ئەردۆغان لەگەڵ ڕکابەرەکانى کۆ دەبێتەوە شیکاری

نوچەنێت:

رەجەب تەيب ئەردۆغانى سەرۆك كۆمارى توركيا لە پەراوێزى لووتكەى ناتۆ لە برۆكسلى پايتەختى بەلجيكا لەگەڵ هەر يەك لە جۆ بايدن سەرۆكى ئەمريكا، ئيمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكى فەڕەنسا،  كيرياكۆس ميتسۆتاكيسى سەرۆك وەزيرانى يۆنان كۆبۆوە، لەو كۆبوونەوانەدا ناكۆكى توركيا و ئەو وڵاتانە گفتوگۆيان لەسەركرا، هەموو لايەنەكان ناكۆکى خۆيان خستە بەردەم يەكترى، هەروەها رێككەوتن بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان لە پێناو چارەسەرى ناكۆكييەكانى نێوانيان. 

 

كۆبوونەوەى جۆ بايدن و ئەردۆغان 

ڕۆژى دووشەممە (١٤)ى حوزەيرانى (٢٠٢١) ماڵپەڕى كەناڵى (حوڕە)ى ئەمريكى بڵاوى كردەوە، دواى كۆبوونەوەى لەگەڵ رەجەب تەيب ئەردۆغانى سەرۆك كۆمارى توركيا، جۆ بايدنى سەرۆكى ئەمريكا لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى گوتى، "ديدارم لەگەڵ سەرۆكى توركيا ئەرێنى و زۆر بەرهەمدار بوو"، دەربارەى پەيوەندييەكانيشیان رايگەياند، "پەيوەندييەكانى نێوان ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا و توركيا لە ماوەيەكى زۆر نزيك بەرەو پێش دەچن".

هەروەها ماڵپەڕى (مۆنيتۆر) بڵاويكردەوە، بايدن داواكارييە دووبارەكەى توركياى بۆ هەڵوەشاندنەوەى هاوبەشى پنتاگۆن لەگەڵ هێزەكانى سوورياى ديموكرات (هەسەدە) لە باكوورى ڕۆژهەڵاتى سووريا رەتكردۆتەوە، لەبەشێكى ترى ئەو راپۆرتە هاتووە، "چەكدارانى هەسەدە وەك پارتى كرێكاران نين".

لە لايەكى ترەوە ماڵپەڕى(ئەنادۆڵ)ى توركى ناوەڕۆكى كۆنگرە رۆژنامەوانييەكەى رەجەب تەيب ئەردۆغانى بڵاوكردوە، كە تێيدا باسى لەوە كردووە، "گفتوگۆكانمان لەگەڵ جۆ بايدن ڕاشكاوانە و زۆر بەرهەمدار بوو بۆ بەرەوپێشچوونى پەيوەندييەكانى ئەمريكا و توركيا، لەكاتى گەڕانەوەى بانگهێشتى توركيام كردووە، بايدن جەختى لەسەر ئەوە كردەوە کە سەردانى توركيا دەكات". 

سەبارەت بە بنياتنانەوەى پەيوەندى نێوانيان ئەردۆغان گوتى، "ئەوە يەكەم ديدارى رووبەڕوو بوو لەگەڵ بايدن لەدواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆكايەتیى ئەمريكا، تازە نييە من بايدن دەناسم، بەڵكو ئێمە دەمێكە يەكتر دەناسين".

ئەردۆغان باسى لەوەشکردووە، "هيچ پرسێكى ئاڵۆز لە نێوان توركيا و ئەمريكا نييە، تا چارەسەر نەكرێت، بوارى هاوكارييەكانى ئەو دوو وڵاتە زۆر فراوانترە لە ناكۆكيەكانى نێوانمان".

سەبارەت بە پرسى مووشەكى (ئێس٤٠٠)ى رووسى ئەردۆغان دەڵێت، "لە كۆبوونەوەم لەگەڵ بايدن لەسەر پرسى (ئێيس٤٠٠)ى و فڕۆكەى شەڕكەرى (ئێف٣٥)ى ئەمريكى جەختم لەسەر هەڵوێستى نەگۆڕى توركيا كردەوە".

هەروەها روونمكردەوە، "بێبەشكردنى واشنتن لە سيستەمى پاتريۆت، پاڵى بە ئەنقەرەوە نا سيستەمى (ئێس٤٠٠)ى رووسى بكڕێت". دەربارەى چارەسەكردنى ئەو پرسەش ئاماژەى بەوە كرد، "وەزيرى بەرگرى و وەزيرى دەرەوەى توركيا لەگەڵ هاوتا ئەمريكيەكانيان گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەكەن".

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانييەكە گوتى،" ديدى توركيام بۆ پرسى پاكستان و مەجەر روونكردەوە" هەروەها گفتوگۆمان لەسەر دەستبەركردنى ئاسايشى فڕۆكەخانەى كابۆڵ كرد،كە ئامانج ئەوەيە گەلى ئەفغانى بەتەنيا جێنەهێلدرێت، پێويستە هاوكارى بكرێن".

لەبەشێكى ترى قسەكانیدا سەرۆک کۆمارى تورکیا گوتى، "ئەستەمە توركيا بوونى تاڵیبان لە ئەفغانستان پشتگوێ بخات". 

سەبارەت بەپرسى پەيەدە، ئەردۆغان دەڵێت، "لە وتارەكەى كۆبوونەوەى لووتكەى ناتۆ و كۆبوونەوە دوولايەنەكان بەڕوونى ئاماژەم بەوەكرد، کە پێويستە ئەمريكا كۆتايى بە هاوكارييەكانى پەيەدەى سەر بە پەكەكە بهێنێت".

بەگوێرەى راپۆرتەكەى (مۆنيتۆر) ئەردۆغان بە رۆژنامەنووسانى گوتووە، "بەداخەوە لە ميانەى كۆبوونەوەم لەگەڵ بايدن، بۆم دەركەوت ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا سوورە لەسەر جياكردنەوەى پەيەدە لەگەڵ پەكەكە".

دەربارەى بە جينۆسایدناساندنى كوشتارى ئەرمەنەكان لەلايەن جۆ بايدنەوە، ئەردۆغان گوتى، "لەگەڵ بايدن باسى ئەو بابەتەمان نەكردووە".

هەروەها بۆ پرسى ئابووريش ئەردۆغان گوتى، "لەگەڵ بايدن گفتوگۆمان لە بوارى پيشەسازى بەرگريكرد، لەسەر ئەوە رێككەوتين ئەو بابەتە وەزيرانى دەرەوە گفتوگۆى لەسەر بكەن و هەنگاوى پێويستى بۆ بنێن"، بۆ ئەوەش "ئامانجمان گەيشتنە بە بڕى (١٠٠) مليار دۆلار بۆ ئاڵۆگۆڕى بارزگانى نێوانمان، كە تا ئێستا گەيشتۆتە (٢٣) مليار و (٢٢) مليۆن دۆلار، هەردوولاش رێككەوتين ئاڵوگۆڕى بارزگانى دوولايەنە زياد بكەين".

لە كۆتايى قسەكانى ئەردۆغان ئاماژەى بەوەكرد، "بڕيارە لە داهاتوو بۆ بەشداريكردن لە كۆبوونەوەى كۆمەڵەى گشتى نەتەوە يەكگرتووەكان سەردانى ئەمريكا بكات، لەوێش (ماڵى رۆشنبيرى توركى) دەكەمەوە".

 

ديدارى ئەردۆغان و ماكرۆن

يەكێك لە ديدارە چاوەڕوانكراوەكانى سەركردەكانى هاوپەيمانى ناتۆ، ديدارى نێوان رەجەب تەيب ئەردۆغان و ئيمانوێڵ ماكڕۆن بوو، رۆژى (١٤)ى حوزەيران ئەو دوو سەركردە ناكۆكە كۆبوونەوەيەكى داخراويان ئەنجامدا.

ماڵپەڕى (ئارتى) بڵاويكردەوە، ئيمانوێل ماكرۆن لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى رايگەياندووە، "ئەو ديدارەى نێوانمان بەبێ هيچ پاوساوهێنانەوەيەك بۆ لێدوانە دژبەيەكەكانى رابردوو بەڕێوەچوو، هەردوولا ويستمان هەيە بۆ دەستپێكردنى كارى هاوبەش، ئەوەش خۆشحاڵى كردم. لە چوارچێوەى گفتوگۆكانمان جەختمان لەسەر بەگەڕخستنى هەوڵەكەمان كردەوە لە چوارچێوەى ئامانجى گشتيمان بۆ دەستەبەركردنى كارى هاوبەش".

هەروەها ماكڕۆن ڕاشيگەياند، "دەكرێت لە دۆسيەى ليبيا و سووريا هاوكارى يەكترى بكەين".

سەبارەت بە دۆسەى ليبيا، ماكرۆن گوتى، "لەگەڵ ئەردۆغان رێككەوتين بۆ كشانەوەى چەكدارانى بيانى لە ليبيا".

 لە كۆتايى قسەكانى ماكرۆن گوتى، "ئێمە ئاسوودەين بە ئەنجامدانى ئەو كارە، دەكرێت پێكەوە كارى كشانەوەى چەكدارە بيانييەكان لە ليبيا بكەين، بەردەواميش دەبين بۆ كاركردن لەسەر ئەو پرسە". 

بە وتەى لاى ئەردۆغان، سەرۆكى فەڕەنسا لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتى، "وەك دۆستێك پێت دەڵێم من دژى ئيسلام نيم".

هەروەها ماكرۆن ئەوەش پێى راگەياندم، "ئەو لێدوانانەى بەناوى منەوە بڵاوكرايەوە بەشێوەيەكى هەڵە گوازرايتەوە، بەڵکو ئەو لێدوانانە دروستكراوى ئۆپۆزسيۆنە سياسيەكانى ماكرۆنە".

سەبارەت بە هەماهەنگى توركيا و  فەرەنسا لە سووريا و ليبيا ئەردۆغان گوتى، "ئەوكارە بۆ توركيا جێگەى خۆشحاڵييە، بە ماكرۆنم گوت: دەكرێت ديدارەكانمان تايبەت بەو دۆسيە بەردەوام بێت".

 

ديدارى ئەردۆغان و كيرياكۆس ميتسۆتاكيس

ماڵپەڕى (ئارتى) بڵاويكردەوە، بەرپرسێكى حكوومەتى يۆنانى، كە نەيويستووە ناوى ئاشكرا بكرێت رايگەياندووە، "كۆبوونەوەى كيرياكۆس ميتسۆتاكيس سەرۆك وەزيرانى يۆنان و رەجەب تەيب ئەردۆغان لەكەشێكى ئارام بەرێوەچووە و گەيشتوونەتە لێكتێگەيشتنى دوولايەنە بەرانبەر ئاڵۆزييەكانى (٢٠٢٠)، كە پێويست ناكات ئەو ئاڵۆزيانە لە (٢٠٢١) دووبارە ببنەوە".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو بەرپرسە گوتى، "يۆنان دەيەوێت هەنگاو بە هەنگاو پەيوەندييەكانى لەگەڵ توركيا باشتر بكات، هەرچەندە تا ئێستاش ناكۆكيیە سەرەكييەكانى هەردوولا بەردەوامن، يەكێك لەو ناكۆكيانەى نێوانمان پرسى دياريكردنى سنوورە ئاوييەكانى رۆژهەڵاتى دەرياى ناوەراستە".

سەبارەت بەماوەى گفتوگۆكانى نێوانيان، نزيكەى كاتژمێرێكى خاياندووە و لە كەشێكى ئارام توانيان ئەو بەستەڵەكى نێوانيان تێكبشكێنن.

لاى خۆشيەوە رەجەب تەيب ئەردۆغان لە كۆنگرە رۆژنامەوانيەكەى رايگەياند، "كۆبوونەم لەگەڵ سەرۆك وزيرانى يۆنان كۆبوونەوەيەكى باشبوو، رێككەوتين لەسەر ئەوەى کە گفتوگۆكانمان لە كاتى پێويست لە رێگەى كەناڵە تايبەتيەكانمان بەردەوام بێت، پێويست بەوە ناكات لايەنى سێيەم بێتە نێوانمان".

لە كۆتايى قسەكانى روونیشكردەوە، "هەردوولا گەيشتينە رێككەوتن بۆ گرتنەبەرى هەنگاوى هاوبەش بۆ پاڵپشتى ئەجێندا ئەرێنييەكانى نێوان توركيا و يۆنان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین