بۆچى ئێران هه‌وڵى تیرۆرکردنی کەسایەتییە کاریگەرەکانی عێراق ده‌دات؟ وەرگێڕان

بەدیع یونس و: نوچەنێت

گرووپە چەکدارەکان جارێکی تر، ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگریی عێراقیان بە ناوی "نبراس ئەبوعەلی" لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا کردە ئامانج کە پلەی عەقید بوو. ئەبوعەلی دووەمین ئەندامی دەزگای هەواڵگریی عێراقە کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا تیرۆر دەکرێت. هەڵبەت پێش ئەویش، لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، ئەفسەرێکی تر، کە ئەویش پلەی عەقید بوو، دوای پەلامارێکی چەکدارانە لە ناوچەی مەنسووری بەغدا کوژرا.

دوای ئاگاداربوونەوە لەو تیرۆرە، من لەگەڵ سەرچاوە ئاگادارەکان و سەرچاوەکانی نزیک لە دەزگای هەواڵگریی پەیوەندیم گرت و تێگەیشتم ئەو کەسە، یاریدەدەری بەشی چاودێری دەزگای هەواڵگریی عێراق بووە و بەرپرسیاریەتی دۆسیەی میلیشیا عێراقییەکانی (سەر بە کۆماری ئیسلامیی) و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەی لە ئەستۆ بووە. ئەبوعەلی بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی و لە ناوبردنی شانە نووستوەکان لە چەند وڵاتێکی ناوچە، لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی چەند وڵاتێکی ناوچەی کەنداو و وڵاتانی تری عەرەب لە پەیوەندیدا بووە. 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم هێرشە نوێیە بۆ سەر ئەندامێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق و بەشی چاودێرییەکەی، بەهۆی دۆزینەوەی شانە نووستووە ئێرانییەکان لە عێراق و چەند وڵاتێکی تری عەرەب بووە و هەر ئەوەش بیانوویەکی باشە بۆ ڕزگاربوون لە شەڕی بەرپرسانی بە دەسەڵات لە دەزگای هەواڵگریی عێراق بە مەبەستی زیانگەیاندن و لاوازکردنی ئەو ڕێکخراوە لە هەموو ئەو چالاکیانەیدا کە لەگەڵ بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ناتەبان. ئەوە لە کاتێکدایە کە ماوەیەک پێشتر، میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لیستێک لە ناوی ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگریی، چالاکان و ڕۆژنامەنووسانیان بڵاو کردەوە. بەڵاوکردنەوەی ئەو لیستە لە عێراق، وەک پەیامێکی هەڕەشە خوێندنەوەی بۆ کرا. 
لە ڕاستیدا تیرۆر لە عێراقدا بنىر نابێت، چالاکان زۆر کات دەخرێنە ژێر چاودێری و پەلامار دەدرێن. بە تایبەت کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕاپەڕینی مانگی ئوکتوبەر، هەر بەو جۆرەی میلیشیاکان هیشام ئەلهاشمی، شارەزای ناسراوی عێراقیان تیرۆر کرد. من پەیوەندی تاکەکەسی و پیشەییم لەگەڵ هیشام هەبوو. لە شەوێکی مانگی تەمووزی ٢٠٢٠، لە کاتێکدا کە هیشام خۆی بۆ دیمانەیەک لە کەناڵی تەلەڤزیونی "حەدەس" ئامادە دەکرد و بڕیار بوو من لە بەرنامەیەکی تایبەتدا میوانداری بکەم، دەستی تاوان تیرۆری کرد. هیشام ئەلهاشـی دوو کاتژمێر پێش پەردەلادان لە لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی میلیشیاکان کرایە ئامانج، ئێمە دەمانویست بە شێوەی هاوکاریی، ئەو لێکۆڵینەوە لە میدیاکاندا بڵاو بکەینەوە. بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوە کە هیشام ئەلهاشمی لەو کاتەدا ئەنجامی دابوو، ٧٠ هەزار میلیشیای سەر بە حەشدی شەعبی بە ڕژێمی ئێران وەفادارن. 
بەم چەشنە، دەکرێ بڵێین عێراق لە ئێستادا ڕووبەڕووی دوو پلان و بژاردەیە. هەڵبژاردن لە نێوان حکومەت یان ده‌ستە و تاقمەکاندا و لە نێوان عێراقی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی و پرۆژەی پەلهاوێشتنی ڕژێمی ئێران. هەڵبەت بەغدا تاقە پایتەختێکی عەرەبییە کە تا ئێستا بە تەواوەتی نەکەوتووەتە باوەشی ئێران. بەپێچەوانەی سێ پایتەختی تری عەرەب کە تاران چەند ساڵە شانازی بەوەوە دەکات کە کۆنتڕۆڵیان دەکات و لە ساڵی ٢٠١٥دا، عەلی ئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاری ڕابەری کۆماری ئیسلامیی بە ئاشکرا ڕایگەیاند ئێران چوار پایتەختی عەرەب کۆنتڕۆڵ دەکات. 
گومانێک لەوەدا نییە کە ڕژێمی تاران ئەو ڕاستییە کە ئێستا لە عێراقدا هەیە قبووڵ ناکات. بۆیە هەوڵ دەدات بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی لە عێراق، لە هەموو کەرەسە و ئامرازێک کەڵک وەربگرێت، بە تایبەت کە عێراق بە چەندین هۆکاری جیاواز بۆ ئێران گرنگی تایبەتی هەیە. یەکەم ئەوەی کە لە دەستدانی عێراق بۆ ڕژێمی تاران کە سنووری هاوبەشیان هەیە، هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە. بۆیە ئێران نایەوێت لەو سنوورەوە گەمارۆ بدرێت و دۆخێک لە عێراقدا قەبووڵ بکات کە هیچ دەسەڵاتێکی تیایدا نەبێت. جگە لەوە، تاران ئاگادارە کە بە لە دەستدانی عێراق، ئەو ڕێگا زەوینییە کە لە بەغدا، دیمەشق و بەیرووتەوە پەیوەندی دەدات بە کەنارەکانی دەریای سپی، لە دەست دەدات. بۆیە لە دەستدانی عێراق لە ڕووی جوگرافییەوە یان "سەرنەکەوتن تیایدا" دەتوانێ گورزی توند لە پرۆژەی پەلوپۆهاوێشتنی ڕژێمی ئێران و بەرزەفڕییەکانی ئەو وڵاتە بۆ گەیشتن بە کەنارەکانی دەریای سپی بدات. 
لە ڕاستیدا ئەوەی ڕژێمی ئێران لە عێراقدا ڕووبەڕووی بووەتەوە و جیاوازە لەوەی لە سێ پایتەختی تردا (دیمەشق، بەیروت و سەنعا) لە ئارادایە، ڕاپەڕینی گەلی عێراق ناسراو بە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەرە، کە خۆپیشاندەرانی شیعەی عێراق ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "ئێران بۆ دەرەوە"یان گوتەوە. 
لە لوبنان دۆخێکی جیاواز لە ئارادا بوو و حزبوڵا توانی "ڕاپەڕینی ئوکتوبەر"ی لوبنانییەکان تووشی شکست بکات و بیکات بە خۆپیشاندانێک کە هەمووان تیایدا بەشدار نەبن، چونکە لەو وڵاتەدا هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە شیعەکان لایەنگری حزبوڵان. خەڵکی لوبنان لێکەوتە تاڵەکانی شەڕی ناوخۆیان لەبیر نەکردبوو و بۆیە میلیشیاکانی سەر بە ئێران توانییان خۆپیشاندەران تۆمەتبار بکەن بەوەی کە پەیوەندییان بە دەرەوە و بە باڵوێزخانە بیانییەکان هەیە و لە ڕێگای ترس و خیانەتەوە، ڕێگرییان لە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان کرد. 
هەڵبەت بارودۆخ و هەلومەرجی عێراق لەگەڵ وڵاتانی تر کە ئێران تیایاندا نفوزی هەیە، زۆر جیاوازە. بە ئاشكرا، دەتوانین بڵێین شیعەکانی ناوچە، دژوارترین دۆخیان لە ژێر سێبەری سیستەمی خومەینی و خامنەیی ئەزموون کردووە. ڕژێمی ئێران قورسترین گورزی لە بنەما و بنچینەی حکومەت لە هەر یەک لەو پایتەختانە داوە کە تاران بە شانازییەوە باسی کۆنتڕۆڵکردنیان دەکات و بۆیە، هاووڵاتیان و دەستە و گرووپەکانی ئەو وڵاتانە تێکڕا کەوتنە ناو قەیران. بە تایبەت کە ڕژێمی تاران هەندێ جار خۆی پەرە بە گەندەڵی دەدات و هەندێ جاریش بە هاودەستی هاوپەیمانەکانی، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی فیتنە و گەندەڵی. 
بۆیە دەتوانین بڵێین هەوڵی کۆماری ئیسلامی و کردەوەکانی لە عێراق، بە هۆی هەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقە. واتە ئەو کەسایەتییە کە چەندین پلانی ورد و دیاریکراوی گرتووەتە بەر کە ئامانجەکەیان گەڕانەوەی عێراق بۆ باوەشی جیهانی عەرەب، گەڕاندنەوەی متمانە بۆ حکومەت، سنووردارکردنی چەکەکان لە دەستی هێزەکانی ئاسایشی عێراق و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی گرووپە میلیشیاکانە، ئەوەش وای کردووە میلیشیاکان بە ئاشکرا هەڕەشە لە کازمی وبکەن. گمانێک نییە هەموو پلان و بەرنامەکانی مستەفا کازمی لەگەڵ بەرژوەندیی و ستراتیژییەکانی ئێران ناتەبان. بۆیە، ئەوە میلیشاکانی سەر بە ئێرانن کە کەسایەتییە کاریگەرەکانی عێراق دەکوژن.

 


سەرچاوە: ئیندپێندێنت 
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین