئافرەتان دەکات لەناو دامودەزگاکانی پارتیدا لە دوای کۆنگرەی پارتی، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیک ئەم کۆنگرەیە ئەنجام بدرێت، ئاشکرای دەکات کە پێشنیاریان کردوە رێژەی ژنان لە سەدا ٢٥٪ کەمتر نەبێ و سەرۆک بارزانی بۆ بەشداری زیاتری ئافرەت پاڵپشتی لە ئافرەتان دەکات.
د. ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ نوچەنێت، سەبارەت بە کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان و رێژەی ژنان لە ناو دامودەزگاکان و سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند "پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێش هەموو حزبەکانی ترەوە هەمیشە و تا ئێستا پێشەنگ بووە لە پێدانی پلەی گونجاو و بەشدارییەکی کارای ئافرەتان لە بواری سیاسەتدا، یەکەم پارتە رەنگە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لە ناو کوردستانی عێراقیشدا کە لەساڵی ١٩٥٩ یەکەمین ئافرەت تێیدا بووبێتە ئەندامی سەرکردایەتی، کە خانمی کۆچکردوو ناهیدەی شێخ سەلام بوو. هەروەها پارتی پێشەنگە لە دامەزراندنی رێکخراوێکی تایبەت بۆ ئافرەتان کە لە چوار چێوەی ئەم حزبەدا کار بکەن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ئافرەتان و زەمینەی یەکسانی لەگەڵ پیاودا بڕەخسێنن".
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە "یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، وەکو قوتابخانەیەک وایە بۆ پێگەیاندنی کادری سیاسی ئافرەت، کە توانای فکری باشیان هەبێت لە سیاسەت کردن و لەهەمانکاتدا لە بواری پراکتیکیشدا لێوەشاوە بن، تا ئەو ئافرەتانە بتوانن لە ناو ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، رۆڵی کارای خۆیان وەکو کادری سیاسی ئافرەت بگێڕن. هەروەها بۆ مەسەلەی یەکسانی جێندەری لە ناوخۆی ئۆرگانەکانی پارتیدا خزمەت بکەن و هەوڵ و توانای خۆیان بەدەر بخەن".
سەبارەت بە رێژەی بەشداری ئافرەتان لە سەرئاستی سەرکردایەتی و دامودەزگاکانی پارتی، سکرتێری یەکێتی ئافرەتان گوتی "لە رێگەی دامودەزگاکانی تایبەت بە خۆمان و لە رێگەی دەستەی رێکخراوە جەماوەرییەکان ئەم پێشنیارانە بۆ پارتی و بۆ مەکتەبی سیاسی بەرزکراوەتەوە، کە رێژەی بەشداری ئافرەت لە تەواوی دامودەزگاکاندا لە ٢٥٪ کەمتر نەبێ، هەرچەندە ئێمە چاومان لەوەیە کە لە سەدا ٣٠٪ کەمتر نەبێ و پێشنیارەکانیشمان ئەوە بووە، ئەو رێژەیەی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە وەک لە سەدا ٣٠٪ دەستنیشان کراوە لە ناو دامودەزگاکانی پارتیشدا بە هەمان شێوە بێت، لە مەکتەبی سیاسییەوە، لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی تا دەگاتەوە ئۆرگانەکانی خواروی تر ئەو رێژەیە پەسند بکرێ و کاری بۆ بکرێت، بێگومان هەوڵی زیاتریش دەدەین، دڵنیاین کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەو روانگەیەوە هاوکارمانن و سەکردایەتی پارتی جەنابی سەرۆک، پاڵپشت و پشتیوانە بۆ بەشداری رێژەیەکی هاوسەنگانەی ئافرەت لە تەواوی دامودەزگاکانی پارتیدا، چونکە ئەمە یەکێکە لە بنەماکانی رێبازی بارزان".
سکرتێری یەکێتی ئافرەتان، باس لەوەش دەکات کە "رێکخراوی یەکێتی ئافرەتان لە ناو کۆمەڵگەشدا کار دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی هوشیاری و هانی ئافرەتان دەدات، چونکە زەمینە سازی بۆ شیاندنی ئافرەتان، یەکێکە لە ئامانجەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە هانیان دەدات و خولی تایبەت دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن متمانە بە خۆبوونێکی باشتر و بە پەروەردەیەکی سیاسیانەی باشتر، لە ناوەندەکانی بڕیارداندا بەشداری بکەن و بێنەوە ناو کایەی سیاسەت".
جگە لە بەرزکردنەوەی رێژەی ژمارەی ئافرەت لە سەرکردایەتی پارتی دا، ڤیان سلێمان راگەیاند کە "رێژە بەلای ئێمەوە گرنگە کە لە رێگەی رێژەوە هاوسەنگییەک لە نێوان بەشداری ئافرەتان و پیاواندا هەبێ، بەڵام گرنگتر لە رێژە خودی بەرنامە سیاسیەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە چۆن تەماشای ئافرەت دەکات و چ بەرنامەی بۆ رۆڵی ئافرەت لەناو کۆمەڵگای کوردستانیدا هەیە، ئەوە زۆر بەلای ئێمەوە گرنگە، چونکە ئەگەر رێژەی ئافرەتیش زۆر بێ، بەڵام ئەگەر لە بەرنامەکەدا خاڵی زۆر گرنگ نەبێ سەبارەت بە ئافرەت، کەواتە بوونی ئەو ئافرەتانەش هیچ دەستکەوتێکی وای لێ شین نابێتەوە؛ بۆیە ئەوەی کە گرنگە ئەو خاڵانەی کە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ناو پارتی ئاماژەی پێ دەدرێت.
بێگومان لەوەشدا کۆمەڵێک خاڵی زۆر گرنگ هەیە، ئێمە کۆمەڵێک پێشنیارمان بەرز کردۆتەوە، لەوانەیە لە داهاتووشدا کۆمەڵێک پێشنیاری دیکەش بەرز بکەینەوە. بۆ ئەوەی کە لە چوار چێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامە سیاسییەکەی دا گرنگییەکی تەواو بدرێت بە ئافرەت و ببێتە هۆی شیاندنی باشتری ئافرەت و زەمینە سازیکردن بۆ ئەوەی باشتر بتوانێ لە تەواوی بوارەکاندا رۆڵی خۆی ببینێت، بەرنامە سیاسییەکەی پارتی، سەبارەت بە ئافرەت دەبێ لە هەموو روویەکەوە گشتگیر بێ، هەموو لایەنەکان لە خۆی بگرێت، لە رووی بەشداری چالاکانەی ئافرەت لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا، ئینجا سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، ئەوانە هەمووی. هەروەها زەمینە سازیکردن بۆ ئەوەی کە ئافرەت بتوانێ دەستی بگات بە هەموو ئەو دەرفەتانەی کە لەناو کۆمەڵگادا هەن بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا لە ناو ئۆرگانەکانی سەر بە حکومەت رۆڵی خۆی ببینێت".
لە رێگەی هەوڵەکانی پارتی بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی ئافرەتان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتان دڵنیایی ئەوەیدا، کە "لە رووی یاساییەوە کۆمەڵێ هەنگاوی زۆر باش دەنێن بۆ پاراستنی ئافرەت و باشترکردنی بژێوی ژیانیان، تا بتوانن زیاتر لە بواری تواناسازی لە بواری گەشەپێدانی بەردەوام لە کۆمەڵگەی کوردستانی رۆڵ ببینن. هەموو ئەوانەش دەبێ لە بەرنامەی سیاسی پارتیدا بە روونی ئاماژەیی پێکرا بێت و تەواوی دەرفەتەکان و ئاستەنگەکان و چارەسەری بۆ ئاستەنگەکان بخرێنەڕوو".
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment