ئێران داواى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هه‌موو گه‌مارۆكان ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

لە کاتێکدا بڕیارە شەشەمین خولی گفتوگۆکانی ئێران و کۆمیسیۆنی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی و گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە ڤیێنا، دەست پێ بکەنەوە، عەباس عەراقچی سەرۆکی شاندی دیپلۆماتکارانی ئێران، داوای هەڵوەشانەوەی هەموو گەمارۆکان دەکات.

ئەمڕۆ شەممە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە فارسی" بڵاوی کردەوە، عەباس عەراقچی لە ئەکاونتی تایبەت بە خۆی لە تویتەر نووسی، "ترەمپ رۆیشتووە، بەڵام گەمارۆ نایاسایی و تاوانکارییەکانی هێشتا ماونەتەوە. کاتێ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی رەنج و نەهامەتی بەسەر ٨٢ ملیۆن هاووڵاتی ئێرانیدا درێژەی هەیە، پێویست ناکات فرمێسکی درۆیینە بڕێژن. تیرۆریزمی ئابووری، ئەویش لە سەروبەندی پەتای کۆرۆنادا، تاوان لە دژی مرۆڤایەتی بە هەژمار دێت".

بەکارهێنانی دەستەواژەی "فرمێسکی درۆیینە" لە لایەن عەراقچییەوە، گوایە وەڵامێکە بۆ لێدوانەکەی ڕۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، کە رۆژی هەینی، وێرای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە مردنی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی ئێرانی بە ناوی "ساسان نیک نەفەس" لە زیندانی شاری تاران، داوای کرد ئێران "رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین" بگرێت".

هاوکات سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەک کاردانەوەیەک لە بەرانبەر سڕینەوەی ناوی سێ کەسایەتی ئێرانی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا، رایگەیاند ئەوە بەس نییە. سەعید زادە ئەمڕۆ (شەممە) لە ئەکاوەنتی تایبەت بە خۆی لە تویتەر نووسی: "دەرهێنانی چەند ناوی هەڵبژێردراو لە لیستی گەمارۆکان، نە پەیوەندی بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانەوە هەیە و نە نیشانەی نیەت پاکی ئەمریکایە".

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئێوارەی پێنجشەممە ١٠ی حوزەیران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، گەمارۆکانی سەر سێ بەرپرسی پێشووی ئێران و لەوانە ئەحمەد قەلعەبانی، بەرپرسی پێشووی کۆمپانیای نەوتی ئێران، فەرزاد بازرگان، بەرپرسی کۆمپانیای ئینترترید هۆنگ کۆنگ و محەمەد موعینی، یەکێک لە بەرپرسانی کۆمپانیای بازرگانی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوە، هەروەها کۆمپانیای چارمینگ و کۆمپانیای بەڕێوەبەری کەشتی ئاکسینگ شانگهای لە لیستی گەمارۆکان دەرهێنراون.

هاوکات لەگەڵ ئەو رووداوانە، پێت تومی، سیناتۆری کۆماریخوازی ویلایه‌تى پنسیلڤانیا و ئەندامی باڵای لیژنەی کاروباری بانکیی ئەنجومەنی پیران، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ جانێت یه‌لین، وەزیری گه‌نجینه‌ى ئەو وڵاتە، کە کۆپییەکی بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەیش نێردراوە، رەخنەی توندی لە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر بەرپرسان و کۆمپانیاکانی ئێران گرتووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پیتر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا، ئێوارەی رۆژی هەینی بە بڵاوکردنەوەی بیانییەیێک رایگەیاند، خولی نوێی گفتوگۆکانی ڤیێنا لە رۆژی شەممەوە (ئەمڕۆ ١٢ی حوزەیران) بە سەرپه‌رشتی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و بە بەشداری نوێنەرانی ئێران، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا و بەریتانیا دەست پێدەکەنەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین